نە هەڵبژاردن کرا و نە وادەی نوێش دیاری کراوە



بڕیار وابوو ئەمڕۆ ١٠ی حوزەیران، پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و تیایدا لیست و قەوارەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسیی پەرلەمانییدا بکەن، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان نەتوانرا ئەمڕۆ پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت و چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە، وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە دیاریی بکرێت.

تا ئێستا سێ جار وادەی ئەنجامدانی خولی شەشەمی ھەڵبژاردن دەستکاریی کراوە، دواجاریش ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ واتا ئەمڕۆ دووشەممە دیاریی کرابوو، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان، نەتوانرا لەم وادەیە پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت و، چاوەڕوان دەکرێت بۆ جاری چوارەم دەستکاریی وادەکە بکرێت.

ھەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی سەرەتای مانگی ئەیلوولی کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، بەڵام تا ئیستا ھەرێمی کوردستان وەڵامی نەداوەتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان کە خاوەنی ٤٥ کورسی پەرلەمانە، بڕیاریدابوو کە بەشداری پڕۆسەکە نەکات ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر چەند بڕیارێکی دادگای باڵای فێدڕاڵی لە نێویاندا هەڵوەشانەوەی ١١ کورسی کۆتاکان و گەڕانەوەی کورسییەکانی کردە مەرجی بەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە.

جگە لە پارتی و بەشێک لە لایەنە مەسیحی و تورکمانەکان، لایەنەکانی دیکە خۆیان تۆمار کرد و لیستی بەربژێرانییان پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردبوو.

دوای گفتوگۆ و دیدارەکانی نێوان لایەنە عێراقی و بیانییەکان بۆ ڕازیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەشداریکردنییان لە هەڵبژاردن، دواجار٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو ١٠٠ کورسییەی پەرلەمان، پێنج کورسیی پەرلەمانیی بۆ کۆتای پێکھاتەکان دیاریی بکات، بەپێی دابەشکردنی کورسییە گشتییەکان، بۆ پارێزگای ھەولێر ٣٢ کورسی، پارێزگای سلێمانی ٣٦ کورسی، پارێزگای دھۆک ٢٤ کورسی و ھەڵەبجە ٣ کورسی و بۆ کۆتاش پێنج کورسی دیاریی کراوە.

ڕۆژی شەشی حوزەیران، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند کە دەرگای خۆ تۆمارکردن لە ٨ تا ١٣ی حوزەیران دەکرێتەوە و ھاوپەیمانییەتی و پارت و بەربژێرانی سەربەخۆ و کۆتاکان دەتوانن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆیان تۆمار بکەن.

دوێنێ یەکشەممە، جومانە غەلای ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵا کردووە و تیایدا خواستی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشان داوە. بەمەش پێشبینی دەکرێت کە سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئەنجامبدات بۆ دیارییکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ ئەیلوولی ٢٠١٨ بەڕێوەچووبوو تیاییدا ٣ ملیۆن و ٨٥ هەزار و ٤٦١ کەس مافی دەنگدانییان هەبوو کە یەک ملیۆن و ٨٤٥ هەزار و ٩٧٩ کەس بەشداری پڕۆسەکەیان کردبوو، لە ئەنجامدا لە کۆی ٢٩ لیستی بەشداربوو، ١٦ لیست توانی بچێتە پەرلەمان.

دوای زیاتر لە مانگێک و لە ٤ی تشرینی دووەم، ئەنجوومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان ، بە مەرسومی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٨، وادەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم دیارییکرد.

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان گەیشت
پێشت وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان گەیشت
مێرمنداڵێک بە هەورە بروسکە گیانی لەدەستدا
دواتر مێرمنداڵێک بە هەورە بروسکە گیانی لەدەستدا
پەیوەندیدار