ساڵیادی کۆچی دوایی حەپسەخانی نەقیبە



ژنێکی کاریگەری و خاوەن پێگە لە ناوچەکەدا، دامەزرێنەری یەکەمین خوێندنگای کچانە لە باشووری کوردستان، ئەمڕۆ ٧١ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی حەپسەخانی نەقیبدا تێدەپەڕێت.

حەپسەخانی نەقیب لە ١٨٩١ لە دایکبووە، نەوەی کاک ئەحمەدی شێخە، کچی نەقیب مەعروفی بەرزنجییە، ساڵی ١٩٢١ لەگەڵ شێخ قادری حەفیدی ئامۆزای و برای شێخ مەحمودی نەمر هاوسەرگیری کردووە.

ژنێکی بوێر بووە، چالاکوان و سیاسەتوان بووە، هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی و بڵاوکردنەوەی خوێندەواری داوە، ساڵی ١٩٢٦ یەکەمین قوتابخانەی کچانی لە ماڵەکەی خۆیدا کردووەتەوە، نەخوێندەواری وەک دەردێکی کوشندەی کۆمەڵگای کوردی بینیوە.

لە قوتابخانەکەدا گرنگی بە زمانی کوردی، ئەدەبی کوردی و شعری شاعیران دراوە، خۆی بووەتە یەکەمین خوێندکار لە قوتابخانەکەدا.

خەمخۆری ژنان بووە، هەوڵی هۆشیاکردنەوەی ژنانی داوە، لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٣٠ یەکەمی کۆمەڵەی ژنانی بە ناوی کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد دروستکرد، بارەگای تایبەتیان هەبووە، ڕۆڵێکی دیاریان لە داکۆکیکردن لە مافی ژناندا هەبووە، هەمان ساڵ نامەیەکی سیاسی و مێژوویی بۆ ڕێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوەکان لە جنێف نووسی و ڕاشکاوانە داوای مافی کوردی کرد.

کۆمەڵەیەکی خێرخوازی بۆ هاوکاری کەسانی کەمدەرامەت و نابیناکانی مزگەوتی گەورە دروستکردووە، لەسەروبەندی دروستکردنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، توانیوویەتی هاوکارییەکی گەورەی ماددی پێشکەشی کۆمارەکە بکات، زێڕەکانی خۆی و ژنانی کەسوکاری و ژنانی دەوڵەمەندی سلێمانی کۆکردووەتەوە و ناردوویەتی بۆ کۆماری مەهاباد، قازی محەمەدیش ڕێز و سوپاسنامەی تایبەتی ئاڕاستە کردووە.

حەپسەخان پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ شاعیرانی ئەو سەردەمە هەبووە، دۆستی شاعیران و ئەدیبان بووە، لەگەڵ پیرەمێردی شاعیردا هاوڕێ بوون، پیرەمێر هەمیشە حەپسەخانی بە “خوشکێ”بانگکردووە.

ئەو ژنە خەمخۆرە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت، لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٥٢ بۆ چارەسەر ڕوودەکاتە بەغدا، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٥٣ دەگەڕێتەوە، لە کاتی گەڕانەوەی لە خانەقای کەرکوک لادەدات، بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستی لە ڕۆژی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣ گیان لەدەستدەدات، پاشان گەڕێنراوەتەوە سلێمانی و لە گردی سەیوان بەخاکسپێردراوە.

 

دیاری جەژن بە هێزی زیرەکی دەستکرد” لە سامسۆنگەوە
پێشت دیاری جەژن بە هێزی زیرەکی دەستکرد” لە سامسۆنگەوە
مووچەی مانگی چوار دابەشدەکرێت
دواتر مووچەی مانگی چوار دابەشدەکرێت
ەیوەندیدار