“چاوەڕوانین هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت”



سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە و دەڵێت” هەوڵەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دوانەخستنییەتی بەبیانووی جیاواز”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەکراوە، بافڵ تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە، و هیوای خواست ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان.

چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکران،و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و هەوڵی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بەئامانجی خزمەتکردنی خەڵک و بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر،

پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، هەوڵەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دوانەخستنییەتی بەبیانووی جیاواز، هەرێمەکەمان پێویستی بە هەڵبژاردنێکی بێگەردە تاوەکو ببێتە مایەی گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکان.

وتیشی، هەوڵێکی زۆرمان داوە تاوەکو ئەم هەڵبژاردنە دووربێت لە ساختەکاری و یاریکردن بە دەنگی خەڵکەوە، بۆیە چاوەڕوانیی زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و لەوە زیاتر سەنگی هەرێمەکەمان نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

نێچیرڤان بارزانی گەیشتە نەمسا
پێشت نێچیرڤان بارزانی گەیشتە نەمسا
پێدانی دۆلار بە هاووڵاتیان لە عێراق و هەرێم دەستپێدەكات
دواتر پێدانی دۆلار بە هاووڵاتیان لە عێراق و هەرێم دەستپێدەكات
ەیوەندیدار