بۆچی کوشتن و خۆکوشتن زۆربووە؟



پروشە قەلەندەر کەسنەزانی – شارەزای دادوەری لە بواری لێکۆڵینەوەی تاوان

لە ئێستادا ڕێژەی تاوان لە باشوور زۆربووە کوشتن و خۆکوشتنیش ڕێژەی زۆریان بەرکەوتووە.

ئەنجامدانی تاوان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و هەروەها لە کۆمەڵگایەکە وە بۆ کۆمەڵگایەکی تریش جیاوازە، هەندێک جار سروشتی تاوانەکە دەبێتە هۆی دیاریکردنی پاڵنەری تاوانەکە، بەڵام دەتوانین بڵیین بە شێوەیەکی گشتی هۆکارەکانی تاوانی کوشتن یان خۆکوشتن دەکرێت لە چەند خاڵیکدا کۆبکرێتەوە، لەوانە، هەژاری، پەروەردەیی خێزانی، ماددە کحولی و هۆشبەرەکان، ژینگەی کۆمەڵگا، پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، جیاوازی چینایەتی و نادادی کۆمەڵایەتی.

ئەوانە  هەموو  دەکرێت پاڵنەرێکی سەرەکی بن بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، خۆکوشتن و بەلا ڕێدابردنی کەسەکە لە کەسێکی تەندروستەوە بۆ کەسێک کە پەنادەبات بۆ ئەنجامدانی تاوان.

هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی قەوارەیەکە و سەربەخۆ نییە و لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەر بۆیە ئەم تاوانانە ڕوو لە زیادبوونە چونکە دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی نا سەقامگیرە، ئەو کەسانەش کە ئەم جۆرە تاوانانە ئەنجامدەدەن یان سەربەخۆن بێ بەرنامە لە حاڵەتی کتوپڕ و توڕەیی بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا بۆ کوشتن دەبن، یاخود بەشێوەی گروپ و باند کاردەکەن و ئیسفادەیان لەو دۆخە نا ئارامە کردووە، بەتایبەت ئەم ناوچەیە چونکە لە دەرەوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندایە و بە ئاسانی ناتوانرێت ئەوانەی بەرپرسن لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانانەڕاپێچی دادگا بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدابکرێت.

لێرەدا پێویستە هەردوو تاوانەکە ڕوون بکەینەوە بەم شێوەیەیی لای خوارەوە:

یەکەم، کوشتن

ئەم جۆرە لە مردن بریتییە لەو مردنەی کە مرۆڤێك هەڵدەستێت بە کوشتنی مرۆڤێکی تر بە ئەنقەست چ بە پلان بێت یان کتوپڕبێت و لەئەنجامی کرداری بکەرەکەدا کەسەکەی بەرامبەر ژیان لەدەستبدات.

بۆچی پەنادەبرێت بۆ تاوانی کوشتن؟

دیارە هۆکارەکان زۆرن و جیاوازن بەڵام دەتوانین بەگشتی لەم خاڵانەدا باسی بکەین:

١- تۆڵەسەندنەوە، ئەم حاڵەتە لە مێژەوە بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان دادەنرێت بۆ ئەنجام دانی تاوانی کوشتن کە مرۆڤەکان پەنا نابەن بۆ یاسا وە خۆیان هەڵدەستن بۆ تۆڵەسەندنەوە وەرگرتنی مافی خۆیان .

٢- بەهۆی دابەشکردنی میراتەوە، لەکاتێکدا کەسێک دەمرێت و وەرەسەکانی بەهۆی ناکۆکی زۆرەوەو بردنی بەشی یەکتر وادەکات کە کوشتن ڕووبدات، یان بۆ کەم کردنەوەی ژمارەی وەرەسەکانە بۆ ئەوەی بکوژەکە زۆرترین بەشی دەستبکەوێت.

٣- شەرەف، کاتێ بە بیانوی پارێزگاری لە شەرەف پەنادەبەن بۆ کوشتن، کە زۆربەی کات لەم حاڵەتانەدا قوربانییەکان ئافرەتن، چونکە کۆمەڵگا وەک کێشەی خێزانی سەیریدەکات و بۆ گەڕاندنەوەی ئابڕووی خۆیان دەیانەوێت بەم تاوانە چارەسەری بکەن.

٤- قاچاخچێتی و بازرگانی بە مادەهۆشبەرەکان، بەهۆی قاچاخچێتی مادەهۆشبەرە نایاسایەکانەوە دووچاری حاڵەتی کوشتن دەبن ئەمەش بە هۆی ئالودەبوون و بازرگانی کردن بەم مادانە .

٥- دزی کردن، بۆ ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن، کەسەکە هەندێک جار پەنادەبات بۆ کوشتن بۆ ئەوەی کاری دزیەکەی ئەنجامبدات .

٦- بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە، باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە مەبەستی فرۆشتنی بەشەکانی جەستەی مرۆڤەکەوە دەیکوژن .

٧- بەهۆی ناکۆکی و شەڕی کتوپڕ، هۆکاری ناکۆکی کۆمەڵایەتی یاخود ئابووری وادەکات کەسەکان شەڕبکەن لە دەرئەنجامی هەڵچوونەوە یەکتر بکوژن .

٨- هەژاری و قەرزکردن، کاتێ کەسێک هەژارە و قەرزارە وە ناتوانێت قەرزەکەی باتەوە، بەهۆی ئەم هۆکارە خۆی دەکوژێت یان دەیکوژن.

٩- بازرگانی بە ئاسەوارە مێژوویەکان وە کاڵای بەنرخ، کە ئەمە لە ڕێی گروپ و باند بە ڕێگایی نایاسایی ئەنجامدەدرێت وە ڕووبەڕووی ئەم تاوانە دەبنەوە بۆ ئەنجامدانی بازرگانییەکە.

 

ئایە سوڵحی عەشایری چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی تاوانی کوشتن؟

ئاستی ڕۆشنبیری تاک و کەلتووری بیرکردنەوەی کۆمەڵگا وە پەروەردەکردن ڕۆڵی کاریگەر و گرنگ دەبینێت، لەوەی تا چەنێک پەنا بۆ دادگا و یاسا ببرێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان.

بێگومان پەنابردن بۆ سوڵحی عەشایری دەکرێت ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرهەمبهێنێت، بەڵام بە هیچ جۆرێک ناکرێت وەک چارەسەر سەیربکرێت بەڵکو بە پێچەوانەوە پاڵنەرێکە بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، کاتێ کەسەکە ترسی لە دڵا نامێنێ وە لە هەندێ حاڵت بە پاڵەوان و ئازا سەیردەکرێت وە پشتیدەگرن، پاساو بۆ کارەکەی دەهێننەوە، ئەمە چارەسەری ناکات و وادەکات ئەو دیاردەیە ڕوو لە زیادبوون بێت.

دووەم، خۆکوشتن

کاتێ کەسێک بڕیاردەدات بەویست و ئیرادەی خۆی کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت، ئیتر دەکرێت هەندێکجار هۆکاری نەخۆشی دەروونی بێت یان بێزاربوون بێت لە ژیان یاخود ڕووداوێک لە ژیانیدا بەسەری هاتووە کە لە توانا و دەسەڵاتی ئەو کەسەدا نییە بەسەر دۆخەکەدا زاڵبێت و بەناچاری بڕیاری کۆتایی هێنان بەژیانی خۆی دەدات.

ئەمەش بەشێوازی جۆراو جۆر ئەنجامدەدرێت وەک (خنکان، سوتان ، کوشتن بە دەمانچە، دەرمان خواردن، خۆ خستنەخوارەوە لەبەرزاییدا …. هتد).

بەداخەوە لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە دیاردەی باسکردن و پیشاندانی لە تیڤی و هەواڵ و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بووە بە هۆکارێک بۆ هاندانی مرۆڤەکان بۆ خۆ کوشتن و وە پاڵنەرێکە و لە زۆربەی حاڵەتەکان دەست خۆشی یان بە ئازا و کارێکی دروست باس دەکرێت، کە وادەکات ببێتە پاڵنەرێک کەسەکان پەنا بۆ خۆکوشتن بەرن.

هەروەها زۆر بینینی ئەم دیمەنانە دەبێتە هۆی ئاسایی بوونەوەی حاڵەتەکە لای کەسێک کە بیر لەخۆکوشتن بکاتەوە، ببێتە پاڵنەر کە مرۆڤ پەنای بۆ بەرێت و دووبارەی بکاتەوە چونکە سروشتی مرۆڤ وایە، کە زۆربەی کات حەز بە چاولێکەری کەسانی تر بکاتەوە.

 

 

سودانی چۆن وەڵامی پەرلەمانتارێكی كوردی داوەتەوە بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەكان؟
پێشت سودانی چۆن وەڵامی پەرلەمانتارێكی كوردی داوەتەوە بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەكان؟
چۆن وڵات پێشدەخات بە ساڵێك كتێبێك ناخوێنێتەوە!
دواتر چۆن وڵات پێشدەخات بە ساڵێك كتێبێك ناخوێنێتەوە!
پەیوەندیدار