بایكۆت و خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە



ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی ڕایدەگەیەنێت، هۆشداری توند بە دەسەڵات دەدەن، کە ئەگەر چیتر مووچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بکات، ئەوا هەمو ڕێگایەکی فشار و ناڕەزایەتیی مەدەنیی لەبەردەمماندا کراوەیە و دەشلێت: ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەش بەتەنها لە بایکۆت و خۆپیشانداندا ناوەستێت.

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان دەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سوورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران”.

ڕاشیگەیاندووە، “پێشتر کەلەڕەقیی و پێداگیریی دەسەڵاتمان لە چەسپاندنی ئابوری سەربەخۆ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بینیی؛ کە دەرئەنجامەکەی لە خزمەتی بنەماڵە و حیزبەکاندا بوو، ماڵوێرانی و بەشمەینەتییەکەشی بۆ هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی ستەملێکراو بوو، لە ئێستاشدا جارێکی دیكه‌، دەسەڵات بەپاساوی گاڵتەجاڕانەی دروستکردنی هەژماری من و نەناردنی لیستی ناوی هێزە سەربازییەکان، دەیەوێت خۆی لە پابەندیی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بدزێتەوە”.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “هۆشداری توند بە دەسەڵات دەدەین، کە ئەگەر چیتر مووچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بکات، ئەوا هەمو ڕێگایەکی فشار و ناڕەزایەتیی مەدەنیی لەبەردەمماندا کراوەیە و لە داهاتویەکی نزیکدا شەقامی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕدەکەین لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتیی. (ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەش بەتەنها لە بایکۆت و خۆپیشانداندا ناوەستێت).
ئنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی جەختیشی كردۆتەوە‌، “ئەگەر دەسەڵاتی سنوری زۆنی سەوز ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی و دادگای فیدراڵیی و خەڵکی ئەم سنورە، ئەوا با ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدات بەزویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین کارت بۆ مووچەخۆران دروستبکرێت؛ چونکە بڕیاری دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان؛ لەلایەن هەمان دادوەر و دادگا و لە هەمان ڕۆژدا، دەرچووە، ناکرێت بۆ یەکێکیان خۆڵەمێشیانە مامەڵە بکەیت و بۆ ئەوی تریان شایی بگێڕیت”.

جەختیشی كردۆتەوە، “داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان دەکەین، بە یەکدەنگیی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دروستکراوی مووچە، هەروەها داوا لە چین و توێژەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر دەکەین، کە بێدەنگیی بشکێنن و هەنگاوبنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمەی دەسەڵات، کە ساڵانێکی زۆرە بەسەرماندا سەپاندویانە”.

وەزیرێكی حكومەتی هەرێم باسی دابەشكردنی مووچە دەكات
پێشت وەزیرێكی حكومەتی هەرێم باسی دابەشكردنی مووچە دەكات
سودانی: كارەساتی هەڵەبجە لە ویژدانماندا دەمێنێتەوە
دواتر سودانی: كارەساتی هەڵەبجە لە ویژدانماندا دەمێنێتەوە
ەیوەندیدار