پێشنیارێك بۆ دابەشكردنی بەشێكی مووچە بە دۆلار دەدرێتە حكومەت



لەكاتێكدا ڕۆژ بەڕۆژ نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دینار بەرزدەبێتەوە و هاووڵاتیانی تووشی قەیرانی گەورە و گرانی كردووە، سەركردەیەكی هاوپەیمانی فەتح، كە بەشێكی پێكهێنەری حكومەتی نوێی عێراقە ئاشكرای دەكات، بە ئەگەرێكی زۆرەوە پێدەچێت بەشێكی مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار دابەش بكرێت و دەشڵێت: “ئەو پێشنیارە دەخرێتە بەردەم حكومەت” هاوكات سەرۆك وەزیران ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەكات بۆ دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار.

ماوەی چەند ڕۆژێكی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دینار ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار دینار و لە ئێستاشدا دوای كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیران لەگەڵ بانكی ناوەندی، بەهاكەی بە بڕی 4 هەزار دینار دابەزیوە.

عودەی عەبدولهادی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بۆ (بغداد الیوم) ڕایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق جێگەی نیگەرانی ڕاستەقینەیە بەهۆی فشارە ڕاستەوخۆکانی لەسەر بازاڕەکان و بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی سەرەتایی، لەگەڵ ئامادەبوونی ئەو کەسانەی هەوڵدەدەن دەرفەتەکە بقۆزنەوە بۆ دروێنەکردنی قازانج بەبێ ئەوەی گرنگی بە کاردانەوەکانی لەسەر توێژە هەژارەکان بدات.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا زۆر بیرۆکە پێشنیار دەکرێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تای بەرزی نرخی دۆلار، کە دیارترینیان پێدانی ٢٠-٢٥%ی مووچەکانیان بە فەرمانبەرانی دەوڵەتە بە دۆلاری ئەمریکی بە نرخی ئاڵوگۆڕی بانکی ناوەندی بە مەبەستی زیادکردنی دابینکردن و کەمکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕکردن.

وتیشی، “بیرۆکەکە لەم هەفتەیەدا دەخرێتە بەردەم حکومەت تاوەكو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێ‌ بدات”.

جەختیشی كردۆتەوە، سیاسەتی دراو لە لایەن دەسەڵاتەکانی بانکی ناوەندییەوە پێناسە دەکرێت و هەر خۆشی ئەو لایەنەیە، کە هەڵگری ئەنجامی خێرابوونی بەرزبوونەوەیە.

ئاشكراشی كرد، ناڕوونییەکی گەورە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی لەناکاودا هەیە و ئەو پاساوانەی، کە دەخرێنەڕوو تا ئێستاش هەروا هەیە تا ئێستا وەڵامی بڕوا پێهێنەری نەداتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، بە بۆچوونی شارەزایانی ئابووری، ناكرێت حكومەت مووچە بە دۆلار بدات، چونكە دینار دراوی نیشتمانی وڵاتە و لەلایەن دەستوور و بانكی ناوەندییەوە پەسەند كراوە و بودجەی گشتی وڵاتیش (داهات و خەرجی) هەر لەسەر بنەمای دینار دادەڕێژرێتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا و دوای پڕۆسەی “ئازادی عێراق” لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانانەوە لە ساڵی 2003دا، لەلایەن حاكمی مەدەنی ئەو كاتەی عێراقەوە، كە لە لایەن ئەمریكاوە دانرابوو بەناوی “پۆڵ بریمەر” چەند مانگێك مووچە بە دۆلاری ئەمریكی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەش كرا.

چەند ڕۆژێكە لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكایی هەتا دێت زیاتر دادەبەزێت، ئەوەش بە بڕوای شارەزایانی دارایی و بانك، كاریگەری لەسەر گوزەرانی هاووڵاتییان دادەنێت بەو پێیەی كاڵاو شمەكەكانی بازاڕ بە دۆلار مامەڵەیان پێوەدەكرێت و داهات و مووچەی هاووڵاتییانیش دینارە.

نرخی دۆلار بەجۆرێك بەرزبووەتەوە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا كە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و لە ماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە 12 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، بەجۆرێك ئەمڕۆ سێ شەممە، 27\12\2022 نرخی 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار دیناری عێراقی.

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانك، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەر بەرزبوونەوەیەك لە بەهای دۆلار كاریگەری دەكاتە سەر نرخی كاڵا و شمەكەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، چونكە هەردوولا پێكەوە یەك سیاسەتی نەختینەیی و یەك دراویان هەیە، هەردوولا هاوردەكەرن و زۆربەی كاڵاكان لە دەرەوە هاوردە دەكەن، كە نرخەكان بە دۆلارن.

وتیشی، “كاتێك بەهای دیناری عێراقی دادەبەزێت، مووچەی هاووڵاتییان كەمە بەراورد بە كاتێك كە بەهای دراوە عێراقییەكە جێگیرە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار وەك خەنجەرێكە بۆ گیرفانی هاووڵاتییان و فەرمانبەران”.

بەرزبوونەوەی زیاتری دۆلار و ناڕەزایی لایەنە سیاسییەكان و هاووڵاتیان وای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد ڕاستەوخۆ دەستوەردان بكات و لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی كۆببێتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێكاری بە پەلە بۆ دابەزاندنەوەی نرخەكەی.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕایگەیاندووە، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی گشتی نرخەكان و ڕێژەی ئاڵوگۆر بەپێی ئەو ئەركانەی، كە لە ماددەی (3 و 4) ی یاسای بانكی ناوەندی عێراقدا هاتووە هەنگاو بنێن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە بانكی ناوەندی ڕێكارە پێویستەكان بگرێتە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە گومرگی نایاسایی و هەموو ئەو شتانەی، كە زیان بە بازاڕی ناوخۆ دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكان.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەرلەمان كۆدەكاتەوە
پێشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەرلەمان كۆدەكاتەوە
عێراق سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژی دامەزراند
دواتر عێراق سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژی دامەزراند
پەیوەندیدار