جەژن و پاراستنی ژینگە



مەعرووف مەجید*
خوای گەورە ئەمساڵیش دەرفەتێكی پێ داینەوە كە بگەین بە جەژنی قوربانی پیرۆز، بەهۆی پابەندبوون بە دروشمە ئیسلامییەكانەوە هەمیشە گەلی كورد لە بۆنە و یادە ئیسلامییەكاندا دروشمە ئیسلامییەكانی بەرز ڕاگرتووە.
ساڵانە لە جەژنی قوربانی پیرۆز بەشێكی زۆری هاووڵاتیان قوربانیی دەكەن، كە ئەمەش ساڵانە تەنها بۆ ماوەی چوار ڕۆژ تۆی باوەڕدار دەتوانی ئەو كارە بكەی، دواتر هەر كوشتارێك بكەی دەچێتە چوارچێوەی خێر، نەك قوربانی..
ئەوەی دەمەوێ‌ بە كورتی باسی بكەم، بە داخەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەشێك لە مسوڵمانان ئەو كارە پیرۆزەیان لە شوێنی نەشیاو ئەنجام دەدا، بە تایبەتی لە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵان، یاخود ئەو شوێنانەی بۆ سەربڕینی ئاژەڵ، شیاو نین.
لە ئێستادا دەكرێ‌ بە پێی ڕێنماییەكان ئاژەڵەكان بۆ دڵنیایی لە تەندروستیی و شیاوی خواردنی گۆشتەكەی ببرێنە كوشتارگەكان، ئەگەرنا لە ماڵەوە بە شێوەیەكی پاكوخاوێن سەر ببڕدرێن و بەجوانی كارەكە بكرێت.
ئەوەی لە ساڵانی پێشوو بینیمان، بەبێ‌ گوێدانە لایەنی تەندروستی و پارێزگاریی لە ژینگە، سەرجەم پاشماوە و پاشەڕۆكان دوای كارەكە لە شوێنە گشتییەكان فڕێ دەدران كە دواتر گەورەترین مەترسی تەندروستیی و پیسبوونی ژینگەی لێ دەكرا.
ئەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت، تۆ بۆ خۆت خێر و قوربانیی دەكەی، ناكرێت كەسێكی دیكە زیان پێ بگەیەنی و بەهۆی كەمتەرخەمی تۆوە ئەو ئازار بچێژێت..!
تۆ بەنیازی ئەوەی بەهۆی قوربانییەكەتەوە خودا لە خۆت ڕازی بكەی، بەڵام پێت گرنگ نییە دڵی دەیان هاووڵاتی لە خۆت دەڕەنجێنی، كە ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییە ئیسلامییەكانە.
ئەوەت بیر بێت، پێشەوای مرۆڤایەتی دروودی خوای لێ بێت، لە وەسفی باشترین موسوڵماندا دەفەرموێت: باشترینتان ئەو كەسەیە مسوڵمانان لە دەست و زمانی پارێزراو دەبن.
هەروەها دەفەرموێ‌: ئیمان ناهێنێت ئەو كەسەی چی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ براكەشی پێی خۆش نەبێت.
كەواتە تۆ پێت خۆشە زبڵ و پاشەڕۆی ئاژەڵە سەربڕدراوەكە لەنێو حەوشە و بەردەرگای خۆت فڕێ بدەیت؟! كە دڵنیام هەرگیز ئەوەت پێ قبوڵ نییە، كەواتە دەبێت لە ئیمانی خۆت بترسی كە ئەوەی بۆ خۆت پێت خۆشە دڵنیام بۆ براكەت پێت خۆش نییە.
ئایینی پیرۆزی ئیسلام گرنگیی زۆری بە پاكوخاوێنی داوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی تەندروستیی مرۆڤەكان پارێزراو بێت، هەروەها لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا پاكوخاوێنی چەند جۆرێكی هەیە كە هەموویان لەپێناوی پاراستنی مرۆڤ و ژیانیدان.
بە گەڕانەوەمان بۆ فەرموودەكانی پێغەمبەر (درودی خودای لەسەر) ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا چەندە گرنگیی بە پاكوخاوێنی دراوە، تەنانەت ئەگەر مرۆڤ پاكوخاوێن نەبێت ئەوا پەرستشەكانیشی لێ وەرناگیرێت، بۆیە گومان لەوەدا نییە پاكوخاوێنی مەرجی زۆربەی پەرستشەكانە، وەك: نوێژ، تەواف، قوڕئان خوێندن.
كەواتە..
ئەگەر بەنیازی ئەم جەژنە قوربانیی ئەنجام بدەیت بە نیازی ئەوەی خودا لە خۆت ڕازی بكەیت، دەبێت پێش هەموویان بیر لەوە بكەیتەوە بەو كارەی دەیكەیت ئازاری كەس نەدەیت، دەبێت پاكوخاوێنی و پاككڕاگرتنی ژینگە یەكێك بێت لە نییەتەكانت..
بەدوای ئاژەڵێكی باش و تەندروستدا بگەڕێت و دڵنیا بیت لەوەی بۆ قوربانیی و خواردن شیاوە.. تا پێشت دەكرێت لە كوشتارگە سەری ببڕە و كەمترین ئەرك بخە سەر شانی كەسانی دیكە..
ئەوەش بزانە، ئەگەر ئەو كارانەت نەكرد، دوای چەند سەعاتێك لە قوربانییەكەت، زۆربەی سەر كۆڵان و شوێنە گشتییەكان دەبنە زبڵدان و پاشماوەی لێ فڕێ دەدرێت، دڵنیابە لەبری ئەوەی دوعای خێرت بۆ بێت، چەندین دووعای خراپت لێ دەكرێت، لە هەمووشی ناخۆشتر دەبێت برایانی ژینگەپارێز هەستن بە كۆكردنەوەی ئەو پاشەڕۆیەی تۆ بوویتە هۆكاری..
ئەوەش بزانە لەئێستادا لە وڵاتەكەمان مەترسی چەندین نەخۆشیی و ڤایرۆس لە ئارادایە، بەشێكیان هۆكاری گواستنەوەیان پیسبوون و ژینگەیەكی نالەبار و ناتەندروستە، كەواتە ئەو كارەی تۆ كردت مسوڵمانان لە دەستت پارێزراو نەبوون و بویتە مایەی ئازار بۆیان.
ئەوەی من باسی دەكەم بۆ كەسێكە پابەندە بە ئیسلامەوە، ئەگەر كەسانێكی دیكەیش تەنها دوای قەڕەباڵغی كەوتوون بەو هۆیەوە قوربانیی دەكەن دەبێت بیر لە مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی بكاتەوە..

*سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

لە ناوچەیەكی گەشتیاری هەرێم بوو بە تەقە و كوژراو و بریندار هەیە
پێشت لە ناوچەیەكی گەشتیاری هەرێم بوو بە تەقە و كوژراو و بریندار هەیە
كاتی گەڕانەوەی حاجییانی كورد دیاری كرا
دواتر كاتی گەڕانەوەی حاجییانی كورد دیاری كرا
ەیوەندیدار