گرژییەکانی نێوا بەغدا و هەرێم…دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ؟



شارەزایانی عێراق پێشبینی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەن دوای بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی و دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرێکی کورد.

ئاماژە بەوە دەکەن پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پایتەخت بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر دەچن، دابەشبوونە سیاسییەکانی نێوان فراکسیۆنە کوردییەکانیش تواناکانی هەرێمی بۆ گرتنەبەری هەنگاوی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە سنووردار کردووە.

پێشتریش هەرێم و بەغدا ناکۆکی سیاسی لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام ناکۆکییەکانی ئەم دواییە بەرەو بابەتە یاسایی و دەستوورییەکان گۆڕدراون کە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەوە داوە.

هەنگاوە سیاسییە گوماناوییەکانی بەغدا دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وایکردووە بە شێوازی جیاواز هەولێر وەڵامدانەوەی بۆی هەبێت.

کشانەوەی دادوەری کورد “عەبدولڕەحمان زێباری” لە دادگای فیدراڵی بە پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامانجی پەکخستنی کارەکانی دادگای فیدڕاڵییە.

بەوتەی بەشێک لە شارەزایانی یاسایی، وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی هاوسەنگی نەتەوەیی و نیشتمانی لە نێوان ئەندامەکانیدا سەیر دەکرێت.

ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ڕەخنەی توندی لە دادگای فیدراڵی گرت لەسەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان، لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە لە ڕوانگەی کوردەوە، وەک گوشارێکی دەستووری بۆ سەر بەغدا و دادگای فیدراڵی سەیر دەکرێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان، دادوەرعەبدولجەبار عەزیز حەسەن ڕایگەیاند، عێراق لە ساڵی 2004 بە یاسای ئیدارەی دەوڵەت بووە بە دەوڵەتێکی فیدراڵی، سیستمی حوکمڕانیەکەی کە لە ماددەی چوارەمدا ئاماژەی پێکراوە، لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەکانە، دەسەڵاتەکانی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان جیا دەکاتەوە، هاوکات دەستووری 2005 دانی بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا نا.

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن ڕوونیشیکردەوە، هەرشتێک بە تەنها لەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیدا نەبێت، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی هەرێمدایە، جەختی لەوە کردەوە کە یاسا ناوچەییەکان لە دەسەڵاتی هاوبەشدا لە پێش یاسا فیدراڵیەکانەوەن.

ناوبراو ڕەخنەی لە دادگای فیدراڵی گرت کە سنوورە یاساییەکانی تێپەڕاندووە و بە ئاماژەدان بە بڕیارەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

دەسەڵاتی دادوەری کوردستان پێی وایە دابەشکردنی ناوچەکانی هەڵبژاردن تەنها لە ئەستۆی پەرلەمانی هەرێمدایە نەک دادگای فیدراڵی.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی هەرێم بە مافە دەستوورییەکانی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، لەژێر هیچ فشار و هەلومەرجێکدا دەستبەرداری ئەو مافانە نابن.

 

سەرچاوە: شرق الاوسط

سودانی: كارەساتی هەڵەبجە لە ویژدانماندا دەمێنێتەوە
پێت سودانی: كارەساتی هەڵەبجە لە ویژدانماندا دەمێنێتەوە
محەمەد حاجی مەحمود: حکومەتی عێراقی دەبێت داوای لێبووردن لە هەڵەبجە بکات
دوات محەمەد حاجی مەحمود: حکومەتی عێراقی دەبێت داوای لێبووردن لە هەڵەبجە بکات
پەیوەندیدار