نەخشە ڕێگای ئەوروپی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە چییە؟



سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی ڕەتکردەوە، هاوکات یەکێتی ئەوروپا نەخشە ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی دەخاتەڕوو.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی ڕەتکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکانیان وتووێژی جیا ئەنجام بدەن و ئاسۆکانی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی تاوتوێ بکەن.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ڕیاز مالیکی، وەزیری دەرەوەی فەڵەستین بەجیا بەشداری کۆبوونەوەیەکی ئاسایی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەکەن لە برۆکسل، تێیدا تیشک دەخرێتە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەمان کاتدا باس لە هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخی ئۆکرانیا دەکرێت.

کۆبوونەوەی برۆکسل دوای ١٥ هەفتە لە دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ترسەکان لە فراوانبوونی ململانێکانی ناوچەکە.

وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە، میسر، ئوردن و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبیش بەشداری دەکەن، چونکە لە کۆبوونەوەکەدا تیشک دەخرێتەسەر کاردانەوەی هێرشی ٧ ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەستیپێکرد.

پێش کۆبوونەوەکە، کۆمەڵەی دیپلۆماسی یەکێتیی ئەورووپا نوسراوێکی گفتوگۆی بۆ وڵاتانی ئەندام نارد، کە نەخشەڕێگایەک بۆ ئاشتی لە ململانێی فراوانتری ئیسرائیل و فەڵەستین پێشنیار دەکات.

ناوەڕۆکی پلانەکە بانگەوازێکە بۆ بەستنی “کۆنفرانسی ئامادەکاری بۆ ئاشتی” کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، میسر، ئوردن، سعودیە و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ڕێکخراوە، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن لە ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەدا.

ئەم کۆنفرانسە بەڕێوەدەچێت تەنانەت ئەگەر ئیسرائیلییەکان یان فەڵەستینییەکان بەشداریکردنیان ڕەتبکەنەوە، بەڵام بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەموو هەنگاوێکی گفتوگۆکاندا ڕاوێژ بە هەردوولا دەکرێت.

ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پلانی ئاشتی دەبێت  بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین، کە “لە ئاشتی و ئاسایشدا شانبەشانی ئیسرائیل بژین”.

کاربەدەستانی یەکێتیی ئەوروپا دانبەوەدا دەنێن کە بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل لە ئێستادا هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ چارەسەری بەناو دوو دەوڵەتی، بەڵام یەکێتییەکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە تاکە بژاردەیە بۆ ئاشتی درێژخایەن.

یەکێتیی ئەورووپا دابینکەرێکی سەرەکییە بۆ یارمەتییە ئابوورییەکان بۆ فەڵەستینییەکان، لە هەمان کاتدا ڕێککەوتنێکی بەرفراوانی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە کە ناوچەی بازرگانی ئازادی لەخۆدەگرێت، هەندێک لە بەرپرسان بە شێوەیەکی تایبەت پێشنیاریان کردووە کە ئەم خاڵە بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئیسرائیل.

تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بە بیرۆکەیەکی لەو شێوەیە ڕازی دەبن یان نا، بەو پێیەی وڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا، کۆماری چیک و هەنگاریا لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلن.

یەکێتی ئەوروپا هەوڵدەدات هەنگاوێک بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی بنێت، بەشێوەیەک خۆی بەدووربگرێت لە لایەنگری بەهێزی ئیسرائیل، ئەڵمانیا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کردووە کە لەلایەن وڵاتانی وەک ئیسپانیا و ئیرلەندا خراوەتەڕوو.

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا مەرجی گشتییان بۆ ” کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە داناوە، هەر جۆرە داگیرکارییەکی درێژخایەنی ئیسرائیلیان ڕەتدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماسیان کرد و ڕایانگەیاند کە پێویستە دەسەڵاتی فەڵەستین کەرتی غەززە بەڕێوەبەرێت.

 

” بونیاتنانی دەوڵەتی فەڵەستین، تاکە بژاردەی ئاشتییە”

یەکێتی ئەوروپا پێیان وایە وایە کە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵستین تاکە ڕێگەی بژاردەیی بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، تەحەدای جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای کرد و ڕایگەیاندووە، “وڵاتەکەی دەبێت کۆنترۆڵی ئەمنی خۆی بەسەر غەززەدا بپارێزێت”.

پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان، یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی سزای بەسەر شەش کەسدا سەپاند بەهۆی دابینکردنی بودجە بۆ بزووتنەوەی حەماس.

هاوکات ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، یەکێتیی ئەورووپا، یەحیا سینوەر، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە خستە لیستی “تیرۆریستی” وە.

لە پێشتریشدا حەماس وەک ڕێکخراوێکی “یرۆریستی” پۆلێن کراوە، چەند وڵاتێک ئەم بزووتنەوەیە بە ڕێکخراوێکی “تیرۆریستی” دەزانن، لەوانە ئەمریکا، کەنەدا و ئیسرائیل.

هاوکات وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا سزایان بەسەر دانیشتوانی ئیسرائیلی “توندڕەو” لە کەناری ڕۆژئاوا سەپاند.

شارەزایەکی کەشناسی: بارانبارین دەستپێدەکات
پێشت شارەزایەکی کەشناسی: بارانبارین دەستپێدەکات
تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئێران کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
دواتر تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئێران کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
ەیوەندیدار