مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سووننەکان کۆبوویەوە



لە درێژەی سەردانەکەی بۆ شاری بەغدا ڕۆژی پێنجشەممە 4ی تەممووزی 2024، مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییە سووننەکان لە ماڵی خەمیس خەنجەر لە شاری بەغدا کۆبوویەوە، و لایەنە سووننەکان سەردانەکەیان بە گرنگ و مێژوویی لە قەڵەمدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا لایەنە سیاسییە سووننەکان داوایان لە مەسعود بارزانی کردووە یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسیی عێراق بێت بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بگەنە چارەسەر بۆ کێشە و داخوازییەکانیان و جەختیان لەوە کردەوە کە بوونی مەسعود بارزانی لە بەغدا پشت و پەنایە بۆ پێکهاتەی سووننە و پێکهاتەکانی تری عێراق و هێز دەداتە پڕۆسەی سیاسی.

لە بەشێکی تری ئەو دانیشتنەدا مەسعود بارزانی وێڕای ئاماژەدان بۆ هۆکارەکانی سەردانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند کەشێکی ئەرێنی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتۆتە ئارا کە لەسەر بنەمای دەستوور و بەپێی ڕێککەوتنەکان بەسەر کۆسپ و ناتەبایی و کێشەکاندا زاڵ ببین.

پەیوەست بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بابەتە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە و پێویستە بڕیاری دەستەجەمعی و نیشتیمانی لەوبارەیە هەبێت کە خزمەتی بەرژەوەندیی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بکات.

لەبارەی پرسی دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بەرژەوەندیی گشتی و داهاتوو و چارەنووس لەسەرووی دەستکەوت و بەرژەوەندیی تاکەکەسی و حزبیە و داوای کرد کە لایەنە سووننەکان یارمەتیدەری یەکتر بن و ئەو پرسە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.

بنکەی وەرگرتنی گەنم لە کۆیە کرایەوە
پێشت بنکەی وەرگرتنی گەنم لە کۆیە کرایەوە
ڕۆژێک پشوو ڕاگەیەنرا
دواتر ڕۆژێک پشوو ڕاگەیەنرا
ەیوەندیدار