کێ براوەی ئەم جەنگەیە؟



زەردەشت محمد – نووسەر

کەلێن و ناکۆکیەکانی نێوماڵی کورد ئەوەندە قوڵ و فراوانە، نەیارەکانی هەرچۆنێک و هەرکاتێکیان بوێت، دەتوانن بەئاسانترین شێوە چیرۆکێک یاخود ڕوداوێک بخوڵقێنن بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە هێزە کوردیەکان بەیەکدا بدەن.

ڕاستە ئەم لێکترازانە بناغەیەکی مێژووی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ڕەنگە هیچ کات و هیچ وەختێک لە مێژوودا نەبینیەوە هێندەی ئەم کاتەی ئێستا کورد، ماڵێکی شپرز و لێکترازاوی هەبوبێت، ئێستا دۆخەکە وای لێهاتووە هەموو هەفتە و سەری مانگێک دەبێت بەلایەنی کەمەوە بەیاننامەیەک ببینین، کە هێزێک یاخود  بنەماڵە و گروپێکی کوردی دژی هێز و گروپێکی دیکەی کوردی دەریدەکات.

هەرچەندە بەیاننامە و لێدوان و ڕونکردنەوەکان  سودێکی ئەوتۆیان نییە و ناتوانن زۆرینەی کۆمەڵگا فریوبدەن، چونکە زۆرینەی شەقامی کوردی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی هۆشیاریەی، کە بە ئاسانی بتوانن خوێندنەوەی بۆ  ڕاستی پشت ڕووداوەکان بکەن، کە ئەمە قۆناغێکی گرنگە لەو قۆناغانەی کە زۆرینەی تاکی کورد پێیگەیشتووە.

بەڵام ئەوەی ماوەتەوە ئەو بێئاگایی و تێنەگەیشتنەی هێزە کوردییەکانە کە نازانن ئەم ناکۆکیانە بەر لە هەموو کەسێک، زیانی گەورە بەخۆیان دەگەیەنێت، چونکە لە هیچ کاتێکدا نەبووە سەرکردایەتی کورد ئەوەندەی ئێستا لە ڕەفاهێت و خۆشگوزەرانیدا ژیابێت، بۆیە تێکچوونی ئەو بارودۆخە  ئەگەر جارێک مایەی زیان بێت بۆ خەڵکێکی ساددە و ئاسایی ئەوا دەتوانین بڵێین، دەیان جار  زیانەکەی گەورەتر و کارەساتبار ترە بۆ خودی هێزەکان، لە کاتێکدا ئەوەی لە ململانێ و کێشمەکێشدایە هەر خودی خۆیانن.

لێرەوە دەکرێت بڵێین، زیان چ بۆ هاووڵاتی و چ بۆ سەرانی هێزە سیاسیەکان هەر زیانە و لە هەردوو بارەکەدا ئێمە هەر دۆڕاوین، بەڵام ئەوەی براوەی ئەم ناکۆکی و لێکترازانەیە نەیارەکانمانن، ئەوانەن کە چەندین ساڵە خەون بە نەمانی ئێمەوە دەبینن، ئەوانەن کە بەناوی پاراستنی سنورەوە سەروەری خاکی ئێمە پێشێلدەکەن ئەو هێزانەن کە پێشێلی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن، ئەو هێز و لایەنە دەرەکییانەن کە بناغەی دروستبونی دەوڵەتەکانی خۆیان لەسەر گیان و خاکی ئێمە بنیاتناوە.

ئەوەتا دەوڵەتێکی وەک تورکیا بە بەرچاوی هەموو دونیاوە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەزاندووە، بەزاندی ئەمجارەی سنوورەکانی کوردستان جیاوازترە و مەترسیدارترە بەراورد بە جارەکانی پێشوو، ئەمجارەیان تورکیا بڕیاری مانەوەیداوە و خەڵکە سڤیلەکەی ئەو ناوچانەی ناچارکردووە کە کۆچبکەن، ئەم کۆچە هەروا پرسێکی ئاسایی نییە، لە دورمەودادا زیانەکانی زیاتر دەردەکەون، چونکە هەمو ئەو خێزانانەی کە ناچار بە کۆچکردن کراون خەڵکی ناوچە گوندنشینەکان، کە هەموومان دەزانین گوندەکان بڕبڕەی پشتی ئابووری شارەکانن، شارەکان بەبێ بوونی گوندەکان وەک جەستەیەکی بێ گیان وەهان.

ئەمە نەک بە تەنها لە بواری ئابوورییەوە پەیوەندییەکی توند لە نێوان شار و گوندەکاندا هەیە، بەڵکو لە دواجاردا کۆچی گوندنشینان و ناچاربوونیان بۆ نیشتەجێبوون لە شارەکاندا دەیان گرفتی مەترسیداری دیکە بەدوای خۆیاندا دێنن، لەوانە گرفتی نیشتەجێ بوون و زیادبونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان و گرفتی بێکاری و هتد…

بۆیە ڕێگەچارە بۆ دەربازبون لەم دۆڕانە کە خەریکە بەرۆکی هەمومان دەگرێت، دروستکردنی کۆدەنگییە، کۆدەنگییەک لە ناوخۆ و دەرەوە، دەبێت بەجۆرێک بێینە دەنگ ئەو هێز و گرووپە نێوخۆیانەش کە بەرژەوەندیان هەیە لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکاندا بەجۆرێک سنوورێکیان بۆ دابنرێت کە جارێکی دیکە نەتوانن بمانخەنە بەردەم چارەنوسێکی ئاوا.

دوای ١٢ ساڵ خوێندن…
پێت دوای ١٢ ساڵ خوێندن…
لە یەک مانگدا ١٦٠ کەس بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە
دوات لە یەک مانگدا ١٦٠ کەس بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە
پەیوەندیدار