ئەمریکا لە عێراق، کشانەوە بەبێ دەستهەڵگرتن!



لە قسەکانی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ١٠ جەنیوەری ٢٠٢٤، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، داوای وڵاتەکەی بۆ دەرچوونی خێرا و ڕێکوپێکی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە میانی دانوساندا، دووپات کردەوە. وێڕای ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی وەک سەرچاوەی ناسەقامگیریی وەسف کرد، بەڵام خشتەیەکی بۆ دەرچوونیان نەخستەڕوو. ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستێکی نافەرمی لە نێوان سوپای ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییەی کە حکومەتی عێراقی پێکهێناوە، کە بە چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتار) ناسراوە، دێت. ئاگربەستەکە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دەستبەکاربوونی کابینەکەی سودانی، بەڵام دەکرێت بگوترێت کە لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ کۆتایی پێهاتووە.

فشارەکانی ئێستا لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەلومەرجێکی زۆر جیاوازتر لەوانی پێشووتر دەکرێن. لە ئێستادا ناوچەکە لە هەوڵدایە کە پریشکی ئەو شەڕە کۆنتڕۆڵ بکات کە لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە هاتۆتەپێش. لە ناوخۆدا عێراق لەلایەن هێزە نزیک و لایەنگرەکانی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەوانی دیکەش، لەوانە ڕەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان و سوننە، یان لە دەرەوەی حکومەتن یان پەلۆپۆکراون و لاوازن. لەم کاتەدا، ئێران دەبێت شتگەلێک بکات بۆ پاساوهێنانەوە بۆ حکایەتەکانی لەمەڕ ئەوەی ناوی ناوە مقاوەمە (بەرخۆدان)، هاوکات ئێران دەشزانێت کە فشارخستە سەر ئەمریکا تا ئاستی دەستهەڵگرتن لە عێراق زیان بە بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت.

تەم و مژێکی زۆر لە دەوری پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق هەیە، بەتایبەتی کاتێک باس لە پرسی پەیوەندییەکان و کەی و چۆنیەتی کۆتاییهێنانیان دەکرێت. وەک چۆن لە دەوری شەڕەکە تەم و مژ هەیە، لە دەوری دەرچوون و سروشتی پەیوەندی نێوان هەردوولاش تەم و مژ هەیە.

ئەم تەم و مژە دەرئەنجامی تێوەگلانی ژمارەیەکی زۆرە لە ئەکتەر لەو پەیوەندییەدا، لەوانە حکومەتی ئەمریکا، حکومەتی عێراق، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، حکومەتی ئێران، بە ڕادەیەکی کەمتریش، پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، وەک کورد و سوننە. بە ئیزافەی ئەمانە، حکومەتی ئێستای عێراق هەوڵدەدات خەڵکی عێراق لە پرۆسەکە بئاڵێنێت، ئەویش بە ناردنی پرسیارێک بۆ ٢٠ ملیۆن عێراقی لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە، کە لێیان دەپرسێت، ئایا لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق؟ ئەمەی ئەخیر هەوڵێکە بۆ بەهارات پێداکردن بە دیموکراسی لە عێراق کە هێندەی دیکە پەیوەندییەکان و پرسەکە تەم و مژاویی دەکات. بۆیە، بۆ تێگەیشتن لە سروشتی پەیوەندییەکان و ئەگەرەکانی داهاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا، زۆر گرنگە تەم و مژی سەر پەیوەندییەکە و ڕەفتاری ئەکتەرە جیاوازەکان بڕەوێنرێتەوە.

سروشتی پەیوەندییەکە

لە ١٧ ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٨، باڵیۆزی ئەمریکا، ڕایان کرۆکەر، لەگەڵ لایەنی عێراقی گەیشتنە “ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی بۆ پەیوەندی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ کۆماری عێراق”. جێگەی سەرنجە کە ئەمریکییەکان ڕێککەوتننامەکە بە “چوارچێوەی ستراتیجی” ناودەبەن، کەچی عێراقییەکان بە “ڕێککەوتننامەی کشانەوە” ناوزەدی دەکەن. ئەمە جیاوازییەکی زمانەوانییە بەڵام مانای زیاتر لەخۆدەگرێت.

ڕێککەوتنەکە لەسەر کۆمەڵێک بنەما دامەزراوە، لەنێویاندا ڕێزگرتن لە سەروەریی، هاوکاری بەرگریی، ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان. جگە لەوەش، بوونی کاتییانەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق لەسەر داواکاری و بانگهێشتی حکومەتی خاوەن سەروەری عێراق، کە ڕێزگرتنی تەواو بۆ سەروەریی عێراق بەشێکە لە ڕێککەوتنەکە.

ڕێککەوتنەکە ڕۆحێکی دیکەی بەبەردا کرا کاتێک حکومەتی عێراق کەوتە ژێر فشاری تیرۆریستەکانی داعش لە ٢٠١٤ دا. ئەمریکا لە سەرەتادا دوودڵ بوو، بەڵام دوای کەوتنی موسڵ، عێراق داوای هێزی ئاسمانی کرد. سەرەڕای دوودڵییەکان، ئەمریکا ڕێککەوتنی”چوارچێوەی ستراتیجی” کردە بنەمای پەیوەندی و دانوستانە نوێکانی لەگەڵ عێراق. هەردوولا، له کاتی جیاجیادا و بەپێی پێویستی و بەپەله هەوڵیاندەدا کەڵک لە پەیوەندییەکانیان بە قازانجی خۆیان وەربگرن بەڵام نەک هەر لە بواری ئەمنی و سەربازی بمێنێتەوە بەڵکو بۆ بوارەکانی دیکە بپەڕێتەوە. بۆ نموونە، پێش هێرشەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەر (حەماس بۆ سەر ئیسرائیل)، بە گوتەی سەرهەنگ حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای ئاشتی ئەمریکا (USIP)، سەرنجی هەردوولایان زیاتر لەسەر هاوکاری ئابووری بوو.

بەڵام هەر لە سەرەتاوە لایەنی سێیەمی دەرەکی لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عێراقدا ئامادەیی هەبوو، ئەویش ئێران بوو. بوونی ئێران پەیوەندی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکای کردە گۆڕەپانێکی زۆر پێشبینینەکراو و هەندێکجاریش مەیدانی شەڕ، چونکە ئێران و ئەمریکا نەک تەنها لەسەر سروشتی پەیوەندییەکە بەڵکو لەسەر سروشتی خودی دەوڵەتی عێراقیش بەریەککەوتنیان هەبوو. لە ئەنجامدا لایەنی سێیەم، ئێران، سیما و ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکی و مەزهەبیی و سۆزداری بۆ پەیوەندییەکە زیاد کرد.

خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکان کاتێک هاتە پێش، کە ئەمریکا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ٢٠٢٠ لە هێرشێکدا قاسم سولەیمانی (فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی) و ئەبو مەهدی موهەندیسی (جێگری فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی) کوشت. ئەم کردارە، دەستبەجێ نوخبەی سیاسی عێراقی خستە ژێر فشار و بووە مایەی ئەوەی کە پەرلەمانی عێراق بڕیارێک دەربکات داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکات. وەک پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ئاشکرای کرد، کەشوهەواکە زۆر تۆڵەئامێز بوو، حکومەت ناچار بوو شتێک بکات. بەوپێیە، بڕیارەکە پاڵنەری سۆزداری لە پشت بوو نەک بەرژەوەندی درێژخایەنی عێراق.

بە تێوەگلانی ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆوە دیوە:

یەکەم، ترس و نیگەرانییەکانی ئێرانی زیاتر کردووە، بەتایبەتی سەبارەت بە هەوڵەکانی کشانەوەی ئەمریکا چونکە عێراق نە لە ڕووی ئابووری نە سەربازییەوە ئامادە نییە بۆ کشانەوەی دەستبەجێی ئەمریکا.

دووەم: بوونی ناڕاستەوخۆی ئێران، گرفت و کێشە هەرێمییەکانی بۆ پەیوەندی دوو قۆڵی ئەمریکا و عێراق زیاد کردووە. ئەمەش پەیوەندییەکەی هێندەی دیکە ئاڵۆزتر کردووە و وای لە عێراق کردووە توانای بەرگریکردنی لە بەرژەوەندییەکانی خۆی کەمتر بێتەوە.

سێیەم: لایەنی باری نائاسایی زیاد کردووە: کاتێک پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە شوێنەکانی دیکە دەقلیشێنەوە، وەکیلەکانی ئێران لە عێراق دەبێت دەستبەجێ وەڵامیان هەبێت.

چوارەم: کۆمەڵگا و سیاسەت لە عێراق لە ئەنجامی نفوزی ئێران تا دێت جەمسەرگیریی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

پێنجەم: سیاسەتمەداران و ئەفسەرانی ئەمریکا لە مێژە لەسەر جۆر و شێوازی پەیوەندی وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق ناکۆکن. جیم ماتیس، وەزیری پێشووتری بەرگری ئەمریکا، ئەمە بە ڕوونی دەخاتە ڕوو. جەنەڕاڵەکان لە ئەمریکا پێیان وایە کە واچاکە ئەوەندە هێزیان لە عێراق هەبێت کە بتوانێت پارێزگاریی لە دەستکەوتەکان بکات. لەلایەکی دیکەوە، ئۆباما و سیاسەتوانانی وەک ئەو، پرسە سیاسییەکان و هەڵبژاردنەکان پاڵنەری سەرەکی سیاسەتەکانیان بووە لە عێراق.

ڕوانگەی عێراقی: ناڕوونی ستراتیجی

لە ٢٠٢٠، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگی بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دا، باربارا لیف و بیلال وەهاب پێیان وابوو هۆکاری سەرەکی پشت دەرکردنی بڕیارەکە هەستی ناسیونالیستی و فشاری ئێرانییەکان بوو. ئەمجارە ناسیونالیزمی عێراقی بە شێوەیەکی بەرچاو غایبە، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی دوورکەوتنەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی.

لە ئەنجامدا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، ڕێچکە و ئاراستەکانی ئێستای، زیاتر سروشت ئێرانییە و کەمتر پەیوەندی بە نیگەرانییەکانی عێراقەوە هەیە، بە تایبەتی لەلایەنی عێراقییەوە. ئەگەر لە هەوڵەکانی پێشووتردا بۆ دەرپەڕاندنی هێزەکانی ئەمریکا، سەدر داڕێژەری سەرەکی بووبێت، ئەمجارە سەدر و گرووپەکانی دیکە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەبێت ئەگەر کشانەوەکە بەرجەستە بوو. لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەشدا، وا بیردەکرێتەوە کە سەدر لە کشانەوەی ئەمریکا ناڕازییە و بێدەنگی تەواوی لەم ڕووەوە هەڵبژاردوە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە سەدر لەوانەیە پێی خۆش نەبێت ئەمریکییەکان بڕۆن. هەر چۆنێک بێت، لە ئێستادا نفوزی موقتەدا سەدر لە هەردوو حکومەتی خۆجێی و نیشتیمانیدا کەمبووەتەوە، بەتایبەتی دوای بایکۆتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، پارێزگاکان.

لە ئاکامد، گرووپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتار) دەتوانن فشاری زیاتر بخەنە سەر ڕەوتی سەدر، ئەوە ئەگەر ئەمریکییەکان کشانەوە. ئەمەش ڕەچەتەیەکە بۆ ناسەقامگیری، ئەگەر ڕوویدا.

پاڵنەری وەدەرنانی ئەمریکییەکان لە عێراق ئەمجارە زیاتر وەک جۆرێک لە چنینی فەرشی ئێرانی دەچێت. هەرچەندە سەرۆک وەزیران و حکومەتی عێراق دەسەڵاتی فەرمییان بەدەستەوەیە، بەڵام لە ڕاستیدا دۆخەکە کەمێک ئاڵۆزترە. ئێمە ئەمە وەک گردبوونەوە (assemblage) ناودەبەین: واتە بەگرووپکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان بوونە جۆراوجۆرەکاندا کە بۆ ماوەیەک بە شێوەیەکی نەرمونیان و ڕاگوزەر هاوکاری و هەمئاهەنگی یەکدی دەکەن.

گرەبوونەوەکە لە هێز و دامەزراوەی جۆراوجۆری عێراقی پێکهاتووە کە لەلایەن ئێرانەوە ئیدارە و ڕابەرایەتی دەکرێن. بەمشێوەیە، ئێران کۆمەڵێک گرووپی جیاجیای کۆکردۆتەوە کە ڕۆڵ و بەرپرسیارەتی جیاوازی پێ ئەسپاردون بۆ ئەنجامدانی کردە و چالاکی بەگوێرەی خواست و پێشهات و هەلومەرجەکان. بۆ نموونە، بەناو سەرۆک وەزیران بەرپرسی هێزەکانی حەشدی شەعبییە بەگشتی بەڵام گرووپی میلیشیای هەن کە بەناو بەشێکن لەو هێزانە کەچی لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران جوڵە و کردە دەنوێنن. ئەم دوولایەنە بە دڵنیاییەوە دژایەتی یەکدی دەکەن، بەڵام دژایەتییەکی ڕێژەیی؛ لەهەمان کاتدا پێکەوەش کاردەکەن. هەردوولا پێویستە لەسەریان کە ڕێکار و پرۆسەکە تەواو بکەن بۆ تەواوکردنی گردبوونەوەکە. ئەم دژە ئارگیومێنتە دەیەوێت بڵێت کە هەموو میلیشیا شیعەکان بەشدار نین لە بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا. ئەم گرووپانە بە شێوازی دابەشبوونی کار و کارفەرما (division of labor) کاردەکەن، هەروەک محەمەد هەورامی، کە چاودێرێکی سیاسی ئێرانییە، پێی گوتم. بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئەو لایەنە سیاسییانەی عێراق ئێستا بەشدارن لە حکومەتەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەشێکن لەو گردبوونەوەیە. جگە لە ئیدارەی فەرمی دەوڵەت و حکومەت، هێزەکانی مقاوەمەی ئیسلامیش هەن، کە هێزێکی شلە لە پەیوەند بە حەشدی شەعبی.

شێوازی کارکردنی گردبوونەوەکە ڕێگە بە ئەگەری چەندین ئەرک و کردار دەدات کە هەندێکیان دژ بەیەکن. سەرەڕای ئەوەش، چانسێک بۆ کۆمەڵێک کردەوەی نایاسایی لەناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان دەدات وەک هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا یان هەرێمی کوردستان. جگە لە گردبوونەوەکە، زۆربەی عێراقییەکان سەروەریی ڕاستەقینەیان پێ باشترە، ئەگەر ئەم بژاردەیەیان پێ بدرێت.

بۆیە لە حاڵەتی کشانەوەی ئەمەریکادا، بەگشتی باوەڕێک هەیە کە ئێران درێژە بە هەژموونی خۆی دەدات، بە زیادەوە. ڕەنگە زۆرێک لە ئەنجامەکە دڵخۆش نەبن، بەتایبەتی لە ناوچە سوننەنشینەکاندا، کە بوونێکی سنوورداری سەربازیی ئەمریکایان پێ باشترە لە دەسەڵاتی زیاتر بۆ میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران. ئەمە بۆ کوردیش هەر ڕاستە. فەلاح مستەفا، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نوێنەرانی ئەمریکا دڵنیایان کردوونەتەوە لە بڕیاری نەکشانەوەیان. پێنتاگۆن لەوەش زیاتر ڕۆیشت و ڕایگەیاند، سەرەڕای “بەیاننامەی بەغدا” کە گوایە دەست بە پرۆسەی چۆڵکردنی هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکرێت لە عێراق، لە ئێستادا پلانێک نییە بۆ دەرچوونی ئەو ٢٥٠٠ سەربازەی کە لە عێراق دا نیشتەجێن.

ئەمانە نیشانەی لاوازی جۆش و خرۆشە لەلایەن ئەمەریکییەکان و عێراقییەکان بۆ کشانەوە. جگە لە لایەنی ئەمنی، کشانەوەی خێرا لە لایەن ئەمریکاوە دەبێتە هۆی مەترسی ئەوەی کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی لێکەوتەی ئابووری و دیپلۆماسی ببێتەوە. ئەمەش بە ڕوونی بە دۆخی ئێستای دۆلار لە وڵاتەکەدا نیشان دەدرێت. بەڵام عێراق لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا گیری خواردوە، دەبێت سازش بکات و بارگرانییەکە هەڵبگرێت.

عێراق ئێستا لە دۆخێکدایە کە خیتابی میدیایی خۆی بەرامبەر بە بوونی ئەمریکییەکان پڕە لە هەڕەشەوگوڕەشە و بێمنەتی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سودانی، ڕایگەیاند کە ئەوان چیتر نیگەران نین لەوەی کە ڕۆیشتنی هاوپەیمانەکان توانا سەربازییەکانی عێراق بنکۆڵ بکات؛ “هیچ هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی، لەبەرئەوەی هێزی ئەمنی بەتوانامان هەیە کە بتوانێت هەموو ناوچەکانی عێراق کۆنترۆڵ بکات”.

ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە عێراق لەلایەک دەرچوونی سەربازیی ئەمریکییەکانی کردۆتە ئامانج، لەلایەکی دیکەوە، بە مەبەستی تێرکردنی گەڕوگیڤی عێراقییەکان و بۆ خاوکردنەوەی دۆخەکە، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، ڕەنگە هەندێک دەستکاریکردن لە هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق دا بکرێت، کە خۆی لە بوونی نزیکەی ٩٠٠ سەربازی دوو دەرزەن وڵات لەخۆدەگرێت لەگەڵ دەستەیەک لە ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی.

بۆ ئەوەی ئەمانە جێبەجێ بکرێن، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە نیازە لیژنەیەکی دوو قۆڵی لە نێوان عێراق و ئەمریکا پێکبهێنێت. بە وردبوونەوە لە “لیژنە” لە چوارچێوەی ئەزموون و پراکتیزی سیاسی لە عێراق دا، “لیژنە” واتە چوون بە ڕێگە دوورەکەدا، یان هەر نەڕۆیشتن.

بۆ ڕازیکردنی دوو لایەنی دژبەیەک لە دۆخێکی ناجێگیردا، حکومەتی عێراقی، کە لاوازترین ئەڵقەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ناچارە ستراتیجییەکی ناڕوونی ستراتیجی بگرێتەبەر، کە لەنێوان کشانەوە و نەکشانەوەدا دیلانێ بکات، ئەمەش گرفتێکی تێپەڕنەکراوە، کاچ ٢٢.

ڕوانگەی ئەمریکا

بە گوتەی دەیڤید شێنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئەمریکا نە دەیەوێت لەژێر هەڕەشەدا بڕوات و نە پێی وایە ئەم ساتە گونجاوە بۆ کشانەوە. سەرەڕای ئەوەش، چەندین هۆکاری جۆراوجۆر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق هەیە.

سیاسەتی ئەمریکا پێش هێرشەکانی غەززە بەرامبەر بە ئێران ئێستاش لە پاشخاندایە. ئەمریکا ئەوکات ئەولەویەتی دیکەی هەبوو، وەک لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا و سەرهەڵدان و بەهێزبوونی چین. جگە لەمانەش، سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا لە پەیوەند بە شەڕ و تێوەگلانەکان لە ئەفغانستان و عێراق لەگەڵ زەرەری گیانی و خەرجییەکان بەردەوام ئامادەییان هەبوو. بەم پێیە، ئەمریکا هەوڵیدا لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانەوە خۆی لە تێچوو و زەرەرەکان ڕزگار بکات و بەلانیکەم بتوانێت ئێران لەسەر لێوی بەرنامە ئەتۆمییەکە بکشێتەوە؛ یان بۆ ئازادکردنی هەندێک لە گیراوە ئەمریکییەکان؛ لەگەڵ دوورخستنەوەی ئێران لە هەندێک لەو چالاکییە شەڕانگێزانەی کە لە کەنداو دژی هاتوچۆی تانکەرەکان و دژی بەرژەوەندی و هاوپەیمانان و سەروەت و سامانی ئەمریکاییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامیان دەدات، کە بێگومان ئەمانە ئامراز و شێوازگەلێکن کە لە میانیاندا ئێران دەیەوێت کاریگەریی بنوێنێت و ئیستیفزازی نەیارەکانی بکات.

لە عێراق دا ئەمە وەک سەقامگیری و ئاگربەست لێکدرایەوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ وەرگەڕانی سەرنجی ئەمەریکا ڕووەو بەغدا لەسەر حیسابی ئەوانی دیکە، بەتایبەتی کورد، ڕێک وەک ئەوەی وینسرۆپ ڕۆدجێرز، ڕۆژنامەنووسێک کە لە کوردستان دادەنیشێت، ئاماژەی پێ کرد. ئەم پشتیوانییە ناڕاستەوخۆیە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتار) و لاوازبوونی ئەوانی دیکە لە عێراقدا، زەمینەی بۆ زیاتر ناوەندگەرایی و لاوازبوونی فیدراڵیزم لە عێراق خۆشکرد. ئەم واقیعەش لەپشت ئەو داوایەی ئێستای عێراق دایە بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە وڵاتەکە. ئێران و بریکارەکانی لە عێراق پێیان وایە توانیویانە ئەوانی دیکە پەراوێز بخەن.

گرنگە لەم ساتەدا ئاماژە بە تێوەگلانی ناڕاستەوخۆی چین لەم پرۆسەیەدا بکەین. هەرچەندە چین یارمەتیدەر بوو بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام وا هەست دەکرێت عێراق پشت بە چین ببەستێت بۆ کڕینی کاڵا و هەناردەکردنی نەوت و دەربازبوون لە فشارە سیاسییەکان. بە واتایەکی دیکە، ڕەنگە نوخبەی سیاسی ئێستای عێراق هەر لە ئێستاوە خەون بە دنیای دوای-ئەمریکا ببینن، سوپاس بۆ سەرهەڵدانی چین.

ئەمریکا هەوڵدەدات قەیرانەکە وەک شتێکی ڕاگوزەر ببینێت، بەو هیوایەی کە بەم زووانە هێور ببێتەوە، وەک ئەوەی ٢٠١٩. لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە ئەمە ڕاست نەبێت. ئێستا ئەمریکا ناچار بووە بگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی هێزی ڕەق و گرژی و پێکدادان لە ئاسۆدان، هەرچەندە ئەمریکا هیوای دەخواست کە سەرنجی عێراقییەکان بۆ ڕەهەندەکانی دیکەی پەیوەندییەکە ڕابکێشێت، وەک ئابووری و دارایی و کلتوری، کەچی ئەمریکا بەدەست ئەمەوە دەناڵێنێت و خەریکە کاریگەری لەناوخۆی عێراق دا لەدەست دەدات. میلیشیا ئێرانییە-عێراقییەکان کاردەکەن بۆ بەناسەربازییکردنی پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئەمریکا، ئەمەش بە دەرکردنی ڕاوێژکارەکان، هەرچەندە واپێدەچێت بیانەوێت جارێ پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکان وەک خۆی بمێننەوە. بە ئیزافەی ئەمانە، هاوپەیمانە ئەمریکییەکان لە عێراق باوەڕیان بە ئەمریکا لاواز بووە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە گرووپە ئێرانییە-عێراقییەکان توانیویانە توانا سەربازییەکانی کوردەکان لاواز بکەن، کە ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی وەک هاوپەیمانی خۆی تەماشای کردوون.

لە کاتێکدا ئێران لە ئێستادا هەوڵدەدات سەبر و تەحەمولی ئەمریکییەکان بپێوێت، ئەمریکا زیاتر و زیاتر ناچار دەبێت کردەوەی نەخوازراو ئەنجام بدات.

ڕوانگەی ئێرانی

بۆ ئێران، عێراق وەک هیچ وڵاتێکی جیهان نییە. عێراق ستراتیجیترین وڵاتە بۆ ئێران. بۆ زۆرێک لە ئێرانییەکان شوێنێکی وەک کەربەلا شوێنێکی بێگانە و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دا نییە. عێراق هەم هەڕەشەیە بۆ ئێران و هەم سەرمایەیەکی ستراتیجییە. نوخبە سیاسییەکانی دوای ٢٠٠٣ ی عێراق، بەتایبەتی کورد و شیعە، لە نزیکەوە لەگەڵ ئێراندا یەکانگیرن، بە درێژایی مێژوو پەیوەندییەکی ناوازەیان پەرەپێداوە. ئەگەر نوخبە کۆنەکان توانیبێتیان هاوسەنگییەک لە نێوان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لە عێراق دا ڕابگرن، ئەوا نەوەی نوێ نەدەزانن چۆن ڕەفتار بکەن، نە تۆڕی پەیوندییان هەیە نە کاریزما. لە کاتێکدا ئەم نوخبەیە دەستبەرداری حکومەتە، ئیدی لە نێو ئەم نەوە سیاسییەی عێراق کەسانی وەک جەلال تاڵەبانی نەماون کە بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئێران و ئەمریکا لە یەک کاتدا بکەن. ئێران لە ڕێگەی سوپای پاسدارانەوە عێراق بەڕێوە دەبات. بەڵام سەرەڕای پەیوەندییە نزیک و بەهێزەکانی لەگەڵ نوخبە سیاسییەکانی عێراق، کەچی ئێران بەقووڵی لەلایەن جەماوەری عێراق بێزراو و ڕەزاقورسە، بە شیعەکانیشەوە.

لەبەر ئەمانە، ئێران تێوەگلانی ئەمریکا لە عێراق بە مەترسییەکی کلتوری و سیاسی دەزانێت لەپاڵ مەترسی سەربازییشەوە. بەم پێیە، ئێران دژایەتی عێراقێکی دیموکراسی دەکات کە پاڵپشتی ئەمریکا بێت و دراوسێی ئەویش بێت، کە ڕەنگە بشبێتە مۆدێلێک بۆ گەنجە ناڕازییەکانی ئێران. لە ئێران دا نەریت و بەهاکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی لە لایەن ژنان و گەنجانەوە بەرەوڕووی تەحەدا بوونەتەوە، وەک لە دوایین خۆپیشاندانەکانی ئێران، هەروەها لە گردبوونەوەکانی ژن، ژیان، ئازادی، دەرکەوت. بۆیە هەوڵدان بۆ دروستکردنی کلتورێکی سیاسی عێراقی دژ بە کلتوری ڕۆژئاوا بەشێکە لە ستراتیجی ئێران لە عێراق دا.

تا ئێستا و لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتنێکی نەنووسراویان لەنێواند هەیە بۆ دابەشکردنی غەنیمەکانی عێراق، وەک ئەوەی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران وەسفی دەکات. بۆیە وەک هەندێک دەڵێن “پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان ئێران و عێراق بۆ هەردوو وڵات گرینگە – ئەو پەیوەندییە ڕیشەی قووڵی لە مێژوودا هەیە، بۆیە سەرەڕای هەڕەشەی بایکۆت و گەمارۆ و شەڕ پێدەچێت هەر بەردەوام بێت”.

سەرەڕای هەموو ئەو قسانەی تا ئێستا کران، جیاوازییەک هەیە لە نێوان هەڵمەتی ئێستای ئێران بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان لە عێراق بەبەراورد بەوانی پێشووتر. ئێران حەز دەکات سەربازانی ئەمەریکا بەتەواوی عێراق جێبهێڵن، بەڵام نایەوێت ئەمریکا دەست لە عێراق بەتەواوی هەڵبگرێت. ئەوەی یەکەم بەو مانایەیە کە ئەمریکا بەتەواوی هەموو ئەو ڕاوێژکارانەی کە هاوکاری عێراقییەکان دەکەن و مەشق و ڕاهێنان بە سەربازانی سوپای عێراق لە بنکە سەرەکییەکانیان دەکەن بڕۆن، هەروەها ڕاگرتنی کۆمەکە تاکتیکییەکان بە هێزی زەمینی و ئاسمانی عێراق، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە تێکەڵبوون و هەمئاهەنگی سەربازانی هەردوولا لە دەرەوەی ئۆپەراسیۆنە ئاساییەکان. واچاکە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمریکا خاوەنی هیچ بنکەیەک لە عێراق نییە چونکە حکومەتی عێراق خاوەنی هەموو ئەو بنکە هاوبەشانەیە کە سوپای ئەمریکا لە عێراق بەکاری دەهێنن، بەو بنکانەی کە دەکەونە هەرێمی کوردستانیشەوە.

ئێران نایەوێت عێراق و ئەمریکا بگەنە ئاستی جیابوونەوە، واتە کشانەوەی یەکەکانی هاوکاریی و ڕاوێژکاریی شەڕ و دەستبەرداربوون لە بنکە و بارەگا بەقەرز وەرگیراوەکان لە عێراق، چونکە دەزانێت کشانەوەی ئەمریکا کاریگەری لەسەر ڕۆیشتنی دراوی قورس (دۆلاری ئەمریکی) بۆ عێراق دەبێت. ئەوەش زیان بە ئابووری ئێران دەگەیەنێت یان ڕەنگە عێراق لە سەروەت و سامان و قازانجی ئابوورییەوە بۆ ئێران ببێت بە بارێکی قورس بەسەر ئێرانەوە.

دەرئەنجامەکان

هەوڵەکانی ئێستای ئێران بۆ وەدەرنانی ئەمریکییەکان لە عێراق جیاوازە لە هەوڵەکانی پێشووتر. لە زۆر ڕووەوە، پاڵنەرە نوێیەکان زیاتر ئێرانین. ئێران زۆر پێویستی بەوە هەیە کە کەڵک وەربگرێت لە تێوەگلانی وەکیلەکانی بە ئاستێکی نزم لە عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە حیکایەت و گوتاری مقاوەمە لە دوای هێرشەکانی ٧ ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل. لە کاتێکدا ئێران بەفەرمی دەیەوێت پرسی عێراق و غەززە لێک گرێ بدات، بەڵام ئامانجە ڕاستەقینەکە لە چوارچێوەی عێراق دایە. عێراق تاکە شوێنە کە وەکیلەکانی ئێران توانا و ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت ڕاستەوخۆ لە ئەمریکییەکان بدەن.

ئێران هەوڵدەدات کە حکومەتی ئێستا لە چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتار) هێندەی دیکە کۆنتڕۆڵی بەسەر عێراق دا پتەوتر بێت، فشاریش دەخاتە سەر ئەمەریکا بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەجێبهێڵێت بەڵام دەستیش بەتەواوی لە عێراق هەڵنەگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەیەوێت چوارچێوەی هەماهەنگی پڕتواناتر بکات و هەموو ئەوانی دیکەش لاواز و پەراوێز بکات.

ڕەنگە ئێران نەتوانێت لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا بەتەواوی سەرکەوتوو بێت چونکە پێناچێت ئەمریکا دەست بە دانوستانەکان بکات تا هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی بەردەوام بن، بە کورتی ئەمریکا لەژێر فشاردا ناڕوات. سەرەڕای ئەمە، ئێران توانیویەتی ئەو حیزب و گرووپانەی کە هێشتا بە تەواوی کەمۆی نەکردوون، وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی  و سەدر. ئەوەی ئێران دەتوانێت بیکات سنووردارکردنی دیپلۆماتکارانی ئەمریکایە لەگەڵ دانانی ئەفسەر و سەرباز و فەرمانبەرە ئەمریکییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشی بەرز، بە بەردەوامی، ئەمەش دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە عێراق.

بۆ مانەوە لە عێراق، ڕەنگە ئەمریکا هەوڵبدات دوو گۆڕانکاریی لە ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق بکات، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە ئەمریکا خەریکە بەخێرایی ناوبانگ و شکۆی خۆی لە عێراق دا لەدەست دەدات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر هێزی نەرمی ئەمریکا دەبێت.

واپێدەچێت کە هیچ کامیان نەتوانن ئامانجە سەرەکییەکانیان بەدی بهێنن. بەڵام ڕەنگە ئەکتەرە سەرەکییەکان کۆنترۆڵی خۆیان لەدەست بدەن و دۆخەکە خراپتر بێت. تا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئێران و ئەمریکا خۆیان دەپاراست لە کوشتنی سەربازی یەکدی.

بەهەرحاڵ، عێراق ئێستا گۆڕەپانی شەڕە، بەڵام لەوەش گرنگتر، قۆناغێکە بۆ نمایش و پەیام بەخشین. شارێکی وەک هەولێر، ئامانجێکی ئاسان، لەلایەن هەمووانەوە وەک تاسەپێو (shock observer) بەکاردەهێنرێت بۆ هێورکردنەوەی بەشێک لە گرژییەکان.

سادەگۆییە ئەگەر پەرەسەندنی گرژییەکانی ئەمریکا و عێراق لە عێراق دا تەنها بگێڕینەوە بۆ شەڕی ئیسرائیل لە غەززە. چونکە زیاتر لە هەموو شتێک، هەر بوونی ئەمریکییەکان لە عێراق لەلایەن ئێرانییەکانەوە بە جددی وەرگیراوە و وەردەگیردرێت. ڕەنگە ئێران هۆکاری هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا وەک قەیرانی ئێستا دەری دەخات، جەوهەرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خسڵەتەکانی دەوڵەت-نەتەوەییەکی تەقلیدیی نەک حەماسەتی شۆڕشگێڕانە.

لە کاتێکدا کە ڕستەکانی کۆتایی ئەم بابەتە دەنووسم، دۆخەکە تەواو ئاڵۆزتر بووە بە هێرشێکی گەورە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەسەد لە عێراق کە کارمەندانی ئەمریکای بریندار کرد، دواتر هێرشەکانی سەر بنکەی تەنەف لە سوریا کە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و وەڵامدانەوەی ئەمریکا بە لێدان لە چەندین بنکە و بارەگای وەکیلەکانی ئێران بەدواداهات، بەڕادەیەک کە دۆخەکە زۆر لە جاران ئاڵۆزتر و قەیرانەکانی بەرەو هەڵکشان بردووە. ئەمریکا پێی وایە جێپەنجەی ئێران لە هەموو لایەکدا هەیە و سوێند دەخوات تۆڵەی زیاتر بکاتەوە. ئەم لێمدەدەی و لێتدەدەمە نەک تەنها بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکییەکان بەڵکو بۆ داڕشتنی دیمەنی سیاسی عێراقیش بەردەوام دەبێت.

 

با مێشەکان گوێیان لێ نەبێ: وەرنەوە بۆ خوێ!
پێشت با مێشەکان گوێیان لێ نەبێ: وەرنەوە بۆ خوێ!
هۆشداری دەدرێتە غاز فرۆشەکان
دواتر هۆشداری دەدرێتە غاز فرۆشەکان
ەیوەندیدار