ئاری هەرسین نامەیەک بۆ بافڵ تاڵەبانی دەنێرێت


ئاری هەرسین نامەیەک بۆ بافڵ تاڵەبانی دەنێرێت و تیایدا دەڵێت؛ ساڵی نوێ پیرۆزە، حەزم کرد وەک پارتیەکی خەڵکی شاری سلێمانی ئەم نامەیەت بۆ بنێرم.

 

ئاری هەرسین لە نامەکەیدا دەڵێت؛ هەندێک مەسەلە هەن کە ئیشی حکومەتن. لێ گەڕێ با جەنابی جێگری سەرۆکی حکومەت عیلاجیان بکات. چونکە گەر وا نەکەیت، ئەوکات مەوزوع ئەبێتە دەست تێوەردانی حیزب لە حکومەت. ئیشی جەنابت و بەندە ئیش و کاری حیزبیە، نەک تەداخول کردن لە ئیش و کاری حکومەت.

لە ناوەڕۆکی نامەکەیدا ئاری هەرسین نووسیویەتی؛ دوو دڵ مەبە لە هاوکاری و پشتیوانی ئێمەی پارتی لەم دەڤەرە، هەرکات هەستت کرد ئێمە ئەتوانین دەوری ئیجابیمان بۆ خزمەتی گەل و خاکی پیرۆزی کورددستان هەبێت بفەرموو با لە خزمەت دا بین. بەڵام ناشبێت لات ئاسایی بێت ئێمەی پارتی لە ژێڕچارشێوی ڕەخنەگرتن و ئازادی ڕادەڕبڕین، ئیهانە بکرێین و هێرشمان بکرێتە سەر و بێ دەنگ بین، چونکە نەک بێدەنگ نابین، بەڵکو چاوی ئەو کەسانە دەر ئەهێنین، کە ئەیانەوێت سلێمانی لە پێناو بەرژەوەندی دەستی دەرەکی و مەبەستی تێکدەرانە و شەخسی و حیزبی، بکەنە زۆنی دژی پارتی.

دەقی نامەکە؛

 

برای بەڕێز کاک بافڵ تاڵەبەنی

ساڵی نوێ پیرۆزە… حەزم کرد وەک پارتیەکی خەڵکی شاری سلێمانی ئەم نامەیەت بۆ بنێرم.

ڕاستە ساڵی کوردی، وەک ساڵی تازەی میللەتانی ئێران لە بیست و یەکی سێ دەست پێ ئەکات، بەڵام وەک زۆرینەی خەڵکی دونیا، ئێمەش سیستەمی دابەشکردنی (کات) مان لەسەر ساڵی میلادی داڕشتوە. هەر لە معامەلاتی بازرگانیمانەوە بگرە هەتا قفڵی میزانیەی حکومەت و … هەتا دوایی. ئینجا ئەم پیرۆزباییە بۆ ئەوە بوو.

زۆر زەحمەتە ئینسان کوڕی خانم و پیاوێکی گەورە بێت. چونکە عەدەسەی چاوەڕوانیەکان لەسەری زۆرن. ئەم قسەیە شمولی جەنابیشت ئەکات، چونکە کوڕی دادە هێرۆ و مام جەلالیت. زەحمەتت کێشاوە و لە ماوەیەکی کورت دا هەوڵی زۆر گۆڕانکاریت داوە. بەڵام پێم باش بو، وەک برایەکی خۆت، سەرنجت بۆ هەندێک شت ڕابکێشم.

هەندێک مەسەلە هەن کە ئیشی حکومەتن. لێ گەڕێ با جەنابی جێگری سەرۆکی حکومەت عیلاجیان بکات. چونکە گەر وا نەکەیت، ئەوکات مەوزوع ئەبێتە دەست تێوەردانی حیزب لە حکومەت. ئیشی جەنابت و بەندە ئیش و کاری حیزبیە، نەک تەداخول کردن لە ئیش و کاری حکومەت.

ئیسلامی موتەتەڕیفی سەلەفی جیهادی خەریکە لەم مەنتیقە سەوزە پەرەیەکی لۆگاریتمی ئەسەنێت. ڕێز گرتن لە داب و نەریتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەرکی هەمومانە، بە ڵام ئەستەمە لە سایەی ئێمە و یەکێتی (بێ گومان لەم دەڤەرە ئێمەی پارتی کەمتر) ڕێگە بدرێت بە بێ حورمەتی کردن بە و ئینسانەی، کە خوای گەورە پاراستنی کەرامەتەکەی مسۆگەر کردوە. هەرچی ڕیشی هەبو مەرج نیە ساڵح بێت و، کوردیش گوتەنی: مەرج نیە ئەوکەسەی سمبێلی سوور بوو، ناوی هەمزاغا بێت.

دوو دڵ مەبە لە هاوکاری و پشتیوانی ئێمەی پارتی لەم دەڤەرە، هەرکات هەستت کرد ئێمە ئەتوانین دەوری ئیجابیمان بۆ خزمەتی گەل و خاکی پیرۆزی کورددستان هەبێت بفەرموو با لە خزمەت دا بین. بەڵام ناشبێت لات ئاسایی بێت ئێمەی پارتی لە ژێڕچارشێوی ڕەخنەگرتن و ئازادی ڕادەڕبڕین، ئیهانە بکرێین و هێرشمان بکرێتە سەر و بێ دەنگ بین. چونکە نەک بێدەنگ نابین، بەڵکو چاوی ئەو کەسانە دەر ئەهێنین، کە ئەیانەوێت سلێمانی لە پێناو بەرژەوەندی دەستی دەرەکی و مەبەستی تێکدەرانە و شەخسی و حیزبی، بکەنە زۆنی دژی پارتی. ئێمە خەڵکی ئەسڵی شارە حەیاتەکە ین و هاوردە نەکراوین، بۆیە مەیتەکانیشمان نابرێنەوە هەولێر و دهۆک و ئەبێت هەر لە م شارە ئازیزە بنێژرێین. ئەم خەیاڵە خاوەی دەرکردن و گۆشەگیر کردنی پارتی لە سلێمانی غەیری مومکینە. لە ڕاستیا سەوز و زەرد و سوور و سپی نابێت لێک جیا بکرێنەوە، چونکە ڕەنگە جوانەکانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان پێک ئەهێنن. ئەم ڕەنگانە بە تاقی تەنیا هیچ نین، بەڵام پێکەوە، وەک تۆنەکانی ئاوازی ئەی ڕەقیب، نەخشانی کوردایەتی و ناسنامەی نەتەویمانن… ئێمەی حیزب و لایەنە سیاسیەکان ڕێک واین، پێکەوە جوانین.

لەگەڵ ڕێزمدا و هەمیشە لەخۆشیابن…

 

لە جوانڕۆ گەنجێك شەهید بوو
پێشت لە جوانڕۆ گەنجێك شەهید بوو
دیپلۆماتکارێکی دیاری چینی داوای بەردەوامی دیالۆگی نێوان چین و ئەمریکا دەکات
دواتر دیپلۆماتکارێکی دیاری چینی داوای بەردەوامی دیالۆگی نێوان چین و ئەمریکا دەکات
پەیوەندیدار