بارزانی: گەلی كوردستان ئاشتی و تەبایی و هاوبەشی ویستوە



سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەڕێگەی شەڕ و نكۆڵیكاری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی گەلی كوردستان هیچ ئەنجامێكی نەبووە و نابێت.

بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دوو شەممە 13ی ئایاری 2024 لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە شاندێكی ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، كە پێكهاتبوو لە پڕۆفیسۆر میسێل ڤیڤۆركا و پڕۆفیسۆر فابیریسل بەلانش و ماریۆس ئیكسپۆزیتۆ و تیالی یلمەن و دكتۆر عادل باخەوان.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “لە دیدارەكەدا شاندەكە پێزانینی بۆ قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەبوو لە خەبات و كۆڵنەدانی بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕۆڵی بارزانیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بەرز نرخاند و هەروەها ستایشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستانیان كرد”.

هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆیەكی تێروتەسەل و كراوە لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهات و هەڕەشە و مەترسیەكان لە عێراق و ناوچەكە و هاوكێشە هەرێمایەتی و دەولییەكان و هەروەها ڕەوایەتی و ئاییندەی دۆزی گەلی كوردستان و سەقامگیریی ناوچەكە كرا.

پەیوەست بە مافەكانی گەلی كوردستان بارزانی وێڕای شیكردنەوەی ڕەهەندە مێژوویی و سیاسی و یاساییەكانی ڕەوایەتیی دۆزی گەلی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و هەروەها خەباتی گەلی كوردستان بۆ پارێزگاریكردن لە مانەوە و پێشخستنی دۆزی خۆی، جەختی لەوە كردەوە، “یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەڕێگەی شەڕ و نكۆڵیكاری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی گەلی كوردستان هیچ ئەنجامێكی نەبووە و نابێت و باشترین ڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە كێشەی گەلی كوردستانیشەوە لە ناوچەكەدا لەیەكتێگەیشتن و ئاشتی و ڕێكارە دیموكراتییەكان و دیالۆگە”.

وتیشی، “بە درێژایی مێژوو، گەلی كوردستان ئاشتی و تەبایی و هاوبەشی ویستووە و هیچكات دەستپێشخەری شەڕ و گرژی نەبووە”.

 

“دووپشك”ەكە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا
پێشت “دووپشك”ەكە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا
دوكانێك لەسەر فرۆشتنی جگه‌رەی ئه‌لیكترۆنی به‌مێردمنداڵان داخرا
دواتر دوكانێك لەسەر فرۆشتنی جگه‌رەی ئه‌لیكترۆنی به‌مێردمنداڵان داخرا
پەیوەندیدار