ئەگەر بانكێكی ئەهلی مایەپووچ ببێت پارەی مووچە دەكەوێتە ئەستۆی كێ‌؟



دوابەدوای بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ بە بانكی كردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لەچوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) لەڕێگەی بانكە ئەهلییەكانەوە، مووچەخۆران ترسی فەوتانی مووچەكانیان نابێت، چونكە وەك ڕاوێژكارێكی یاسایی دەڵێت: لەكاتی مایەپووچ بوونی یەكێك لەو بانكانەی مووچەكە دابەش دەكات بەكارت بەرپرسیارێتی مووچەكە لە ئەستۆی حكومەتە.

عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژكاری یاسایی بۆ (خەڵك) وردەكاری پرسی دابەشكردنی مووچە لەڕێگەی بانكی ئەهلییەوە ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، لەحاڵەتی مایەپووچ بوونی بانكی ئەهلی، بەرپرسیارێتی مووچەكە لە ئەستۆی حكومەتە، چونكە مووچە لە نیزامی گشتیە.

وتیشی، “بەتێگەیشتن لە حوکمەکانی ماددەی (٦٠) لە یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە ٢٤ ی ساڵی ١٩٦٠ حکومەت بەپرسیارە لە ڕادەستکردنی مووچە بەدەستی فەرمانبەر وەک خۆی، بەپێچەوانەوە ئەگەرهاتوو بەهەر هۆکارێک حکومەت نەتوانێت ئەم پابەندییە جێبەجێ بکات، ئەوا بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر بە مووچەی فەرمانبەرەکە”.

جەختیشی كردەوە، بۆ حاڵەتی ئێستاش ئەگەر هاتوو ئەو بانکە ئەهلییەی مووچەی فەرمانبەرەکەی تێدا تەوتین کراوە شکست بهێنێ لە دابینکردنی مووچەکە یان مایەپووچ ببێت، ئەوا حکومەت بەرپرسیارێتی دابینکردنی مووچەکە دەگرێتە ئەستۆ، چونکە مووچە لە نیزامی گشتیە و رێگەپێدراو نیە دەستی بۆ ببرێت یان بفەوتێنرێت.

لەئێستادا بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر كراوە و لە ماوەی یەك هەفتەدا مووچەی مانگی 2 و 3 دابەشكرا و دابەشكردنی مووچەی مانگانە ڕێككراوەتەوە، بەڵام بڕگەیەكی دیكەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی جێگەی گفتوگۆ و دانووستانی هەرێم و عێراقە، كە ئەویش “تەوتینی مووچەیە لە بانكی حكومی فیدڕاڵی” بەڵام حكومەتی هەرێم سوورە لەسەر پڕۆژەی هەژماری من، كە مووچە بكاتە كارت و لەڕێگەی چەند بانكێكی ئەهلییەوە مووچە دابەش بكات.

هاوكات، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئاشكرایان كردووە، كە بڕیارە بانكی (تی بی ئای)ی عێراق و بانكی (بەغداد) بێنە ناو پڕۆژەی هەژماری من.

ئەوقافی هەرێم یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری دەكات
پێت ئەوقافی هەرێم یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری دەكات
نێچیرڤان بارزانی: تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە كاتی هەڵبژاردندا نەكراوە
دوات نێچیرڤان بارزانی: تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە كاتی هەڵبژاردندا نەكراوە
پەیوەندیدار