دوو ڕووداوی لەناكاو بەهای دۆلاری بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزكردەوە



ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، بازاڕەکانی عێراق شایەتحاڵی بەرزبوونەوەیەكی لەناكاوی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بوون، كە ئەوەش بەهۆی دوو ڕووداوەوە بوو، كە هاوکات بوون لەگەڵ یەکتر، ئەوانیش نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و خواستێکی زۆر لەسەر دۆلار بەهۆی گەشتی حاجییان و گەشتی پشووەكانی جەژن، هاوكات قەدەغەکردنی نزیکەی ٢٠٠ کۆمپانیا لە لە مامەڵەكردن بەو دراوە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.

بەدرێژایی مانگی ڕابردوو نرخی دۆلار لە بۆرسە و بازاڕەكانی عێراق لە دەورووبەری 145 هەزار دینار و هەندێك جاریش كەمتر بوو.

بەڵام لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بۆرسە و بازاڕەكانی عێراق و هەرێم تۆمارکراوە، بەجۆرێک نرخی 100 دۆلار 146 هەزار دیناری تێپەڕاند و گەیشتە 146 هەزار و دینار100، هاوکات چاوەڕوانی پسپۆڕان و شارەزایانی بازاڕەکانی دۆلار و بۆرسەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئەگەری نرخی ئاڵوگۆڕکردن دەکەن بەم زووانە.

لە پەنجەرەی فرۆشتنی دراودا دەریدەخات لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا فرۆش بە تایبەتی فرۆشی نەختینەیی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، كە هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی قەدەغەکردن لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بەسەر ١٩٧ کۆمپانیای بازرگانی جۆراوجۆردا، بەو پێیەی ڕێگری لەو کۆمپانیایانە دەکرێت دۆلار بکڕن بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانی خۆیان لە بانکی ناوەندی عێراقەوە.

شارەزایان پێیان وایە، بەدڵنیاییەوە ئەو کۆمپانیایانە بازرگانییەکانیان ڕاناگرن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر کڕینی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانییەکەیان، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە ئەنجامی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر دۆلارە لەم ڕووەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا عێراق لە جەژنی قوربان نزیک دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر خواست لەسەر دۆلار، بەتایبەتی لەلایەن گەشتیارانەوە، كە دەیانەوێت گەشت بكەن بۆ وڵاتان و بۆ ئەوەش پێویستیان بە دۆلار هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە حاجییان سەرەڕای ئەوەی بانكی ناوەندی دۆلاری تا بڕی 3 هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی پێداون، بەلام پێویستیان بە دۆلاری زیاتر هەیە و هاوكات حاجییانی هەرێم، كە ژمارەیان زیاتر لە 4 هەزار كەسە بێبەش بوون لە پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی و بۆ ئەوەش ناچارن لە بازاڕدا دۆلار بكڕن.

دوێنێ‌ دوو شەممە، بەهۆی بڕیاری بانكی ناوەندی عێراق بۆ سزادانی 197 كۆمپانیا بەوەی ڕێگەیان پێ‌ نادرێت مامەڵە بە دۆلار بكەن، بۆیە نرخی دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كردەوە، لەكاتێكدا ماوەی نزیكەی مانگێكە نرخەكەی ڕووی لە دابەزین كردبوو.

ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕی دراوەكان، بەهای دۆلار بەرزبووەوە و نرخی 100 دۆلار گەیشتەوە 146 هەزار دینار.

 

قوباد تاڵەبانی: لە كوردستان ژمارەیەكی بەرچاو لە گەنجانی بە توانا و داهێنەر هەن
پێشت قوباد تاڵەبانی: لە كوردستان ژمارەیەكی بەرچاو لە گەنجانی بە توانا و داهێنەر هەن
ڕەشەبا كۆتایی دێت و پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە
دواتر ڕەشەبا كۆتایی دێت و پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە
پەیوەندیدار