“خەڵك” زانیاری نوێ دەربارەی ناردنەوەی پەنابەرانی کورد ئاشکرا دەکات



ڕاوێژکارێکی کاروباری پەنابەران لە ئەڵمانیا ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە زۆربوونی حاڵەتەکانی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران دەکەن و دەڵێت، ئەو بابەتە قەبە کراوە و شتێکیش نییە تایبەت بێت بە پەنابەرانی هەرێمی کوردستانەوە.

قارەمان مەحمود عەسکەری، ڕاوێژکاری پەنابەران لە ڕێكخراوی ئاڤۆی ئەڵمانی لە دیدارێکی لەگەڵ تۆڕی میدیایی “خەڵك”دا وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە ڕێکارەکانی وەرگرتنی پەنابەران یاخود ڕەتکردنەوەی دۆسیەکانیان دەکات.

ڕاوێژکارەکە وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە کە ئایا تا چەند پەنابەری هەرێمی کوردستان چانسی وەرگرتنی مافی پەنابەریی لە ئەڵمانیا هەیە؟

 

ئەو دەنگۆیانە تا چەند ڕاستن کە باس لە بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران و بە تایبەتیش پەنابەرانی کورد دەکەن؟

قارەمان عەسکەری: گەڕاندنەوەی پەنابەران لە ئەڵمانیا، تەنها کورد یان تەنها ئەو ناوچەی ئێمە ناگرێتەوە، ئەو بابەتەش لە ڕووی میدیاییەوە زۆر قەبە کراوە و بەو شێوەیە نییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گەورە کراوە، ئەمە ڕێوشوێنیکی ڕۆتینییە و لە ساڵی 1948ەوە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکرێت، کەم تا زۆر خەڵک ڕۆشتووەتەوە یاخو نێردراوەتەوە و شتێکی نوێ نییە.

 

بڕیاری ناردنەوە کێ دەگرێتەوە؟

قارەمان عەسکەری: بڕیاری ناردنەوە، ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە دۆسیەکانیان داخراوە و ئیتر ناتوانن لە دادگا سکاڵا بەرزبکەنەوە و هەموو شتێکیان کۆتایی هاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا دۆسیە هەیە دادەخرێت، بەڵام ئەگەر پەنابەرەکە بتوانێت ڕاپۆرتی پزیشێكی بهێنیت کە ئەو کەسە نەخۆشە و ناتوانێت بچێتە وڵاتەکەی یان ناتوانێت بچێتە فڕۆکەوە، ئەوا پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا دەکرێتەوە.

مەرجیش نییە ئەوانەی کە دەوترێت دەنێردرێنەوە هەر بۆ وڵاتەکەی خۆی بێت، بەڵکو جۆرێك هەیە کە ڕێپێدانی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بچێتە وڵاتێکی دیکە داوای مافی پەنابەری بکات، جۆرێکی دیکەی ناردنەوەش هەیە کە دەنێردرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی پەنجەمۆری کردووە بەڵام داوای مافی پەنابەریی نەکردووە، ئەگەر ئەو وڵاتەش ئامادەیی نەبوو وەریبگرێتەوە، ئەوا دوای شەش مانگ پەنابەرەکە دەبێت بە ماڵ لەسەر ئەو وڵاتەی لێیەتی.

ئەگەر کەسێکیش داوای مافی پەنابەری لە وڵاتێکی دیکە پێشکەش کرد و پاشان هاتە ئەڵمانیا، ئەوا ئەڵمانیا داوای لی دەکات بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی کە داواکەی لێ پێشکەش کردووە و پێی دەڵێت هەر کاتێك لەوێ مافی پەنابەریت وەرنەگرت، ئەوکاتە دەتوانیت بچیتە وڵاتێکی دیکەوە.

 

ئەو ڕێکارانە چین کە لە ناردنەوەی پەنابەردا پەیڕەو دەکرێن؟

قارەمان عەسکەری: ڕێکاری ئەوەی پەنابەرێك یەکسەر بنێردرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی ئەوەیە سەرەتا بەڵگەنامەکانی لێ وەردەگیرێتەوە یاخود هەڵدەوەشێنرێنەوە، نامەیەکیشی بۆ دەچێت کە ئیتر بۆی نییە لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە و کاتێکیشی بۆ دەستنیشان دەکەن. پاشان ئەو پەنابەرانە لە کەمپێكی تایبەت کە وەك ترانزێت وایە کۆدەکرێنەوە تا ئەو کاتەی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتەکانیان دەکەن و داوای ڕەزامەندیان لی دەکەن بۆ وەرگرتنەوەیان، هەرکاتێکیش ڕەزامەندییەکە وەرگیرا پەنابەرەکە دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.

پەنابەر دوای ڕەتکردنەوەی دۆسیەکەشی کاتێکی بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی پەنا بباتە بەر پارێزەر و تانە لە بڕیارەکە بدات.

 

ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەڵمانیادا هەیە بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران؟

قارەمان عەسکەری: تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە کە باس لەوە بکات ئەڵمانیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا ڕێککەوتنی بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران کردبێت. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە، بەڵام زۆر کەسیش کە نێردراوەتەوە بۆ هەولێر یان بەغدا بە دڵنیاییەوە بە ڕەزامەندی دامودەزگاکانی ئەوێ نەبووبێت ئەڵمانیا ناتوانێت لەخۆیەوە خەڵك بنێرێتەوە و سواری فڕۆکە بکات و لە فڕۆکەخانەیەك دایبگرێت  کە قبوڵی نەکەن. بۆیە ئەگەر ڕێککەوتنێك نەبێت کەس بەزۆر نانێرنەوە، بەڵام بە فەرمی ڕێككەوتن لە ئارادا نییە.

 

ئەڵمانیا لەسەر چ بنەمایەك مافی مانەوە بە پەنابەر دەدات؟

قارەمان عەسکەری: مافی مانەوە لەسەر چەند بنەما و مەرجێك دەدرێت، ئەڵمانیا بەلایەوە گرنگە ئەو کەسەی داوای مافی پەنابەری دەکات، ڕاست و دروست بیسەلمێنێت کە بۆچی ناتوانێت لە وڵاتەکەی خۆی بژی و بمێنیتەوە و چ مەترسییەکیشی لەسەرە، دەبێت هۆکارەکان لە دۆسیەیەکی ڕێکوپێکدا جێ بکاتەوە.

کارەساتی سروشتی، کێشەی کۆمەڵایەتی و شەڕی ناوخۆ ئەم بابەتانە بیانوو نین بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری، بەڵام ڕاوەدوونانی سیاسی، یان زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان، جەنگی نێودەوڵەتی یان جەنگی نێوان دوو وڵات لەبەرچاودەگیرێن، هۆکاری دیکەش هەن بەڵام ئەوەیان دادگا بڕیاری لەسەر دەدات.

لە ئەڵمانیا لەسەر بنەمای ئاستی خوێندن و چینایەتی، جیاکاری ناکرێت لە نێوان پنابەراندا، بەڵکو دەمێنێتەوە سەر ئەوەی دۆسیەکەی چیە، دوای لێکۆڵینەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

هیچ پلەبەندی و جیاکارییەكیش لە مەسەلەی مافی پەنابەریدا نەکراوە، بەڵام ئەوانەی کێشەی نەژادییان هەیە وەکو ئێزدییەکان یان دووچاری ڕاوەدوونان بوون، تایبەتمەندی ئەمانە لەبەرچاو دەگیرێت. یاخود ئەوانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیکاتە بڕیارێك بۆ ئەوەی تایبەتمەندی بدرێ بە دۆسیەکانیان، وەكو سوورییەکان کە بڕیارەکە سەپێندرا بوو بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا بۆ ئەوەی یەکسەر پەنابەرەکانیان وەربگیرێن وئۆکراینییەکانیش ئاسانکارییان بۆ کراوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێمی کوردستان، ئایا تا چەند هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق چانسی وەرگرتنی مافی پەنابەرییان هەیە؟

قارەمان عەسکەری: بەڕاستی چانسی قبوڵکردنی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا لاوازە، هەندێك شوێن هەیە زۆر جەختی لێ دەکەنەوە، بە تایبەتیش ئێستا کە ئەڵمانیا خۆی کونسوڵخانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان دەکات. ئەوەندەش بەڵگە و ڤیدیۆی ناڕاست چووەتە بەردەستیان، شارەزاییەکی وردیان پەیدا کردووە. بۆیە چانسی وەرگرتن بۆ کوردی عێراق یان هەر بۆ کورد بە گشتی تا ڕادەیەکی زۆر لاوازە، چونکە ئەوان پێیانوایە سلێمانی و هەولێر و دهۆك شوێنی ئارامن و کێشەیەکی سیاسی گەورە یان جەنگێکی گەورەی لی نییە و دامودەزگاکانیش ڕاوەدوونانێکی سیاسی زۆریان نییە.

هەتا ئێستا دادگای ئەڵمانیا نەگەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان مەترسی ڕادەبرێن و ئازادی و قۆرخکردنی دەسەڵاتیان لەسەر بێت. ئەوە لای ئەوان چەسپاوە ئەوەیە کە کوردستان شوێنیکی ئارامە، مەگەر لە حاڵەتی تایبەتدا نەبێت کەسەکە ڕاوەدوونانی لەسەر بێت یان کێشەی ئەمنی هەبێت یاخود ئەشکەنجە درابێت. تەنانەت خەڵکی بەغدا و موسڵیش چانسی وەرگرتنیان لاوازە، چونکە ئەڵمانیا لەو دوو شارەدا پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی جێبەجێ دەکات و نایەوێت بە قبوڵکردنی پەنابەر چۆڵ بکرێن.

پێشنیارێکی کاتیی بۆ حکومەت بۆ چارەسەری کاتیی بایکۆتکردن
پێشت پێشنیارێکی کاتیی بۆ حکومەت بۆ چارەسەری کاتیی بایکۆتکردن
(ئەحمەد كاكە محمود) نمونەی شەرعزانێكی سیاسی هاوچەرخ
دواتر (ئەحمەد كاكە محمود) نمونەی شەرعزانێكی سیاسی هاوچەرخ
ەیوەندیدار