پاش سەری ساڵ بەهای دینار بەرزدەبێتەوە



پێشبینییەکان بۆ بەهای دینار لە ساڵی داهاتوو ئەرێنییە، مامەڵەکردنی تەواوەتی بە دیناری عێراقی بووەتە هیوایەک بۆ هاووڵاتیان و ئومێدیان بە ساڵی نوێ هەیە.

هەرچەندە بەهای دینار لەم هەفتەیەدا دابەزێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە دابەزینی زیاتردابێت، نزیک ببێتەوە لەو نرخەی بانکی ناوەندی مامەڵەی پێوەدەکات.

د.نەبەرد کەریم، پسپۆڕی ژمێریاری و دارایی، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ (خەڵك) ئاماژەی بە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بۆ ساڵی ٢٠٢٤ کرد.

 

خەڵك: لە ساڵی ٢٠٢٤ بەهاری دینار بەرزدەبێتەوە یاخود دادەبەزێت؟

د.نەبەرد کەریم: سەرجەم پێشبینییەکان بۆ ئەوەن لە ساڵی داهاتووەوە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی دابەزینێک بەخۆیەوە ببینێت، ئەمە لە کاتێکدا کە ڕێکارەکان وەکو خۆی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر سەرجەم مامەڵەکان لەناو عێراق بە دینار بکرێت، ئەو کاتە خواستێکی زیاتر بۆ دینار دەبێت تا دۆلار، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی.

وە بە قاچاخبردنی دۆلار تا ڕادەیەک کەمبکرێتەوە، ئەمە خاڵێکی زۆر سەرەکییە بۆ خاتری ئەوەی کە بەهای دۆلار تا ڕادەیەک نزمبکاتەوە، چونکە یەکێک لە پێوەرە هەر سەرەکییەکان بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ئەو دۆلارە ئەمریکییەی ڕۆژانە دەخرێتە بازاڕەوە لە ڕێگای کۆمەڵێک بانکەوە بە قاچاخ دەبرێتە بۆ وڵاتەکانی وەک ئێران، تورکیا، سوریا و لوبنان، خۆ ئەگەر ڕێگری لەمە بکرێت ئەو دۆلارە کاشەی دەخرێتە بازاڕەوە تا ڕادەیەکی باش کیفایەتە.

 

خەڵك: دۆخی سیاسی عێراق کاریگەری بۆ ناجێگری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هەیە؟

نەبەرد کەریم: بەهای دۆلاری ئەمریکی کە بەرزدەبێتەوە بابەتەکە زیاتر پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە نەک بازرگانی، چونکە بەشێکی زۆری ئەو دۆلارە کاشانەی کە دەخرێتە بانکەکانەوە، ئەو بانکانەن کە شووێنکەوتەنی حزبە شیعییەکانن، حزبە شیعییەکانیش لە ژێر کاریگەری دەوڵەتی ئێراندان، کەوابوو ئەم دۆلارە کاشانە لە ڕێگای قاچاخەوە دەچێتە ئەو وڵاتانە، ئەو قاچاخیەش کە بە دۆلاری ئەمریکی دەکرێت، لە ئاستی خەڵكێکی ناوەندن و ئاسایی نییە، لە ئاستی دەسەڵاتێکی باڵادایە، بە تایبەتی لە ئاستی حکوومەتی عێراقیدایە.

 

خەڵك: باشترین ڕێگاچارە بۆ دابەزین و جێگیرکردنی بەهای دینار چییە؟

نەبەرد کەریم: تاوەکو دەسەڵاتێکی چاودێری باشتر لە ئەمریکاو و عێراقەوە نەبێت، کە بتوانێت چاودێری سنوورەکان بکات بۆ ئەوەی دۆلاری ئەمریکی نەڕواتە ئەو وڵاتانە، ناکرێت چاوەڕێی ئەوە بکەین بەهای دۆلاری ئەمریکی دابەزین بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئەو خاڵەی کە جێگای ئومێدە بۆ هاووڵاتیان کە سەرجەم مامەڵەکان لەناو وڵاتدا بە دینار بێت.

 

خەڵك: ئەو وڵاتانەی لەگەڵ بە قاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە ناویان دێت چۆن ئەم مامەڵەیە دەکەن؟

د.نەبەرد کەریم: لەناو عێراقدا زیاتر لە ٣٥ ترلیۆنی دیناری عێراقی لەناو عێراقدا دیار نییە، کە ئەمە گورزێکی گەورەیە بۆ دیناری عێراقی، کەوابوو ئێستا بەشێک لەو وڵاتانە بەتایبەت ئێران بەشێکی زۆری دیناری عێراقی بردووەتە ناو ئێرانەوە، بەتایبەتی بەو کارەبا و غازەی کە دابینی دەکرد بۆ عێراق، کە بەدیناری عێراقی ئەو پارەیەیەی وەردەگرتەوە، زیاتر لە ٣٥ ترلیۆن دیناری چاپی عێراقی ونە و لە عێراقیشدا نییە، ئەمەش دیسان هۆکارێکە کە دیسانەوە بە دیناری عێراقی بێت لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بێتە ناوەوە و دۆلار بباتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.

 

 

نرخی دۆلار لە داخستنی بازاڕدا گۆڕانکاری بەسەردا هات
پێشت نرخی دۆلار لە داخستنی بازاڕدا گۆڕانکاری بەسەردا هات
نەوتی سپی بەسەر  توێژێکدا دابەشدەکرێت
دواتر نەوتی سپی بەسەر توێژێکدا دابەشدەکرێت
ەیوەندیدار