بۆ مووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیاردرا



پەرلەمانی عێراق خشتەكانی بودجەی ساڵی 2024ی پەسەندكرد، كە تیایدا پشكی هەرێم دیاریكراوە و جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت، مووچەی فەرمانبەران جێگیركراوە و بۆ پلەبەرزكردنەوەش دەسەڵات دراوە بە سەرۆك وەزیران بۆ تەرخان كردنی پارە بۆی.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ میدیاكان وتی، “مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گرنتی كرا لەچوارچێوەی بودجەی بەكاربردن وەك خۆی و هیچ كێشەیەكی نییە”.

ڕاشیگەیاند، لەسەر حكومەت پێویستە پابەند بێت بەو خشتانەی خۆی ناردوویەتی و پەسەندكرا، خۆ ئەگەر پێویستی بە حوجەیەك بێت لە شوێنێكدا، كە پێویستی بە بڕە پارەیەك هەبێت بۆ بابەتی خانەنشینی و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، دەسەڵات دراوە بە سەرۆك وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گواستنەوەی پارە لە بڕگەكاندا.

جەختیشی كردەوە، دەسەڵات دراوە بە سەرۆك وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گواستنەوە تا بڕی 200 ملیار دینار بۆ ئەوەی بۆشایی تەرخانكراوی دارایی بۆ خانەنشینی و پلەبەرزكردنەوە پڕبكاتەوە.

لای خۆشیەوە، د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە خشتەكانی بودجەی ئەمساڵدا، كە لە پەرلەمان پەسەندكرا، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بابەتی خەرجیی كرداری (ئینفاقی فیعلی) جیاكراوەتەوە و بەوەش كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربووە.

وتیشی، ” ئەوەی دەمێنێتەوە پابەندییەكانی حكومەتی هەرێمە لەبەرامبەر ناردنی پشكی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كە بەرامبەر بەغداد جێبەجێی بكات”.

هاوكات، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، كە ئەو 2 ترلیۆن دینارەی زیادكراوە بۆ پارێزگاكان هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵام لە بڕگەیەكی خشتەكەدا دەسەڵات دراوە بە سەرۆك وەزیران دەتوانێت گواستنەوە بكات لە بڕگەیەك بۆ بڕگەیەكی دیكە لە پارەی فەرمانبەران.

وتیشی، “دەكرێت سەرۆك وەزیران گفتوگۆی لەگەڵ بكرێت و ڕێككەوتن بكرێت بۆ ئەوەی بەپێی ئەوەی دەسەڵاتی دراوەتێ‌ بابەتی هەمواری مووچەی خانەنشینان و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و بەگرێبەست كردنی وانەبێژان ئەنجام بدرێت”.

جەختیشی كردەوە، مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی ئێستا لە لیستدا هەن گرنتی كراوە بەو مەرجەی هەرێم تەوتینی مووچە بكات، بۆ پلەبەرزكردنەوە و خانەنشینان و وانەبێژان دەبێت دانوستان بكرێت.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار و بە سەرۆكایەتی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە و خشتەكانی بودجەی 2024ی پەسەند كرد، كە بودجەی عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە و نزیکەی 12 تریلیۆن دیناری بەراورد بە ساڵی 2023 زیاتر بووە. لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستانە بۆ ساڵێک، کە 9 ترلیۆن و 55 ملیار دیناری بۆ مووچەیە.

پەرلەمانی عێراق زامنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کرد
پێشت پەرلەمانی عێراق زامنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کرد
پزیشكێك: حەبە سێ دەنکیەکە چوکلێت نییە !
دواتر پزیشكێك: حەبە سێ دەنکیەکە چوکلێت نییە !
پەیوەندیدار