هێڤیدار ئەحمەد: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی وەک هێرشەکانی داعش وایە بۆسەر هەرێمی کوردستان



پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دا، پەرلەمانتارێکی پێشووی کوردستانیش دەڵێت، “بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی وەک هێرشەکانی داعش وایە بۆسەر هەرێمی کوردستان، پێویستە ڕێگرییان لێبکرێت”.

وادەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نزیکدەبێتەوە و بڕیارە لە ١٠ی حوزەیران بەڕێوەبچێت، ڕۆژی ٢١ی مانگی شوباتیش دادگای فیدڕاڵی لەبارەی چەند ماددەیەکی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، کورسییەکانی پەرلەمانیشی لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی کەمکردەوە، کە ئەو ١١ کورسییە تایبەت بوون بە کۆتاکان.

دوێنێ دووشەممە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند کە بڕیارە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ تۆڕی میدیای خەڵک سەبارەت بە بەشدارینەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، پارتی بە بێ هۆکار و زانیاری ئەم بڕیارەی نەداوە، ئەوانەشی ئەم دۆخەیان دروستکردووە لە یەکێتی، گۆڕان و هاووڵاتییانی کوردستانیش ئەمە باش دەزانن.

وتیشی، نیەتەکە زۆر دیارە و پارتی دەزانێت کە پیلانێکی چەند گەورە بۆ گورزلێدانیی هەبووە، بەڵام پارتی حزبێک نییە ئەمڕۆ دروست بووبێت تا هەر شتێک کە بیانەوێت بتوانن بەرامبەری ئەنجامی بدەن

ئەوەشی خستەڕوو، پارتی هەرگیز لە پرۆسەی هەڵبژاردن نەترساوە، هەمیشە هانی هەموولایەکی داوە کە هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی ناچێتە پرۆسەیەکەوە کە پیلانەکان لە دژی بن، لە خۆیدا ئەمە عەیبدارکردنی کوردستانە کە پێش هەڵبژاردن کورسی دابەشکرابێت.

ڕۆی ٢١ شوبات لەسەر سکاڵایەک کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوو، دادگای فیدڕاڵی لە چەند ماددەیەکی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و کورسی کۆتاکان بڕیاری دا.

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی وتی، پڕۆسەی هەڵبژاردن تایبەتە بە خەڵکی کوردستان، تا لایەنێکی دیکە بڕیار لە چارەنووسی بدەن، چونکە بەهای ئەم هەرێمە، خەڵکەکەی و خەباتەکەی نامێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دادگای فیدڕاڵی عێراق نادەستوورییە، بڕیارەکانی عێراق و دادگای فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان وەک هێرشەکانی داعش وایە بۆسەر هەرێمی کوردستان و دەبێت ڕێگریان لێبکرێت.

هاوکات شەوی ڕابردوو، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، یەکێتی پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠ی حوزەیران وەکو لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێم بڕیاری لەسەر دراوە.

لەوبارەیەوە هێڤیدار ئەحمەد وتی، مادەم یەکێتی بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژاردن بکات، ئەگەر بەبێ پارتی پێی دەکرێت با بیکات دەستیان واڵایە.

جەختی لەوەشکردەوە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ یەکێتی نییە، بەڵام ڕازی نین لایەنێکی نا کوردستانی کە دژی هەبوونی کوردستانە لە بەغداوە بڕیار لە چارەنووسی هەرێمی کوردستان بدات، چونکە هەڵبژاردن بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستانە، ناکرێت چارەنووسی بدەینە دەستی کەسانێک کە دژی هەبوونیەتی.

لەبارەی ئامانجی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی وتی، پارتی داوای ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخە دەکات، کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بڕیار لە خەڵکی کوردستان نەدرێت، حزبەکانی هەرێمیش هەر بۆ ئەوە دروستبوون، پارتی حزبێک نییە کە سەرچاوەی بڕیارەکانی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

جەختی لەوەشکردەوە، پێشتر پارتی هەموو لایەنەکانی بە ئاگا هێنایەوە لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، دەمانەوێت بە خەڵک بڵێین ئەم دادگایە نا دەستوورییە و بڕیارەکانی لە دژی هەرێمی کوردستانە.

دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، داوای دواخستنی هەڵبژاردنمان بۆ ماوەی دوو مانگ لیکراوە، بەڵام ناچارین هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەببەین بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی.

پارێزگای هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەچنە دەرەوە
پێت پارێزگای هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەچنە دەرەوە
کەشناسی: تەرزە و لێزمەباران دەبارێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت
دوات کەشناسی: تەرزە و لێزمەباران دەبارێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت
پەیوەنیدر