قەیران بە قەیران دەسپێردرێت…!



عەبدولواحید محەمەد – نووسەر

دەڵێن کابرایەک خاوەنی ژنێک و چوار منداڵ دەبێت، لەگەڵ دایکی و خەسووی لە یەک ژوری بە کرێ دەژیان، پەنا دەباتە بەر ‘جوحا’ کە بە حەکیمی عارەبان ناسراوە، پێێ دەڵێت حاڵمان زۆر خراپە و لە یەک ژوور دەژین چی بکەین، ئەویش پێی دەڵێت بڕۆ کەرێک بکڕە لەگەڵ خۆتانی دابنێ ، دوای وەرەوە ئاگادارم بکەوە، پیاوەکە کەرەکەی کڕی و دوای دوو ڕۆژ هاتەوە لای گوتی قوربان حاڵمان خراپتر بووە، پێی وت بڕۆ مەڕەکیش بکڕە و لەگەڵ خۆتانی دابنێ و وەرەوە ئاگادارم بکەوە، کابرا چوو مەڕێکی کڕی و لەگەڵ خۆیان داینا، دوای هاتەوە لای جوحا و وتی قوربان حاڵمان زۆر خراپ بووە ئاراممان لێبڕاوە، وتی باشە بڕۆ مریشکێکیش بکڕە و لەگەل خۆتان دای بکە دوایی وەرەوە ئاگادارم بکەوە، پیاوەکە بە گوێیکرد و دوای دوو ڕۆژ چۆوە لای و وتی ژیانمان نەماوە بە تەواوی بێزاربووین، خەریکە باری خێزانیم لە گرێژنە دەردەچێت.

وتی باشە بڕۆ کەرەکە بفرۆشەوە و وەرەوە لام بزانم چۆنن، کابرا وای کرد و دوای دوو ڕۆژ هاتەوە لای، لێی پرسی ئێستا چۆنن، گوتی باشترین، گوتی دەباشە بڕۆ مەڕەکەش بفرۆشە و وەرەوە لام، کابراش وایکرد و مەڕەکەشی فرۆشت، دوایی هاتەوە لای جوحا، ئەویش لێی پرسی ئێستا چۆنن، کابرا وتی زۆر باشترین خەریکە ئاسایی دەبینەوە، گوتی دەباشە بڕۆ مریشکەکەش بفرۆشە و وەرەوە لام، پیاوەکە مریشکەکەشی فرۆشت و دوای دوو ڕۆژ هاتەوە لای حەکیم، ئەویش لێی پرسی ئێستا چۆنن، کابرا وتی زۆرسوپاس، زۆر باشین هێچ کێشەیەکمان نەماوە لە حاڵ و وەزعێکی ئاساییدا دەژین.

بەداخەوە ژیانی خەڵکی هەرێم بەگشتی، مامۆستایان و فەرمانبەران بەتایبەتی ڕێک لە دوای ڕاپەڕینەوە بەو شێوەیەیە، بەردەوام قەیرانی جۆراجۆر هەبووە و کەم کەسیشی لێ بەدەربووە، تەنها ئەوانە نەبن کە فابریکەی قەیرانەکان بوون، ئاشکراشە بۆ مەبەستی تایبەتی و کەسی بووە، بەڵام سەردەمانێک قەیرانەکان لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە بەهەند وەرنەگیرا، لەبەرئەوەی هەستەکە بۆ ئەوە نەدەچوو کە بەمەبەست کرابێت، بۆ نمونە کە کارەبا زۆر کەم بوو، وا لێکدەدرایەوە حکومەت ساوایە و ناتوانێ دابینیبکات، ئیتر ئەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەچووە عەقڵەوە و بێدەنگی لێدەکرا.

بەڵام بەڕاستی ئەوەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە دەگوزەرێت، هەر لە ئابووری سەربەخۆ و دواجار نەبوونی مووچە، پاشەکەوت، لێبڕین، نەدانی مووچە، پەیوەندی خراپی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند، پەیوەندی خراپی نێوان لایەنە سیاسیەکان، هەڵپەساردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕیفراندۆم و پێداوەرە بۆ کۆمەڵێک قەیرانیتر وەکو نەبوونی خزمەتگوزاری بەپێی پێویست و پێنەدانی پێدراوە یاساییەکانی مووچەخۆران هەروەها پێشێل کردنی ئازادی تاکە کەسی گشتی و ڕۆژنامەگەری، هاتنەناوەوەی هێزەکانی ئەم و ئەو، دەوڵەمەندبوونی کۆمەڵێک خەڵک بەناهەق و لەسەر حسابی ئەم میللەتە، ئەمە موسلسەلەێکی دوور و درێژە و لە بن نایێت.

هەموو ئەوانە قەیران گەلێکی دروستکراون، تێکڕای بۆ ساغکردنەوەی ئەجیندای تایبەتە بەسەر سەری ئەم گەلە بەشمەینەتە و ڕازیکرنیان بووە بەو ژیانە کولە مەرگیەی و پێدانی ئەو پێنج و دوو قرۆشەی لە دەستیان دەبۆوە، بە بەڵگەی ئەوەی بای یەک ماقڕ کاریگەری لەسەر سەروەت و سامان و ژیانی شاهانە و باری دەرونی و سەوداکاریەکانیان نەبووە، ئەوەی زەرەر مەند و ماڵوێران و کاسەبەتاڵ و ڕەنجەڕۆ و بێئومێد بووە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵک بووە بە مامۆستایان فەرمانبەرانیشەوە.

دواترین گەواهی ئەو ڕاستیە سیناریۆی بێنەوبەردەی مووچەی مانگی دوو بوو، ئاشکرایە دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری تایبەت بە مووچەی دەرکرد، زۆربەی فەرمانبەران و مامۆستایان پێیان باش بوو، بەو هەژمارەی ئیتر حیکایەتی ناخۆش مووچە کۆتایی دێت و دەبڕێتەوە، بینیمان چ بەزمێک دروستکرا، چۆن بەپاساوی ئەوەی پارەکە بە تەواوی نەهاتووە و دادگای فیدرالی نادەستوریە، زیاتر لە بیست ڕۆژ مووچەکانیان دواخست و نەیاندا، هاوزەمان بۆڵە بۆڵەکی ناخۆشیش کەوتە نێوان لایەنەکان، بێ ئەوەی حساب بۆ ئەوە بکەن خۆ ئەوە تەنها شەڕ لەگەڵ یەکتر نییە، بگرە شەڕێکی ڕاستەقینەیە لەگەڵ خەڵک و مووچەخۆران، ئاخر ئەوان چ پەیوەندیان بەوەی هەیە کێ نیشتمانییە و کێ نیشتمانی نیە، بەپێچەوانە مووچە و بژێوی ژیانیان دەوێت.

بە بڕوای خۆم قەیران دروستکردن یان قەیران بە قەیران سپاردن ئینجا هەر جۆرە قەیرانێک بێت سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی باوی نەماوە و دەستەکان کەشفبوون باشترە چیتر هیواکانی لەسەر هەڵنەچنرێت، تاکە ڕێگە خزمەتکردنی ئەم خەڵکەیە و بەس.

عێراق بڕیاری خەرجكردنی مووچەی پاشەكەوتكراوی دوو ساڵی توێژێكی دا
پێشت عێراق بڕیاری خەرجكردنی مووچەی پاشەكەوتكراوی دوو ساڵی توێژێكی دا
یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە هەڵوێستی ڕاگەیاند
دواتر یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە هەڵوێستی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار