منداڵێکی نابینا لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵ هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە



یانۆ ئەرسەلان ئەحمەد: لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستم بە لەبەر کردنی قورئانی پیرۆز کردووە، خوای گەورە یارمەتییدام و لەماوەی دوو ساڵ و ١٠ مانگدا، تەواوی قوڕئانی پیرۆزم لەبەرکرد.

یانۆ ئەرسەلان ئەحمەد، منداڵێکی ڕۆح سووکی تەمەن نۆ ساڵانی دانیشتووی شاری سلێمانیە و لە زگماکییەوە نابینایە، توانیوویەتی بە یارمەتی دایکی و مامۆستاکانی لە ڕێکخراوی (اقرأ) تایبەت بە لەبەرکردنی قورئان، تەواوی کتێبی پیرۆزی قوڕئان لەبەر بکات.

نابینایی نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم تواناکانی یانۆدا، ئەو لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەر کردووە، هاوکات لە خوێندنی قوتابخانەشدا هەموو ساڵەکان نمرەی نایابی بەدەستهێناوە.

یانۆ لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کردووە، لە ماوەی دوو ساڵ و ١٠ مانگدا توانیوویەتی هەموو قورئان لەبەر بکات.

یانۆ بەو زمانە شیرینەی سەرەتا بە ناوی خوای پاک و بێگەرد دەستی بە قسەکانی کرد، باسی ئەزموونی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆزی کرد و، سوپاسی دایک و باوک و مامۆستاکانی کرد کە هاوکار و یارمەتییدەری بوون بۆ لەبەرکردنی گشت ئایەت و سوڕەتەکانی قوڕئانی پیرۆز بە جوانترین شێوە.

یانۆ ئەرسەلان سەبارەت بە دەستپێکی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز وتی، “لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستم بە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کردووە، خوای گەورە یارمەتییدام و لەماوەی دوو ساڵ و ١٠ مانگدا، تەواوی قورئانی پیرۆزم لەبەرکرد، واتا لە تەمەنی نۆ ساڵییدا لەبەرکردنەکەم تەواو کردووە”.

یانۆ وەک خۆی باسی دەکات سەرەتا لە جوزئە ئاسانەکانەوە دەستی بە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کردووە، دایکی یارمەتی زۆری داوە و وشەکانی بۆ ڕاڤە کردووە و یەک بە یەک بە وشەکانی ئاشنا کردووە.

یانۆ لەمبارەیەوە وتی: “دایکم فێری کردم، ئایەتەکەی بۆ ڕاڤە دەکردم و وشەکانی پێ ئاشنا دەکردم، ئایەتەکانم دەوتەوە و بەو شێوەیە لەبەرم کرد”.

هەروەها وتیشی: “یەکەمجار لە جوزئی عەممەوە دەستم پێکرد لە سوڕەتی نەبەئەوە، دوای ئەوە تا جوزئی بیست و هەشتم لەبەرم کرد، پاش ئەوە چوومە سەر سوڕەتی بەقەڕە جوزئی یەک، لەوێیەوە تا جوزئی بیست و حەوتم لەبەر کرد و هەموو قوڕئانی پیرۆزم تەواو لەبەرکرد”.

باسی لەوەکرد: “کاتێک دەستم بە لەبەرکردنی قورئان کرد بەهۆی ئەوەی تەمەنم بچووک بوو، بۆیە لە سوڕەتە ئاسانەکانەوە دەستم پێکرد و بەرەو قوڕسەکان چووم، کاتێک سێ جوزئی کۆتاییم تەواو کرد کە ئاسان بوون، ئینجا چوومە سەر سوڕەتی بەقەڕە، سوڕەتی بەقەڕە ئاسان و قوڕسیش بوو، بە پشتیوانی خودا لەبەرم کرد”.

یانۆی شیرین کە بە پەرۆشەوە قسەی دەکرد، زۆر سوپاسی مامۆستاکانی کرد کە لەگەڵی ماندوو بوون و وتی: “لە ڕێکخراوەکەدا مامۆستایەک قورئانەکەی لێپرسیوومەتەوە، مامۆستایەکیش بە جیا ڕاڤەی ئایەتەکانی بۆ دەکردم و وانەی تەفسیری پێدەوتمەوە”.

یانۆ بەهۆی زیرەکی و لێهاتووییەوە ساڵێک پێش هاوتەمەنەکانی خراوەتەبەر خوێندن و لە قوتابخانەی تایبەت بە نابینایان دەخوێنێت، توانیوویەتی ساڵەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی ببڕێت، لەمبارەیەوە وتی: “من بەهۆی زیرەکیمەوە ساڵێک پێشخراوم لە قوتابخانە، هەموو ساڵێکیش پلەی باڵا بەدەستدەهێنم، یەکەم و دووەم دەبم، ئێستا پۆلی پێنجم، لە قوتابخانە مامۆستاکانم باشن، هاوڕێکانیشم باشن، هەموو کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانمدا بەیەکەوە دەبین”.

یانۆی خنجیلە کاتەکانی ژیانی ڕۆژانەی بە دەورکردنەوەی قورئان و یاریکردن لەگەڵ خوشک و براکانی بەسەر دەبات و، خۆیشی هەوڵ لەگەڵ خوشک و براکەی دەدات و فێری لەبەرکردنی قوڕئانیان دەکات، لەو بارەیەوە وتی: “ئەگەر قوتابخانە هەبێت سەعی دەکەم، کاتەکانی دیکە من و خوشکەکەم یاری دەکەین، زیاتر حەزمان لێیە یاری بە بووک بکەین، هەرچۆنێک بێت هەموومان (خوشک و براکەم) بەیەکەوە یاری دەکەین، جا یاری چاوشارکێش دەکەین، چونکە من حەزم لێیە ئیتر ئەوانیش دەیکەن”.

 

بە تۆمەتی دزیكردن تۆمەتبارێك دەستگیركرا
پێشت بە تۆمەتی دزیكردن تۆمەتبارێك دەستگیركرا
وەزارەتى پلاندانانى عێراق: لە ڕۆژانى سەرژمێریی گشتیدا هاتووچۆ قەدەغە دەکرێت
دواتر وەزارەتى پلاندانانى عێراق: لە ڕۆژانى سەرژمێریی گشتیدا هاتووچۆ قەدەغە دەکرێت
پەیوەندیدار