ئەنجوومەنی وەزیران: حكومەتی فیدڕاڵ مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوكێدا نەهێڵێتەوە



ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ناوچە كوردستانییەكان نابێت و دەشڵێت: پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوە بێ‌ كەموكوڕی و لەكاتی خۆیدا ڕەوانەی حكومەتی عێراق بكرێت.

حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە و بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان .

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، کە میوانداریی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرابوو، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی کار و چالاکییەکانی دەستە و دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستە ڕوو. لە هەمانکاتدا، ڕەشنووسی نەخشەڕێگەیەکی پێشنیاز کرد لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتیی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لە ناویشیاندا ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکان، لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق و کارکردن لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هەروا ئاماژەی بە ڕێکاری هەنووکەیی و خێرا بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئیداریی و ئەمنی و سەربازیی ئێستەی ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوەشاندنەوە و ڕێگریی لە ڕێکارە قبوڵنەکراوەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن کرد، ئەمەش پێش هەموو شت پێویستی بە یەک دید و هاوهەڵوێستیی نیشتیمانیی هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان هەیە.

هەر لە میانەی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی دەستە، ئاماژەی بە هەموو ئەو دۆخە دژوار و سەخت و ڕەفتارە نادەستوورییانە كرد کە ئەم ناوچە کوردستانییانە دووچاری دەبنەوە لە ڕووی بەردەوامبوونی سیاسەتی بەعەرەبکردن و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەرکردنی هاونیشتمانییانی کورد لە سەر زێدی باب و باپیرانیان و هەموو ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچانە دەکرێن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هەموو کارمەندانی دەستە کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوان و پڕ زانیارییە و خستنەڕووی ڕاستییەکان لە بارەی دۆخی سەختی ئەو ناوچانە. هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی کوردستانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو ناوچە کوردستانییانە نابێت و داوا دەکات لە سەر بنەمای دەستوور کێشە و پێشێلکاری و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە چارە بکرێت.

دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە سەرۆکی دەستە و هاوکارانی، پشتیوانیی خۆی بۆ هێنانەکایەی نەخشەڕێگە و سیاسەتێکی نیشتیمانی و کوردستانییانە دەربڕی بۆ ناوچە کوردستانیەکان و کارکردنی جیددیی لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی هەرێم و فیدرالیش بۆ بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و دەستبەجێ ڕاگرتنی هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکارانەی ئێست لەو ناوچانە دەگیرێنەبەر، کە هیچ خزمەت بە گیانی پێکەوە ژیان لەو ناوچانە ناکات.

ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە ئاسایی بکرێتەوە و کۆتایی بەو ڕەوش و دۆخە سەربازییە بهێنرێت کە بەسەر ئەو ناوچانە سەپێنراوە و هەموو پێشێلیکاریی و دەستدرێژییەک بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کۆتاییان پێ بێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بەتایبەتی ماددەی 140 كێشە و ناکۆکییەکان چارە بکرێن.

لە هەمانکاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران لێژنەیەکی باڵای وەزاریی پێک هێنا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی دەستەکە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و دانانی پلانی جێبەجێکردنی بۆ ئەو نەخشەڕێگەیە و دۆسیەی خاک، کە لەکارە لەپێشینەکانی حکوومەتە و داوای سەرەکیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان بووە، لەم پێناوەدا جەنگاوە و ئەرکی ئێمەیە بەردەوام بین لە داکۆکیی لەسەر ئەم ناوچانە و نابێت بە هۆی سیاسەتی سەرقاڵکردنی هەرێم بە بابەتەکانی دیکەوە، ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخرێت.

بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2025-2024 کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەڕێکەوتی 2024/5/19 پەسەند کرا، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هات لەگەڵ لیژنەی وەزاریی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە، ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی هەرێم کە دواجار پێداچوونەوەی پێویستی لە سەر خشتەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامدا بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە هەمانکاتدا داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە بە یەک دەنگ داکۆکیی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025. ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاریی هەرێمیشی ڕاسپارد لە هاوئاهەنگیی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، کاری جدییش کراوە لەسەر ئاسانکاریی بۆ بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی تی بی ئای وەک بانکێکی حکومی فیدراڵیی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ کردنەوەی حیسابی بانکیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کران کە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرامبەریشدا، حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێ بگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن.

لە بڕگەی سێیەمدا، کوێستان محەممەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی وەزارەتەکەی خستە ڕوو کە تایبەت بوو بە برەودان بە سندووقی پشتیوانی پرۆژە بچووکەکانی لاوان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر کە ئەم سندووقە پاڵپشتی دارایی بۆ پرۆژەی بچووک و مام ناوەند دابین دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گەشانەوە) کە پرۆژەیەکی هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە پێناو دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ کارخوازان.

ئەنجومەنی وەزیران وەک کارئاسانیی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوودا، بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی %20 لە کۆی گشتیی بەرکەوتەکانی نەگەڕاوە، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەکرێت بۆ دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی کە پرۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بەهۆی هۆی بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.

لە کۆتاییدا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ونیشتەجێکردن، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێگەوبانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی هاتووچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان و بەتایبەتیش ڕێگەوبانی نێوان هەولێر و سلێمانی خستە ڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاسپارد بە هەماهەنگی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتاریەتی ئەنجوومەن و وەزارەتی دارایی وئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ پێداچونەوە بەم دۆسیەیە لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و میکانیزم وڕێکاری پەلەکردن لە تەواوکردنی پرۆژەکانی دووسایدکردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەکییەکان بە تایبەتی نێوان هەولێر و سلێمانی.

کۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ لایەنەکانی کەرکوک کۆتایی هات
پێشت کۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ لایەنەکانی کەرکوک کۆتایی هات
یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار کرا
دواتر یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار کرا
پەیوەندیدار