دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆدەبێتەوە



سبەینێ‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر دوو دۆسیەی تایبەت بە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و دۆسیەیەكی تایبەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.

بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، سبەینێ‌ یەك شەممە 18ی شوباتی 2024، دادگاكە بۆ دادبینی لە دوو دۆسیەی تایبەت بە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆدەبێتەوە، كە دۆسیەی یەكەمیان بە ژمارە (224 و 269/ فیدڕاڵی 2023)یە و دووەمیان بە ژمارە (228/ فیدڕاڵی/ 2023)یە.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك)، دۆسیەی یەكەمیان تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كە لەلایەن ژمارەیەك مامۆستای هەرێمەوە تۆمار كراوە لەسەر هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم (محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی) بۆ ناردنی تەواوی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەروەها خەرج كردنی مووچەی مانگەكانی (7 و 8ی 2023)ی فەرمانبەران.

هاوكات، دۆسیەی دووەمیان لە دژی ناردنی پارەیە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، كە لەلایەن مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری عێراقییەوە لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق (محەمەد شیاع سودانی) تۆماركراوە لەسەر ناردنی پارە بە قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بڕی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار، كە بە سێ‌ گوژمەی (700 ملیار دیناری) و بە سێ‌ مانگ ڕەوانەی هەرێم كرا.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی 3 مانگی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و لە ئێستاشدا مانگانە حكومەتی عێراق بڕیاری داوە 618 ملیار دینار بۆ مووچە بنێرێت تاوەكو یاسای بودجە هەمواردەكرێتەوە، هەربۆیە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.

ماوەی زیاتر لە 4 مانگ تێپەڕیوە بەسەر خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایانی بەشێكی هەرێمی كوردستان (سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و كۆیە) هەرچەندە بەشێكی مامۆستایان گەڕاونەتەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام هێشتا خۆپیشاندان هەفتانە لە ڕۆژانی یەك شەممە و چوار شەممە بەردەوامە و داوای (ڕێككردنەوەی مووچە و پێدانی 3 مووچەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ كردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و دیاری كردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان) دەكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) سبەینێ‌ دۆسیەیەكی دیكەی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی تایبەت دەبێت بە هەرێمی كوردستان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان و لێپرسراوی ئێستای مەڵبەندی ڕێكخستنی سلێمانی تۆماركراوە دژی یەك بازنەیی هەڵبژاردن و كورسی پێكهاتەكان.

بافڵ تاڵەبانی: پێشبینی ناكەین هەناردەی نەوتی هەرێم بەمزووانە دەستپێبكاتەوە
پێشت بافڵ تاڵەبانی: پێشبینی ناكەین هەناردەی نەوتی هەرێم بەمزووانە دەستپێبكاتەوە
سەرۆكی هەرێم لەگەڵ شای ئوردن و سەرۆك كۆماری ئازەربایجان كۆبووەوە
دواتر سەرۆكی هەرێم لەگەڵ شای ئوردن و سەرۆك كۆماری ئازەربایجان كۆبووەوە
ەیوەندیدار