ئایا مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و عەبدوڵاهیان کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەیە؟



دوای گیان لەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕووداوی هەلیکۆپتەرەکەیدا، ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٨ی حوزەیران ڕاگەیەنرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، حسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و بەشێک لە کاربەدەستانی دیکەی ئێران، لە ئەنجامی تێکشکانی هەلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لەدەستدا.

محەمەد موخبەر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژی دووشەممە، دوای کۆچی دوایی ڕەئیسی، بە جێگرەوەی سەرۆک کۆماری ئێران دەستنیشانکرا، لە کاتێکدا لە کۆبوونەوەی بەپەلەی حکومەتدا بڕیاردرا عەلی باقری هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی ئەرکەکانی وەزیری دەرەوەی وڵات بگرێتە ئەستۆ، لە شوێنی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان.

 

 

ئایا گیان لەدەستدانی ڕەئیسی و عەبدوڵڵاهیان کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەبێت؟

ماڵپەڕی ئەساباس بۆ کاروباری جیۆپۆلەتیک دەڵێت: وڵاتێک کە لەسەر دامەزراوەی گەورە و کۆن دامەزرابێت، هاوشێوەی ئێران، کاریگەری نەبوونی بەرپرسانی لەسەر نییە، بەبێ گوێدانە ئەزموونەکانیان.

ڕاستە مرۆڤەکان لە پێشکەوتنی وڵاتاندا گرنگن، هەندێکجاریش بڕیارەکانیان کاردانەوەی درێژتر لە تەمەنیان لەسەر سیاسەتی وڵاتان و تەنانەت لەسەر جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتیش هەیە، بەڵام پێناچێت نەبوونی ڕەئیسی یان عەبدوڵڵاهیان ئەم کاریگەرییەی لەسەر ئێران هەبێت.

لە ڕووی گرنگییەوە، قاسم سولەیمانی، بێ مشتومڕ لە دوای ئایەتوڵڵا خامنەیی، گرنگترین کەسایەتی ڕژێمی ئێران بوو، کاروبارەکان و سیاسەتی بە درێژای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبرد، تا ئێستاش پێگەکەی بە ناتەواوی پڕکراوەتەوە.

ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕەئیسی لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا بێ بایەخ بێت، بەڵام گرنگییەکەی لە پۆستەکەیدا نییە وەک سەرۆک کۆمار؛ پێگەی سەرۆک کۆماری وێڕای گرنگیی لە سیاسەتی ئێراندا، بەڵام ناتوانێت ڕۆڵی یەکخستنی ڕژێمی هەبێت و هاوسەنگی هێز لە نێوان باڵە سیاسییە جیاوازەکاندا کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە ئەم ڕۆڵە تەنیا لە لایەن ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت.

سەبارەت بە بایەخی ڕەئیسی، ئەمە لە قورسایی کەسیی خۆی لەناو دامەزراوە ئاڵۆزەکانی ڕێژیمدا سەرچاوە دەگرێت، جگە لە بوونی لە کۆمەڵگەی زانایاندا وەک پیاوی ئایینی.

تەواوی مێژووی کۆماری ئیسلامی لە دامەزراوەی قەزاییدا کاری کردووە تا لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا بووە بە سەرۆک کۆماری ئیسلامی، هەروەها بە بڕیاری ڕێبەر، لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە پەیوەندی بە ئەنجومەنی شارەزایانی سەرکردایەتییەوە کردووە کە بەرپرسیارە لە هەڵبژاردن و دوورخستنەوەی ڕێبەری باڵای ئێران.

خامنەیی لە ساڵی ٢٠١٦دا بۆ سەرۆکایەتی دامەزراوەی “مەزاری ئیمام ڕەزا” هەڵبژێردرا، کە پۆستێکە قورسایی مەزهەبی هەیە، جگە لەو کاریگەرییە ئابوورییەی کە لەخۆی دەگرێت، بودجەکەی بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێت، خاوەنی زیاتر لە 30 کۆمپانیا و کارگە و کانە، هەروەها خاوەنی چەکی ئابووریی فرە و هەمەچەشنە، لە هەمووی گرنگتر ئەم هەڵبژاردنە دەرخەری ئەوەیە کە خامنەیی چەند متمانەی بە ڕەئیسی هەیە و کردییە یەکێک لە دیارترین کاندیدەکانی شوێنگرەوەی خامنەیی.

نەبوونی ڕەئیسی کاریگەرییەکی لاوەکی لەسەر سیاسەتی ئێستای وڵات هەیە، بەڵام کاریگەری لەسەر جێگرەوەی داهاتووی خامنەیی هەیە، تا ئێستاش ڕوون نییە ئەگەر ببێتە هۆی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان ڕکابەرەکاندا، دەسەڵات لاواز دەکات یان نا.

هاوکات نەمانی ڕەئیسی لە بەرژەوەندی ڕکابەرەکانیەتی دیارترینیان “موجتەبا عەلی خامنەیی”ە کە چەند پێوەرێک ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوی لەسەر پێگەکەی باوکیەتی کە ببێتە شوێنگرەوەی.

ماڵپەڕی ئەساباب دەڵێت، ئەگەری زۆرە ڕۆیشتنی لەناکاوی سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە، ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی وڵات بە گشتی.

کاتێک باس لە سیاسەتی وڵات دەکرێت بەرامبەر بە پرسەکانی وەک فایلی ئەتۆمی، شەڕی غەززە و گرژی لەگەڵ “ئیسرائیل” ، تەنانەت هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیا و چین و هەروەها سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو، ئەگەری زۆرە هەموو ئەم پرسانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێکهاتەی خودی ڕژێمەکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، شایەتحاڵی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی نەبن.

 

تا ئێستا هۆکاری پشت ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار و هاوەڵانی بە نادیاری ماوەتەوە، ئەوەشی ئاشکرا کراوە وەک “هۆکاری کەشوهەوا” باسی لێوەکراوە، تا ئێستاش ئێران ڕووداوەکەی بە “تیرۆر” ناو نەبردووە، بەڵام بە گشتی لە ئاستی جیهانیدا دەنگدانەوە و سەرسوڕمانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

 

 

کەشناسی: ئەگەری هەورە تریشقە هەیە و پلەی گەرماش بەرزدەبێتەوە
پێشت کەشناسی: ئەگەری هەورە تریشقە هەیە و پلەی گەرماش بەرزدەبێتەوە
نرخی زێڕ نزیکەی 100 دۆلار دابەزی
دواتر نرخی زێڕ نزیکەی 100 دۆلار دابەزی
پەیوەندیدار