بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاری ئاژەڵدارانی سەخت کردووە



بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێم بەتایبەتی شارەزوور کاری ئاژەڵدارانی سەخت کردووە.

سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی باران بارین لەمساڵدا لە ناوچەکە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر بوو کە لەوەڕکاگانی بە پیتر و سەوزتر کرد، بەڵام بەرزی پلەکانی گەرما کێشەی بۆ ئاژەڵداران دروست کردووە.

ئاژەڵداران دڵخۆشن بە زیادبوونی بەرەکەتی لەوەڕگاکان، بەڵام بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە ناتوانن وەک پێویست سوودیان لێوەرگرن.

گەرمای تاقەت پڕوکێنی ناوچەکە ئاژەڵدارانی ناچار کردووە تا کاتەکانی دوای نیوەڕۆ ئاژەڵەکانیان دەرنەکەن بۆ لەوەڕگاکان، ئاژەڵداران ترسیان هەیە بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما ئاژەڵەکانیان لەدەست بدەن، لەبەرئەوەی ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنیان ئەنجامی دەدەن.

دابان هادی محەمەد فەرەج، ٣٢ ساڵ کە یەکێکە لە ئاژەڵدارانی ناوچەکەیە، وەک خۆی باسی دەکات لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە سەرقاڵی کاری ئاژەڵدارییە، لەو ڕێگەیەوە بژێوی خێزانەکەی پەیدا دەکات.

دابان باسی لە گەرمای ئەمساڵ کرد و ڕایگەیاند، کەشوهەوا زۆر زۆر گەرمە، ماشاللە گەرماکەی لە عەقڵدا نییە، بەتایبەتی ئەم کەنار بەحرانە کە تیشکی خۆرەکە لێیدەدات و دەگەڕێتەوە، پلەی گەرماکەی ئەوەندەی دیکە بەرزکردووەتەوە، ناوچە بەرزەکان کەمێک باشترە، یەک دوو پلە جیاوازی هەیە و نزمترە. ئێستا ئەوەندە گەرمە هەموو ئاژەڵەکان دەمیان داچەقاندووە.

هەرچەندە بەهۆی گەرماوە کاتژمێر ٢:٣٠ی پاشنیوەڕۆ ئاژەڵەکانمان دەرکرد بۆ لەوەڕگا، ئەوە ئێستا کاتژمێر ٠٥:٠٠ هێشتا کەشوهەوا فێنکی نەکردووە و هەر گەرمە، گەرمای ئەمساڵ زۆر بەرزە و ئەگەر هەر وابێت هەرچی ئاژەڵمان هەیە گشتی لەناودەچێت.

وتیشی، سوپاس بۆ خودا ئەمساڵ ساڵێکی باراناوی بوو، گژوگیا و بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاو زۆر زۆرە، خودای گەورە نیعمەتی خۆیمان لێنەشارێتەوە، لە خودا دەپاڕێینەوە هەموو ساڵێک ئاوا پڕبەرەکەت و باراناوی بێت و لە وشکەساڵی بمانپارێزێت.

وەک دابان باسی دەکات هەموو کەس بەرگەی ئەم گەرمایە ناگرێت، بەڵام شوانەکان کە پیشەیان چاودێری کردن و بەخێوکردنی ئاژەڵەکانە ناچارن لە هەموو کەشوهەوایەکدا بەدیار ئاژەڵەکانیانەوە بن و وتی، “هەموو کەس بەرگەی ئەم گەرمایە ناگرێت، شوانەکان نەبێت بەدیار ئەم مەڕانەوە کەس ناتوانێت بەرگەی ئەم گەرمایە بگرێت، ئێمەش ناڕەحەت بووین بەڵام ناچارین”.

دابان باسی لەوەیش کرد کە لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە تا ئێستا کاری ئاژەڵداری دەکات و وتی، “تەنیا لەو ماوەیەدا دوو ساڵ ئاژەڵم بەخێو نەکرد، ئەویش وشکەساڵی بوو، ئەگینا بە بەردەوامی شوان بووم تا ئێستا، ڕۆژێکیش لە شوانی بێزار نەبووم، سوپاسی خوداش دەکەین ئەم بەهرەیەی پێبەخشیوین کەوا دەتوانین بە بەر ئەم خۆرە بەتینە شوانی بکەین و پارە و نانێکی حەڵاڵ پەیدا بکەین بۆ ماڵ و منداڵمان.

یەکێک لە شوانەکانی ناوچەکە بە ناوی سەرخێڵ ئیبراهیم، ٣٦ ساڵ کە لە تەمەنی ١٢ ساڵیيەوە سەرقاڵی کاری شوانیە، بە دەم پێکەنین و بە شێوەیەکی گاڵتە ئامێز ئاماژەی بەوە کرد کە پلەی گەرما گەیشتووەتە ٧٠٠ پلە، ئەویش بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و وتی، “گەرما وایلێکردووین نابێت دەموچاومان بەدەرەوە بێت، ئەوەندە گەرمە لە هێز کەوتووم”.

شوانێکی دیکەی ناوچەکە بەناوی مەولود مەحموود فەتاح ماوەی چوار ساڵە کاری شوانی دەکات باسی لەوە کرد کە پاشنیوەڕوان کاتژمێر ٢:٣٠-٣:٠٠ کاتێک کەشوهەوا کەمێک فێنک دەکات ئاژەڵەکان دەبەن بۆ لەوەڕگا و تا کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە پاشان دەیانبەنەوە بۆ ماڵ.

بارزانی بۆ سودانی: ئەگەر نیازی باش هەبن، هیچ كێشەیەك نابێت
پێشت بارزانی بۆ سودانی: ئەگەر نیازی باش هەبن، هیچ كێشەیەك نابێت
ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە گوازراوەكان دەکرێت
دواتر ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە گوازراوەكان دەکرێت
ەیوەندیدار