ئەو گروپەی هێرشەکەی دوێنێ شەویان ئەنجامدا…کێشەیان لەگەڵ پوتین چییە؟



داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی بۆ سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆ لە ڕۆژی هەینی ڕاگەیاند، ئەمەش کۆمەڵێک پرسیاری بە دوای خۆیدا هێناوە کە بۆچی ڕووسیا بە ئامانج گیرا و بۆچی چەند ڕۆژێک پێشتر ئەمریکا هۆشداری دابوو.

گروپی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە تیرۆریستییە کوشندەکەی گرتە ئەستۆ کە هۆڵێکی کۆنسێرتی مۆسکۆی کردە ئامانج، لە هۆڵی شارەوانی کرۆکوس کە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە کرێملینەوە دوورە، هێرشکەرەکان تەقەیان لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە کردووە، زیاتر لە ٦٠ کەس کوژراون و ١٤٥ کەسی دیکەش برینداربوون.

بەشێوەیەکی دیاریکراوتر، داعش-خۆراسان کە لقی ئەفغانیی داعشە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، خۆراسان زاراوەیەکی کۆنە بۆ هەرێمێک کە سەردەمانێک بەشێک لە ئێران، تورکمانستان و ئەفغانستانی لەخۆگرتبوو.

ئەم گروپە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٤ لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان سەریهەڵدا و مێژوویەکیان لە ئەنجامدانی هێرش لە ناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان هەیە، لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ چەکدارەکانی بەرپرسیارێتی خۆیان لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی کوشندە لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە کابول ڕاگەیاند.

ڕاپۆرتێکی کەناڵی ABC Net ئاماژە بەوە دەکات کە دڵنیایی نییە لەوەی داعش-خۆراسان لە پشت هێرشەکەوە بێت، چونکە داعش پێشتریش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاندووە کە هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەبووە، بەڵام بانگەشەی ئەو گرووپە کە لەپشت هێرشەکەی مۆسکۆوەیە، لەلایەن هەواڵگری ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی ئەعماق سەر بە داعش لە دوای هێرشە چەکدارییە کوشندەکەی لە تێلێگرام ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، چەکدارەکانی هێرشیان کردووەتە سەر هۆڵێکی  مۆسکۆ، کە بەهۆیەوە سەدان کەس کوژراون و برینداربوون، وێرانکارییەکی گەورەیان لەو شوێنەدا دروستکردووە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕووسیا لە ٨ی ئازاردا هۆشداری دا کە “توندڕەوەکان” پلانی نزیکیان هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشێک لە مۆسکۆ، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک هات لە ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی بۆ سەر پەرستگایەکی جووەکان لە مۆسکۆ.

 

ئایا پاڵنەری داعش-خۆراسان بۆ هێرشەکەی ڕووسیا چییە؟

شارەزایان دەڵێن، داعش-خۆراسان ساڵانێکە دژایەتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەکات، کۆلین کلارک، لە سەنتەری سۆفان، ناوەندی سەربەخۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی دەرەوە، دەڵێت: داعش-خۆراسان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەرنجی خۆی لەسەر ڕووسیا چڕکردووەتەوە و زۆرجاریش لە پڕوپاگەندەکانیدا ڕەخنەی لە پوتین گرتووە.

مایکل کوگلمان لە سەنتەری ویڵسن کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، ڕایگەیاند: داعش-خۆراسان ڕووسیا بە هاوبەشی ئەو چالاکییانە دەبینێت کە بەردەوام دژایەتی لە موسڵمانان دەکەن، گروپەکە ژمارەیەک چەکداری لە ئاسیای ناوەڕاستیش لەنێو ئەندامەکانیدا جێگیرکردووە کە ناڕەزاییان بەرامبەر مۆسکۆ هەیە .

 

داعشی خۆراسانی کێن؟

داعش لە پارێزگای خوراسان دەیان هێرشی کوشندەی لە ئەفغانستان ئەنجامدا و قوتابخانە، مزگەوت و ژنانی کردە ئامانج و ئێستا دوژمنە سەرسەختەکەی بەرپرسیارە لەو وڵاتەی کە دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی بکەن.

پوتین ڕێڕەوی شەڕی ناوخۆی سوریای گۆڕی کاتێک لە ساڵی ٢٠١٥ دەستوەردانی کرد، پاڵپشتی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری کرد دژی ئۆپۆزسیۆن و داعش، لە لوتکەی دەسەڵاتەکەیدا، داعش نزیکەی یەک لەسەر سێی سوریا و ٪٤٠ی عێراقی کۆنترۆڵکرد، بەڵام لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا ٩٥٪ی لەدەستدا.

گروپی قەفقازی داعش هەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەی قەفقازی باکووری ڕووسیا کە زۆرینەی موسڵمانە چالاکە، بە تایبەت لە کۆمارەکانی ڕووسیا وەک چیچان، داگستان، ئینگوشیا و کابەردینۆ.

چیچان مێژوویەکی دوورودرێژی لە یاخیبوون لە دەسەڵاتی مۆسکۆ هەیە، یاخیبوونێکی ئیسلامی بووەتە هۆی پێکدادانی چەکداری لە نێوان ڕووسیا و چەکدارەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٧، داعش بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە مێژە چەکدارانی لە ڕووسیا و ناوچەکانی دیکەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو وەرگرتووە.

 

ئەوە یەکەم هێرشی تیرۆریستی نییە بۆ سەر ڕووسیا

ئەگەر داعش لە پشت تەقەکردنەکەی مۆسکۆوە بووایە، ئەوا دوایین هێرشی زۆرێک لە هێرشەکانی پەیوەست بە ئیسلامییەکان لە ڕووسیا یان دژی ڕووسیا لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دەبوو.

وڵاتەکە لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ لە کاتی شەڕی ڕووسیا لەگەڵ جوداخوازان لە چیچان بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی تیرۆریستی کوشندە هەژێندرا.

 

چاوەڕوانی چی بکەین لە خولی داهاتووی پوتین؟

ڕایلی ستیوارت بەم شێوەیە باسی دەکات، بڕیارە حوکمڕانی سەرۆکی ڕووسیا شەش ساڵی دیکە بەردەوام بێت، بەڵام لەو ماوەیەدا وڵاتەکەی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و لەشکرکێشییەکی وێرانکەر بۆ سەر ئۆکرانیا و زیادبوونی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی.

لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٢ چەکدارانی چیچانی لە شانۆیەکی مۆسکۆ نزیکەی ٨٠٠ کەسیان بە بارمتە گرت، دوای دوو ڕۆژ هێزی تایبەتی ڕووسیا هەڵیانکوتایە سەر بیناکە، ١٢٩ بارمتە و ٤١ چەکداری چیچانی کوژراون، کە زۆربەیان لە کاریگەریی ئەو گازە بێهۆشکەرانە بوون کە هێزەکانی ڕووسیا بەکاریان هێنا.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٤ نزیکەی ٣٠ چەکداری چیچانی دەستیان بەسەر قوتابخانەیەکدا گرت لە شاری بێسلان لە باشووری ڕووسیا و سەدان کەسیان بە بارمتە گرت، گەمارۆدانەکە دوای دوو ڕۆژ بە خوێنڕشتن کۆتایی هات، زیاتر لە ٣٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە نزیکەی نیوەی ئەو کەسانە منداڵ بوون.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ بۆمبێکی چێندراو لەلایەن داعشەوە فڕۆکەیەکی ڕووسی لە ئاسمانی سینا لە میسر خستە خوارەوە و هەر ٢٢٤ سەرنشینی ناو فڕۆکەکە کوژران، زۆربەیان ڕووس بوون کە لە پشوو لە میسر گەڕابوونەوە.

ئەو گرووپە بەرپرسیارێتی خۆی لە چەند هێرشێک لە قەفقاز و ناوچەکانی دیکەی ڕووسیا لە ساڵانی ڕابردوودا گرتووەتە ئەستۆ.

 

ئەمڕۆ تاوه‌بارانی به‌خوڕ و ته‌رزه‌ دەستپێدەکات
پێشت ئەمڕۆ تاوه‌بارانی به‌خوڕ و ته‌رزه‌ دەستپێدەکات
چیتر سەبری ئەم میللەتە تاقیمەکەنەوە…!
دواتر چیتر سەبری ئەم میللەتە تاقیمەکەنەوە…!
ەیوەندیدار