وەزارەتی پێشمەرگە: کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کارەکانی وەزارەتەکە



ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەمساڵ بە ڕێژەی ٪25 کەمکراونەتەوە و تا ساڵی 2026 بە تەواوەتی کۆتاییانپێدێت. دەشڵێت:”ئەو کەمکردنەوەیە کاریگەری خراپی دەبێت”.

لیوا ڕوکن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە \”یاداشتنامەیەکی تێگەشتنمان هەیە لە نێوان پنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا) و وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاگاداری حکومەتی عێراق بۆ چوار ساڵ و هەر مانگێک 20 ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئەجهیزات ومەشق و ڕاهێنان لە خۆی دەگرێت، ساڵانە هاوکاریە ماددیەکان کەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026 دا سفر دەبێتەوە.”

سەبارەت بەوەی کە دەوترێت کەمکردنەوەی ئەو هاوکارییە سزایە وتیشی،”کەمکردنەوەکە سزا نییە، بەڵکو بەپێی ئەو لێکتێگەشتنەیە کە هەیە لە نێوانماندا.”

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ساڵی 2016 ئەنجامدرا و لە مانگی 10ی 2022 نوێکرایەوە. بە پێی لێکتێگەشتنەکە پنتاگۆن مانگانە 20 ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئەجهیزەی جەنگی و مەشق و ڕاهێنان پێشکەش بە هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەکات و هاوکاردەبێت لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 و دروستکردنی هێزی پێشمەرگەیەکی هاوبەش.

هاوکارییەکانی ئەمەریکا بەکاردەهێندرێن بۆ دابینکردنی مووچەی نزیکەی 54 هەزار پێشمەرگە کە ڕاستەوخۆ لەژێر فرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان.

پێشتر ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە، کە کەمکردنەوەی ئەو هاوکارییانە لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بووە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت:” کەمبوونەوەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، کاریگەری دەبێت لە تازە بوونەوەی چەک و ئەجهیزاتەکانی پێشمەرگە، بڕینی هاوکاریەکان کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیش.”

وتیشی،”دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو کەمبوونەوەیە بکەنەوە و پلانیان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەیە.”

کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە کاتێكدایە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی گرفتی گەورەی دارایی بووەتەوە و لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەرێم تا ئێستا دەرگای قوتابخانەکان نەکراوەتەوە بە هۆی بایکۆتی مامۆستایان لە پای پێنەدانی مووچەکانیان.

بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانیش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانوستان و دانیشتنی بەردەوامدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق و تا ئێستاش ڕێگە چارەی پێویست بە چارەسەر کردنی کێشە داراییەکانی هەرێم نەدۆزراوەتەوە.

سەرەتای ساڵی 2021، هاوپەیمانان نزیکی دوو مانگ ئەو 20 ملیۆن دۆلارەیان نەنارد و دوایانخست. ئەو کات، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری گەڕاندەوە بۆ نیگەرانی ئەمەریکا لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و باڵادەستی حزبی یەکێتی و پارتی لە ناو هێزەکەدا.

ئەمریکا و هاوپەیمانان هێرشیانکردە سەر حوسییەکان
پێشت ئەمریکا و هاوپەیمانان هێرشیانکردە سەر حوسییەکان
محەمەد حاجی مەحمود بۆ هێزەكانی حزبەکەی: ئامادەبن بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێك
دواتر محەمەد حاجی مەحمود بۆ هێزەكانی حزبەکەی: ئامادەبن بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێك
پەیوەندیدار