ڕزگاربوویەکی نێو بەلەمە نقوومبووەکەی ئاوی ئازاد چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە



ساڵ نییە چەند جارێک هەواڵی دڵتەزێن نەبیستین لە بارەی کۆچکردنی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکێکی زۆر ملی ئەو ڕێگایە دەگرن بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی.

مژدە عومەر، یەکێک لە ڕزگاربووانی بەلەمەکەی ئاوی ئازاد لە ئیتاڵیا بۆ دەنگی ئەمریکا باسی لەوەکرد، بەڕاستی ئێمە دۆخمان خراپ نەبوو لەڕووی ئابورییەوە، چونکە مێردەکەم زەڕەنگەربوو، تەنها بۆ دابینکردنی داهاتووی مناڵەکانمان لەڕووی خوێندن و گوزارەنیان دەمانویست بگەیەنە وڵاتانی ئەوروپا، لە خانەوادەکەم کە شەش کەس بوین چوار کەسمان تیاچوون لە ڕووداوی نوقمبوونی بەلەمەکەی ئاوی ئازاد کە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە نزیک سنورەکانی ئیتاڵیا نوقمبوو، سێ مناڵ و هاوسەرەکەم، لەماڵی خوشکەکەشم تەنها خوشکەزایەکم ماوەتەوە، دوای نوقمبوونی بەلەمەکە، یەکێک لە کۆچبەرەکان کە ئەویش لەگەڵ منداڵ و ژنەکەی هاتبوو، لەبەرچاوی خۆمدا کچە شانزە ساڵانەکەی کوشتم.

بەم شێوە ڕووداوەکانی سەر بەلەمەکەی گێڕایەوە، ئەو کەسەی لەسەر بەلەمەشکاوەکە کچەکەمی کوشت، خۆی یەکێک بوو لە سەرنشینانی بەلەمەکە، هیچ کێشەی دەرونیمان لێ بەدی نەدەکرد، ئاسایی بوو، دەگەڕا بەسەر خەڵکی بەلەمەکە پێش نوقمبوون داوای ئاوی بۆ شیری منداڵەکەی دەکرد لەگەڵ داوای ترش، یا لیمۆ، زۆر ئاسایی بوو، بەڵام چوارەم ڕۆژ پاش ئەوەی لە شەوی پێشتر مێردەکەم و دوو منداڵم مردن، کە زیاتر دوو منداڵەکەم ڕەقبونەوە، ڕاستە کچە شانزە ساڵەکەم بەهۆی شەپۆلی ئاوەکەوە ماندوو بوو هێنابومەنە سەر لایەکی بەلەمە نوقمبووە شکاوەکە درێژم کردبوو، دۆخی باشبوو، بەڵام ئەو پیاوە هات لەسەر سنگی دانیشت تا کەف لەدەمی هاتە دەر و چاوی دەرپەڕی و گیانی لەدەستدا ئیتر هەستایە سەرپێ کەزانی کچەکەمی خنکاندووە وتی ئۆخەی دڵم ئیسراحەتی کرد، دوو پیاوی سەرنشینی بەلەمەکە و خۆشم هاوارم کرد بۆ وادەکەی وامەکە! بەڵام ئەو دوو پیاوەش دەرەقەت نەهاتن چ جای من! ئیتر دوو پیاوەکە هاتن وتیان دادە هیچ ناکرێت لەترسی ئەوەی خۆشمان فڕێنەدا و کوڕێکەی ترم کە ئێستا تاکە مناڵمە لە ژیانم ئەویش نەکوژێ نەمانتوانی هیچ بکەین، ئەو دوو پیاوە وتیان تەرمی کچەکەت فڕێدە ئاوەکە خۆمان ئەگەری هەیە دەرنەچین ئیتر فڕێمدایە ئاوەکە، ئەو پیاوە مناڵەکەی خنکا، سەرنشینانی ڕزگاربووی یەختەکە دەڵێن، ژن و مناڵەکەی خۆشی خنکاندووە، بەڵام من ئەوەیان نازانم چونکە بەچاوی خۆم نەمدی، ئەوەی بینیم ژنەکەی سەری لە ئاوەکەدا بوو شەپۆل لێی دەدا لەبەردەمیدا بوو، وتم کاکە بۆ سەری خێزانت دەرناکەی لەئاوەکە، وادەخنکێ ڕزگاری بکە، ئینجا دەستی برد سەری دەرهێنا بەڵام ژنەکە گیانی لەدەستدا.

وتیشی، کاتێک پۆلیسی فەرەنسا ڕزگاری کردین، من لە دوو ڕزگاربووم پرسی، ئەوانە پۆلیسن سکاڵام هەیە، ئیتر هاتە لامەوە وتی، بەس سکاڵام لەسەر تۆمار مەکە پارەت دەدەمە و دەشتنێرمەوە کوردستان، من پێم وت لاکەوە بانەتبینم، ئێستا خوشکەزایەکم لە ماڵی خوشکەکەم کە ئەوانیش لەناو بەلەمەکە بوون بەتەنها ئەو ماوە، بەڕاستی ئەو کچەم کە ئەو کەسە کوشتی دۆخی زۆرباشتر بوو لەم خوشکەزایەم ئەوەتا شکور خوشکەزاکەم ماوە و چارەسەر دەکرێت، کچەکەم دۆخی باشبوو، پاش ئەوەی باوکی و دوو برا و خوشکەکەی گیانیان لەدەستدا دڵی منی دەدایەوە دەیوت، دایە ئەوەتا ئێمە ماوین ژیانێکی نوێ و خۆش من و تۆ براکەم دەستپێدەکەینەوە.

باسی لە دۆخی ئێستای خێزانەکەی کرد، بەداخەوە کوڕەکەم هێندە دۆخی دەرونی خراپە، نەک هەر ئەو هەموومان تووشی نەخۆشی دەرونی بووین، کوڕەکەم دوێنێ شەو لەخەو ڕاپەڕی هاواری کرد وتی دایە، هاتە لامەوە سەری نا بەسنگمەوە، هاواری دەکرد دایە ئەها کەوتە ناو ئاوەکە ڕزگاری بکەن، کە وەڵامم دایەوە، وتم کوڕم هەستە بچۆرەوە سەر جێگای خۆت ئیتر سەیرێکی کردم و وەک ئەوەی دڵنیابێتنەوە من ماوم هەستا چوەوە سەر جێگاکەی خۆی.

وتیشی، کوڕەکەم تاساوە، هەر بێدەنگە و لەسوچێکدایە، ئەو ڕۆژە دەگرییا، چونکە وێنەی باوکی لە تیکتۆک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بینی کە بڵاوکرابووەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، تاکە شتێک ئێستا دەمەوێ و بۆی دەژم ئەوەیە مافی کچەکەم وەربگرمەوە لەو تاوانبارەی کچەکەمی کوشت، شاهێدم هەیە، ئەوانەی ڕزگاریان بووە شاهێدیان بۆ داوم لای پۆلیسی ئیتاڵیا، بەڕاستی کوشتنی ئەو کچەم لەسەر بەلەمەکە زۆر قورستر و سەختر و ناخۆشترە بۆم لە خنکانی دوو منداڵ و هاوسەرەکەم، چونکە ئەوان بەئەمری خوا بوو خنکان، بەڵام کچەکەم لەبەرچاوی خۆم ئەو کەسە خنکاندی، هەمیشە دێتەوە بەرچاوم کە کەف لەدەمی هاتەدەر و چاوی دەرپەڕی.

عێراق هەواڵی نێوەندگیرییکردنی لە نێوان تورکیا و سووریا پشتڕاست دەکاتەوە
پێشت عێراق هەواڵی نێوەندگیرییکردنی لە نێوان تورکیا و سووریا پشتڕاست دەکاتەوە
نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی مووچەی هێزەئەمنییەکان
دواتر نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی مووچەی هێزەئەمنییەکان
ەیوەندیدار