شەپۆلی باران هەرێم دەگرێتەوە و هۆشداری هەورەبروسكەی بەهێز دەدرێت



لە شەوی ڕابردووەوە بایەكی بەهێز ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و نمە باران لە چەند ناوچەیەك باری و لە گەرمیان بەهۆی هەورەبروسكەوە گەنجێك گیانی لەدەستدا و دوو كەسی دیكەش بریندار بوون، شارەزایانی كەشناسیش بۆ ئەمشەو هۆشداری دەدەن، كە شەپۆلی باران هەرێم دەگرێتەوە و هەورەبروسكەی بەهێزی لەگەڵ دەبێت

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا سێ بارستە ھەوری کەڵەکەی بە باران و بروسکە چالاکبووە بەسەر ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا و باکوری ئیدارەی گەرمیان و باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکوک ئاراستەی ئەم ھەورانە بەرەو سنوری پارێزگای دھۆک و سلێمانی ھەڵەبجە و کەرکوکە بە کاتی جیاواز لەماوەکانی داھاتوودا دەگاتە ئەم ناوچانە و تاوە باران و ھەورە بروسکەی بەھێزیان لەگەڵدایە.

لای خۆشیەوە، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “ئەو ڕەشەبایەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە لە سبەیەوە لاواز دەبێت و بارانبارینی ناوبەناو لە ناوچە کوێستانییەکان هاوشێوەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.”

ئەمڕۆ لە سنووری قەزای کفری بەهۆی هەورە برووسکەوە گەنجێکی 14 ساڵ گیانی لەدەستدا، محەمەد کەمال وتیشی، “ئەمڕۆ و سبەی هەورەبرووسکە بەردەوام دەبێت و هەمووشیان لە زەوی دەدەن و مەترسیدارن.”

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ “تۆز و خۆڵ” لە بەشێکی هەرێمی کوردستان دەبێت و تاوەکو ئێوارە بەردەوام دەبێت و بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما 2 بۆ 4 پلە دادەبەزێت.

لە ئێوارەی دوێنێوە ڕەشەبا بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە چەند دارێک شکاونەتەوە. لە چەند ناوچەیەکیش بەهۆی ڕەشەباوە چەند ئاگرێک تەشەنەیان کرد.

لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە بەیانیدا لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان “کەمێک تاوەبارانی پچڕپچڕ دەبارێت و ئێوارە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە.”

دیار عومەر كرایە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان
پێشت دیار عومەر كرایە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان
لە هەولێر شەڕەتەقە ڕوویدا و قوربانی هەیە
دواتر لە هەولێر شەڕەتەقە ڕوویدا و قوربانی هەیە
پەیوەندیدار