بۆچی لە ڕووی زانستییەوە گرنگە گۆیژە و شاخەکانی کوردستان بمێنن؟



خالید سلێمان- ڕۆژنامەوانی ژینگەیی

جیهان لەبەردەم گەرمبوونێکی بەردەوامدایە، پێش 10 ساڵ زاناکان وایان مەزەندە دەکرد ساڵی 2050 پلەی گەرمای زەوی 1.5 پلە بچێتە سەرەوە بە بەراورد لەگەڵ پلەی گەرمای زەوی پێش شۆڕشی پیشەسازی، کە بەروارەکەی بەشێوەیەکی ڕەسمی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1850، بەڵام سەرەتاکەی بەشێوەیەکی مێژوویی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1784.

بەرزبوونەوەی خێرای گەرما، وایکردووە بەردەوام پێشبینی و مەزەندەکان بگۆڕێن و وەک خۆیان نەمێننەوە، مانگی پێشوو (ئایاری 2024) وەک گەمترین مانگ لە مێژووی تۆمارکردنی گەرمای زەوی ناسێنرا، ئەم گەرما خێراییە وای لە پسپۆرەکانی زانستی کەشوهەواو زەوی کردووە پێشبینی تر بکەن و باس لەوە بکەن کە گەرمای زەوی پێش ساڵی 2030 پلەو نیوێک بە بەراورد لەگەڵ پێش شۆڕشی پیشەسازیدا تێپەڕێنێت، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە و زەوی دەبێتە نیوە کورەیەکی ئاگر، چونکە ئەو کاتە پلەی گەرما 0.4 لە ئێستا زیاتر دەبێت.

هەڵبەتە ڕێژەی چڕی کاربۆن لە بەرگەهەوادا کە دەرەنجامی پیشەسازی و خانووبەرە و کشتوکاڵی چڕو زیادەڕۆین لە بەکارهێنانی وزەدا، لە تواناندا هەیە زەوی بەرەو ئاکارێکی زۆر ترسناک ببات، ئەگەر ڕیتمی پیشەسازی نەوت و تێکدانی سروشت و لەناوبردنی عەمبارەکانی کاربۆن لەسەر ئەم ڕیمەی ئێستا بڕوات ناوچەکەی خۆمان دەکەوێتە دەرەوەی شوێنە شیاوەکان بۆ ژیان.

کوردستان دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، ئەم ناوچەیەش لاوازترین شوێنی دنیایە لەبەرامبەر ئاکارەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوادا، چونکە زۆربەی زەوییەکانی وشکانی یان نیوە وشکانین، کۆی سەرچاوەی ئاوی سازگار تیایدا لە 1% ئاوی سازگاری جیهان تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا لە 6%ی کۆی دانیشتوانی جیهان لەم ناوچەیەکدا دەژین، ئەمە جگە لەوەی بیابانەکان بەهۆی نەبوونی ڕووپۆشی ڕووەکییەوە توانای گلدانەوەی گەرمایان نییە.

هەڵبەتە سێ عەمباری سروشتیی سەرەکی هەن بۆ گلدانەوەی گازە گەرمکەرەوەکانی زەوی وەک (دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و میتان)، ئەوانیش دەریاو زەریاکان، دارستانەکان و خاکن.

ئێمە لە کوردستان دەریاو زەریامان نییە بۆ فێنک کردنەوە، برێکی کەمی دارستانمان هەیە، جگە لەوەی لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان، بەرگەی ئەو هەمو چالاکییانە ناگرن کە لە کوردستاندا هەن، ئەوەی هەمانە تەنها خاکە کە توانای گلدانەوەی بڕێک لە گازە گەرمکەرەوەکانی هەیە.

ئەگەر شاخەکانمان لە هاویندا ڕووتەڵەش دەربکەین، ئەوا لە زستان و بەهاردا عەمبارێکی باشی گلدانەوەی گازە گەرمکەرەوەکانن، چونکە ئەو ڕووەکانەی لەسەر خاکەکانیان دەپشکوێن و سەوز دەبن ڕێژەیەکی باشی کاربۆن لە ڕێگەی پێکهاتە ڕووناکییەکانەوە وەردەگرن، بەم شێوەیەش لەو گەرمییەی ڕزگارمان دەکەن کە لە کەشدایە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی بەهار و مردنی ڕووەکەکاندا، شاخەکان وەک ڕووتەڵە دەردەکەون، چونکە ئەو کاربۆنەی لە زیندەوەرەکان لەژێر خاکدا ماوەتەوە، لەگەڵ هەناسەدانی خاکدا جارێکی تر دەکەوێتە کەشەوە، بەم شێوەیەش شاخەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە ڕاگرتنی باڵانسی گەرمادا.

لێرەدا جارێکی تر دەگەڕێمەوەو دەڵێم، شاخەکان ڕووتەڵە نین، ئەوە بینینی ئێمەیە ڕووتەڵەیە و سووڕی ژیانی کۆمەڵگەی زەوی نابینێت، لەهەر مەترێکی سێجای خاکدا، ملیارەها زیندەوەر دەژین و بەردەوامی دەدەن بەخاک.

باراناوی شۆڕبووەوەی قەد پاڵی شاخەکان، تاکە سەرچاوەن بۆ شۆردنی خاک و گواستنەوەی کانزا خۆراکیەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازێتەوە، ئەمەش بەشێکە لە بەردەوامیی سوڕی زەوی و ژیانی ئێمەی مرۆڤ.

بۆیە پاراستنی گۆیژەو هەمو شاخ و دۆڵ و دەشتاییەکانی کوردستان، لە بنەڕەتدا پاراستنی خودی خۆمانە لە ناوچوون.

تێبینی: ئەم نەخشەیەی دانراوە پێمان دەڵێت کە ئێمەو وڵاتەکان لەناو دڵی گەرەمادا دەژین، ئەگەر پلانی ڕوبەڕوبوونەوەمان نەبێت، دەکەوینە بەردەم هەڕەشەی لەناوچونەوە.

 

چاودێریی دارایی ھەرێم: بیانووی بەغدا دەبڕین تا مووچەی ھێزە ئەمنییەکان بنێرێت
پێشت چاودێریی دارایی ھەرێم: بیانووی بەغدا دەبڕین تا مووچەی ھێزە ئەمنییەکان بنێرێت
جوتیاران چۆن پارەی گەنمەکانیان وەردەگرن؟
دواتر جوتیاران چۆن پارەی گەنمەکانیان وەردەگرن؟
پەیوەندیدار