بافڵ تاڵەبانی: بەرپرسیارین بەرامبەر بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم



سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسیارین بەرامبەر بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی سەقامگیر بۆ خەڵكەكەمان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیکرد لە شاندێكی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆریا نوڵاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی بەوەکالەت و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی یەكێتی، لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سیاسی و سەقامگیریی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە یەكخستنی هەوڵەكان كرایەوە لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عیراق.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ پاراستنی سەقامگیریی عیراق دووپاتكردەوە و ڕایگەیاند، هەوڵەكانمان لەپێناو دوورخستنەوەی وڵات لە گرژی و ناكۆكییەكان بەردەوامە و لەگەڵ هێز و لایەنەكانی تر لە گفتوگۆداین تاوەكو ئەو دۆخە نەخوازراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدایە، كاریگەری لەسەر ئاشتی و ئارامیی ناوچەكە نەبێت.

‏‎لەبارەی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی یەكێتی بۆ یەكخستنەوەی ناوماڵی كورد، بافڵ تاڵەبانی ستراتیژی حزبەكەی ڕوونكردەوە و وتی، “ئامانجمان قووڵكردنەوەی برایەتی و یەكڕیزییە لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكان، دەمانەوێت هەموومان پێكەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان بكەین”.

وتیشی، “بەرپرسیارین بەرامبەر بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی سەقامگیر بۆ خەڵكەكەمان، بۆ ئەمەش پێویستە هەمووان هاوكار و هەماهەنگبن”.

‏‎لەبەرامبەردا شاندی باڵای ئەمریکا جەختیان لە پاراستنی ئاسایشی هەرێم و عیراق كردەوە و ڕایانگەیاند، سەقامگیریی ناوچەكە گرنگییەكی زۆری بۆ ئێمە هەیە و هەماهەنگییەكانمان لەو پێناوەدا بەردەوام دەبێت.

دەوامی ڕۆژانی شەممە لە بەشێكی خوێندنگەكان دەكرێتەوە
پێشت دەوامی ڕۆژانی شەممە لە بەشێكی خوێندنگەكان دەكرێتەوە
زانیاری لەسەر هەمواری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاودەكرێتەوە
دواتر زانیاری لەسەر هەمواری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاودەكرێتەوە
ەیوەندیدار