ئایا (بازاڕی كار) ئامادەیە بۆ وەرگرتنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان؟



د. سەعید عەلی محەمەد

بەڕێز سەرۆكی حكومەت : ئایا (بازاڕی كار) ئامادەیە، بۆ وەرگرتنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان؟!

پڕۆسەی خوێندن و فێركردن ئەو وەبەرهێنانە ڕاستەقینەیە كە دەوڵەت لە داهاتوودا لە سەری دەوەستێ و بینا دەكرێ ، ئەمەش لەڕێی وەبەرهێنان لەسەر وزە و توانا مرۆییەكان و بایەخ و گرنگیدان بە عەقڵ و لێهاتوویی و لایەنە پسپۆڕییەكان ، ئەوروپا هەر لەڕێی خوێندن و زانستەوە پێشكەوت و، هەر لەڕێی خوێندن و زانستیشەوە بەسەر وڵاتانی تردا زاڵ و سەركەوتوو بوو ، وڵاتێكی پێشكەوتووی وەك – مالیزیا – ش ئێستە هێزە ئابورییەكەی تەنها بە (پڕۆسەی خوێندن)ەوە بەستراوەتەوە ! لە كوردستان و وڵاتی ئێمەدا زانكۆكان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیاد بووندان ، چ زانكۆ حكومییەكان و ڕەسمییەكان ، چ زانكۆ ئەهلی و تایبەتەكان ، ڕۆژانەش لێرە و لەوێ  سەرۆكی زانكۆ و ڕاگری كۆلیژەكان و بەرپرسانی تری وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووبارە دەكەنەوە كە گوایە ئەوان – بەپێی پێویست و داواكاری بازاڕ – قوتابیان بۆ بازاڕی كار ئامادە و پێدەگەیەنن ،  جێی دڵخۆشی و پێزانینە ساڵانە سەدان قوتابی لە بەشە جیاوازەكان زانكۆ تەواو دەكەن و ئامادەیی خزمەت كردنیان هەیە لەبوارە پسپۆڕییە جیاجیاكانی خۆیاندا ، بەڵام پرسیار ئەوەیە :  ئایا بازاڕی كار ئامادەیە بۆ وەرگرتنیان دوای چەندین ساڵ لە خوێندن و ماندووبوون و شەونخونی ؟!! ئەڵبەت واقیع دەڵێ : نەخێر!!

جێی داخە دەرچووی زانكۆ چەندین ساڵ چاوەڕێ دەكات دابمەزرێ ، كاتێكیش دادەمەزرێ ئیتر هیچی لەبیر نەماوە لەو پسپۆڕیی و بابەتە زانستیانەی كە لە زانكۆ خوێندوویەتی و ، هەڵپە و حەزوو ئارەزوو و حەماسەتی ڕابردووشی سست و لاواز بووە ، بۆیە ناچار دەبێت لە دەرەوەی پسپۆڕییەكەی خۆی كار بكات و خۆی سەرقاڵ بكات ، تەنها لەبەرئەوەی سەر شۆڕ نەبێ و دەست بۆ ئەم و ئەو و تەنانەت خێزان و نزیكەكانی خۆیشی پان نەكاتەوە !

بێگومان ئەم قسەیە كەسانی دەرەوەی زانكۆكانیش دەگرێتەوە ، چونكە ئەوانیش بەشێكی گرنگ و سەرەكی نێو بازاڕی كارن و هیچیان لەوانە كەمتر نیە كە دەرچووی زانكۆكان و ناوەندە ئەكادیمیەكانن !

كەسمان گومانی لەوەدا نیە کە لاوەكان و دەرچووەكانی زانكۆ كەوتونەتە نێو شەڕو جەنجاڵییەكی دەروونیی سەختەوە و، هەموو هەوڵ و كۆشش و تەقەللایان گەڕانە بەدوای پەیداكردنی سەرچاوەی ژیان و بەدەستهێنانی مافەكانیان ! هەر لەوپێناوەشدا شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەك بۆ ڕاكردن بەدوای ناسینی بەرپرسانی باڵاو كەسانی دەست ڕۆیشتووی حیزبی و حكومی تا قسەیەكیان بۆ بكات و هەنگاوێكیان بۆ بنێ و ئاسانكاریەكییان بۆ ئەنجام بدات!

بە داخ و حەسرەتێكی زۆرەوە بارودۆخی ئەم وڵاتە ئەم حاڵەت و خووە نێگەتیڤ و ناپەسەند و نەشیاوەی هێناوەتە بەرهەم ، بەتایبەت لەنێو چینێكیشدا كە دەرچووی زانكۆ و خاوەن بڕوانامە و خوێندنی كوالێتی بەرزن و بە نوخبە و دەستەبژێری كۆمەڵگەش لە قەڵەم دەدرێن!

لەوەش ناخۆشترو كارەساتتر ئەوەیە ئەم حاڵەت و دیاردەیە لە سەردەمێك و قۆناغێكدایە كە سەردەم و قۆناغی شۆڕشی تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكردە !!

لە ڕاستیدا گەنج و لاوەكان و ئەكادیمیەكان لەم قۆناغەدا تەواو گیرۆدە بوون بەدەست سەختی ژیان و ڕاكردن بەدوای دەستەبەركردنی سەرچاوەی بژێوی و پێداویستییە ڕۆتینیەكانی ڕۆژانە و ، زامنكردنی ژیانێكی سەر بەرزانە و شكۆمەندانەی دوور لە زەلیل بوون و سەرشۆڕیی ! كە ئەگەر ئەم حاڵەتە بەراورد بكرێ بەدەیان ساڵی ڕابردوو حاڵەتێكی دەگمەنە و نموونەی نەبووە و ، لەڕابردوودا ئەم هەموو ناڕەحەتی و بەربەستە گەورانە لەبەردەم ژیانی لاوەكاندا نەبووە وەك ئەوەی ئێستە حاڵی حازر ئەم چینە كاریگەر و زیندووە پێیدا تێدەپەڕێ!

ئێمە  –  وەک دەبیستین و بۆمان دەگێڕنەوە – لە ڕابردوودا دەرچووانی زانكۆ و كەسە خوێندەوارەكان لە ماوەیەكی زەمەنیی كورتدا بە ئاسانی و بەبێ پەنابردنە بەر كەسانی دەست ڕۆشتوو و بەرپرسانی باڵای دەسەڵات هەلی كاریان دەست كەوتوەو و تەنانەت پارچە زەویشیان پێبەخشراوە ، خۆ ئەگەر ئارەزووشیان کردبێ لە نزیك خزم و كەس و كاری خۆشیان خانوویان بۆ دروست کراوە !!

من دەپرسم : سوود و قازانجی سەروەت و سامانی وڵات چییە كاتێك ئەمە حاڵی بژێوی تاكەكانی و هاونیشتمانیەكانی بێ ؟!  باشە ڕۆڵ و كاریگەریی دەسەڵات و یاساو دامەزراوەكانی حكومەت كامەیە كاتێك ئەمە حاڵی كۆمەڵگە بێ ؟! ئەی سوود و كەڵكی خوێندن و زانكۆ و بڕوانامە و تەكنەلۆژیا دەبێ چی بێ كاتێك كە ئەكتیڤترین توێژی ئەم میللەت و نیشتمانە لە هەرەس و ڕووخانی دەروونیدا دەژی و ژیانی زەلیلی و كولەمەرگی بەڕێ دەكا و چاوەڕێی چارەنووسی نادیاری خۆیەتی ؟!

لێرەدا بە بیری بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەهێنمەوە كە بەڕاستی ئەو بارودۆخەی سەدان و هەزاران گەنج و لاوی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان تێیدا دەژین بارودۆخێكی دەروونیی و ئابووریی ئێجگار ناهەموارو بێتاقەت كەرو پڕوکێنەرەو ، هەموانی بەرەو بێ  ئومێدی و ڕووخان و هەرەسهێنان و ساردبوونەوە و ڕەشبینییەكی بێ سنوور بردووە چ بەرانبەر بە داهاتوو و چارەنووسی خۆیان ، چ بەرانبەر بە داهاتوو و چارەنووسی وڵات و نیشتمان و دەسەڵات!!

جا ئەگەر دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار چارەسەرێك بۆ  ئەم گرفتە نەدۆزێتەوە و ڕۆڵی باوكانەی خۆی نەبینێ لە چارەسەركردن و بەدەمەوە چوونی ئێش و ئازارەكانی ئەم توێژە زیندووە ئەكادیمیە ئەكتیڤەی كۆمەڵگە ، ئەوا داهاتووی وڵات و نیشتمان و كۆمەڵگە و دەسەڵاتیش بەتێپەڕبوونی كات دەكەوێتە تونێلێكی تاریكەوە!! ئینجا ئیتر هیچ جۆرە  سیقەو متمانەو مانایەكیش نامێنێتەوە بۆ دروشمی بریقەداری (بەرەوپێش بردنی وڵات) و (پێشخستنی پڕۆسەی خوێندن) و (گەشەپێدانی كۆمەڵگە) و (سوود وەرگرتن لە وزە و توانای گەنجەكان) و (تۆكمەكردنی ژێرخانی ئابووریی) و (برەودان بە بازاڕی كار) و چەندین دروشمی تر كە ڕۆژانە لێرە و لەوێ گوێبیستیان دەبین لە سەرۆكی حكومەتەوە!

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی کۆدەبێتەوە
پێشت نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی کۆدەبێتەوە
تەیف سامی بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەركرد
دواتر تەیف سامی بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەركرد
پەیوەندیدار