بەهای قەرزی چاکە بۆ قەرزدەر و قەرز وەرگر



بەهای قەرزی چاکە بۆ قەرزدەر و قەرز وەرگر

د. ئەبوبەکر پێنجوێنی- پێشنوێژ و وتارخوێن

قەرزی چاکە پەرژین و پارێزەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و بەشێکە لە هاریکاری و فریاکەوتنی کوتوپڕ بەشێوەی کاتی، بەشێوەیەك دەتوانرێت بکرێتە ئامڕازی تەبایی و گەشەپێدانی گشتگیرو جۆرێك لە دادگەری کۆمەڵایەتی و دابەشکاری دادگەرانە دەستەبەر بکات، ئەوەش دەبێتە دەرگایەکی گەورەی ئەمان و لە زۆر کات و شوێندا دەبێتە فریادڕەسی تاك و خێزان و کۆمەڵگا.

قەرزی چاکە بۆ کەسی قەرزدەر وەڵامدانەوەی فەرمان و داخوازی خودایە و بەشێکە لە شوکرانە بژێریی بوون و نیعمەتی دەوڵەمەندی، خودای گەورە فەرمانی بە قەرزی چاکەکردووە لە پاڵ فەرمانکردن بە ئیمان و بەخشینی زەکاتدا وەك دەفەرموێت: (وَقَالَ اللَّهُ إِنِّي مَعَكُمْ ۖ لَئِنْ أَقَمْتُمُ الصَّلَاةَ وَآتَيْتُمُ الزَّكَاةَ وَآمَنتُم بِرُسُلِي وَعَزَّرْتُمُوهُمْ وَأَقْرَضْتُمُ اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا لَّأُكَفِّرَنَّ عَنكُمْ سَيِّئَاتِكُمْ وَلَأُدْخِلَنَّكُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ ۚ) ئەم ئایەتە ئاماژەی ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە قەرزی چاکە واجبە لە ڕووی شەرعەوە.

بە گشتی دەستەواژەی (قرض الحسن) دوانزە جار لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، لە کۆی ئەو دوانزە جارەدا بەردەوام داوای قەرزی چاکە کراوە لە باوەڕداران و لەبەرانبەردا پاداشتی چاکەی جۆراوجۆرو بەڵێنی مژدەبەخش دراوە بە کەسی قەرزدەر وەك: پاداشتی دووچەندان و پاداشتی گەورەو بەڵێنی بۆ هەڵگرتن و پاراستنی لە لای خودا، وەك خودا دەفەرموێت: (مَّن ذَا الَّذِي يُقْرِضُ اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا فَيُضَاعِفَهُ لَهُ وَلَهُ أَجْرٌ كَرِيمٌ) پێغەمبەریش دەفەرموێت: (قرضُ مرَّتَيْن يعدِلُ صدقةً) چەندین فەرموودەمان هەیە پلەی قەرزی چاکە بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی بەخشین و خێر.

لە ڕوویەکی ترەوە خودای گەورە خۆی خستووەتە جێگای کەسی قەرز وەرگر، ئەوەش لەبەر ڕێزگرتنە لە کەسی قەرزدەرو پاراستنی شکۆی کەسی قەرزار.

لە بەرانبەردا دەبێت کەسی قەرز وەرگر ڕاستگۆ و بەڵێن پارێزبێت لە ڕووی دیاریکردنی کات و پابەندی خۆی بپارێزێت و بتوانێت لە کاتی خۆیدا بڕی قەرزەکە بگەڕێنێتەوەو دوعا گۆبێت بە ئەو کەسەی قەرزی داوەتێ، لە هەمان کاتدا ئەوە لەبەر چاوبگرێت کە بەهای قەرز بە پێی بڕی قەرزەکە و کاتی قەرزەکە بەهایەکی مادی هەیە بە نموونە: بڕی دە ملیۆن دینار بۆ ماوەی یەك ساڵ ببێتە قەرز، بەهای ئەو قەرزە بەپێی ڕێژەی قازانجی بازرگانی لە بازاڕدا ڕێژەی ١٠-١٥ ./. واتە: وەك ئەوە وایە کەسی قەرزدەر یەك ملیۆن بۆ یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار چاکەی کردبێت لەگەڵ کەسی قەرز وەرگر.

لە ڕوویەکی ترەوە پرۆسەی قەرز بە رێ و شوێنێکی شەرعی و یاسایی ڕۆڵێکی لەبەرچاوی هەیە لە گەشەپێدانی ئابوورییدا، بەو مانایەی کە سووڕی پارە خێراتر دەکات لە بواری بەکاربردندا، بەکاربردنیش یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئابووریی، چونکە ئەگەر بەکاربردن نەبێت پرۆسەی وەبەرهێنان لاوازدەبێت، لاوازبوونی وەبەرهێنانیش دەبێتە هۆکاری فراوانکردنی بازنەی بێکاری، بێکاریش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ هەژاریی و هەژارکەوتن.

بە پێی تێگەیشتنی من قەرزی چاکە ئەرکێکی موسڵمانانەیە دەبێت لە پاڵ بەخشینی زەکات و خێرو سەدەقەی تردا ئەمیش نادیدە نەگیرێت، بەڵکو بە پێی بوون و دەوڵەمەندی هەر کەسێك ڕێژەیەك لەسەرمایەکەی تایبەت بکات بە قەرزی چاکە و لە لای خۆیەوە ئیدارەی قەرز پێدان و وەرگرتنەوەکەی بکات بەپێی بڕی قەرزەکەو کاتی پێدان و وەرگرتنەوەی قەرزەکە، لە بەرانبەردا زۆر گرنگە کەسی قەرزار ڕاستگۆ و سوپاسگوزارو بەڵێن پارێزبێت.

ماوەتەوە بڵێم لە زۆربەی وڵاتانی دنیا قەرزی چاکە بوونی هەیە و بەشێوەیەکی سیستماتیك ڕێکخراوەو خزمەت بە چەندین چین و توێژی تایبەت دەکات..

 

ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینی دابەشدەکرێت
پێشت ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینی دابەشدەکرێت
ژمارەی کوژراوانی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتە ٣١ ھەزار و ٦٤٥ کەس
دواتر ژمارەی کوژراوانی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتە ٣١ ھەزار و ٦٤٥ کەس
ەیوەندیدار