دادگای فیدڕاڵی بۆ مووچە و پلەبەرزكردنەوە كۆدەبێتەوە


نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی گەیشتنە بەغدا بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی مووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان.

ماوەی 8 ساڵە و لە ساڵی 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگیراوە، لەكاتێكدا ئەو مافە بەپێی یاساكانی (خزمەتی شارستانی و پلەبەندی مووچە) دراوە بە فەرمانبەران و مامۆستایان و یاسایەكی فیدڕاڵییە.

نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بەغداوە و لە گۆڕەپانی تەحریر تۆمارێكی ڤیدیۆییان بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاند، ئێمە وەكو فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا لە بەغداین و ئەمڕۆ و سبەینێ‌ كۆمەڵێك كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین تاوەكو مافی فەرمانبەران بە گشتی و مامۆستایان بەتایبەتی بەدەستبهێنین، كە چەند قۆناغێكی گرنگی بڕیوە.

ڕاشیانگەیاند، سبەینێ‌ پێنج لە دۆسیەكانی بەردەم دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و مافی فەرمانبەرانی هەرێمە و پێمان وایە، چەند دۆسیەیەكیان لە سوودی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلایی دەبنەوە.

ئاماژەیان بەوەشكرد، “بەداخەوە بیستمان چەند مامۆستایەكی ناڕازی هاوكارمان لە هەرێم و بەتایبەت لە سلێمانی ڕاگیراون، بۆیە هیوادارین بە زووترین كات ئازاد بكرێن و بگەڕێنەوە ناو خانەوادەكانیان”.

نوێنەری مامۆستایان هیواشیان خواست، “سبەینێ‌ لە بەرئەنجامی دانیشتنەكانی دادگا هەواڵی مژدەبەخشیان بۆ مووچەخۆران و فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان پێبێت” و جەختیشیان كردەوە، كە تا دواهەناسە لەگەڵ مافە ڕەواكانی فەرمانبەرانی هەرێم دەبین.

ئاگادارییەك لە كارتی نیشتمانی سلێمانییەوە بۆ هاووڵاتیان
پێشت ئاگادارییەك لە كارتی نیشتمانی سلێمانییەوە بۆ هاووڵاتیان
عومەر سەید عەلی: كوردستان بەسەر دوو چینی چەوساوە و چەوسێنەر دابەش بووە
دواتر عومەر سەید عەلی: كوردستان بەسەر دوو چینی چەوساوە و چەوسێنەر دابەش بووە
پەیوەندیدار