بارانی بەخوڕ و تەرزە هەرێم دەگرێتەوە و هۆشداری لافاو دەدرێت



بەپێی پێشبینی شارەزایەكی كەشناسی، شەپۆلێكی باران بارینی بەلێزمە و تەرزە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هۆشداری دروست بوونی لافاو دەدات و دەڵێت: “تاوەكو 25ی مانگ بەردەوام دەبێت، بەڵام لە چوار شەممەوە لاواز دەبێت”.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دوو شەممەوە 18/3/2024 ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستەیەک ھەوای شێی بەرز لە ئەنجامی چالاکبوونی نزمە پاڵەپەستۆیەکی بەھێز لە باکوری ئەفریقاو و دەریای سووری عەرەبیەوە.

ڕاشیگەیاند، سەرەتای کاریگەریەکانی ڕۆژی دوو شەممە بە تاوە باران و ھەورە بروسکەی مامناوەند دەستپێدەکات پاشان لە ڕۆژی سێ شەممە 19/3/2024 کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە قوڵدەبێتەوە و ئەبێتە ھۆی چالاکبوونی ھەورە بروسکەی توند و لێزمە باران لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و لە ھەندێ ناوچەش ھەوری سوپەرسێل دروست ئەبێت و تەرزەی گەورە ئەبارێت لەگەڵ دروستبوونی لافاو لەشوێنی جیاجیادا.

وتیشی، “بەگشتی ئەمە دووھەم شەپۆلی بەھێزی وەرزی بارانی ئەمساڵە، کە ناوچەکانمان ئەگرێتەوە و تیایدا پێشبینی بارانێکی زۆر دەکرێت، کە بەجیاوازی ناوچەکان لە 50 ملم تا 150 ملیممەتر زیاتر چاوەروان دەکرێت”.

ڕونیشی كردەوە، کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکە لە رۆژی چوار شەممەوە 20/3/2024 بەرەو لاوازبوون ئەچێت، بەڵام تاوە بارانی بەھارە و ھەورە بروسکە بەھۆی ئەو شێ زۆرەی دێتە ناوچەکەوە ناوبەناو تا 25ی ئەم مانگە بەردەوامی ئەبێت و پلەکانی گەرماش لەماوەی شەپۆلی پێشبینیکراودا بەگشتی کەمێک نزم دەبنەوە و خێرایی با چالاك دەبێت.

كارەبای سلێمانی چەند گوند و گەڕەكێك ئاگادار دەكاتەوە
پێشت كارەبای سلێمانی چەند گوند و گەڕەكێك ئاگادار دەكاتەوە
شازادەیەکی سعودییە کۆچی دوایی کرد
دواتر شازادەیەکی سعودییە کۆچی دوایی کرد
ەیوەندیدار