لە درێژترین شەوی ساڵ مانگ و خۆر بەیەکدەگەن



بە درێژای مێژوو شەوی کۆتایی پایز بە شەوی یەڵدا ناسراوە، بۆنەیەکی مێژوویی و دێرینە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لە نێوان نەتەوەكانی کورد، فارس، ئاری نەژادەکانی و نەتەوەكانی دیکەی میزۆپۆتامیا.

ئەفسانەی لەدایکبوونەوەی خۆر و شەوی یەڵدا بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە لەگەڵ وەرزەکانی ساڵدا تێهەڵکێش کراوە.

ئەفسانەکە دەڵێت: خۆر لە سەرەتای وەرزی زستاندا لەدایك دەبێت، لە بەهاردا قۆناغی گەنجییە، لە وەرزی هاوین كامڵ دەبێت و لە وەرزی پایزیشدا پیر دەبێت، لە كۆتا شەوی پایز خۆر دەمرێت و لە نیوەشەودا لەدایك دەبێتەوە.

خەڵکانی ئەو سەردەمە بۆ بینینی خۆرهەڵهاتن تا بەیانی نەخەوتوون بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هەڵهاتنی خۆری نوێ بوون.

بەهۆی ئەم ئەفسانەوەیە شەوی یەڵدا بە شەوێکی پیرۆز دانراوە، بە شەوی یەڵدا ناویان بردووە، کە وشەی یەڵدا ڕیشەیەكی سریانیی هەیە، واتای لەدایکبوون یاخود هاتنە دنیا دەگەیەنێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ لەدایکبوونەوەی خۆر.


شەوی یەڵدا لە ڕووی زانستییەوە

جیاواز لە بۆچوون و ئەفسانەکان، لەڕووی زانستییەوە شەوی یەڵدا بە شەوی “هەڵگەڕانەوەی زستان” ناودەبرێت، لەو شەوەدا خۆر لە دوورترین ئاستی لاری دەبێت لە هێڵی كەمەرەیی زەوییەوە و ستون دەبێت لەسەر هێڵی كاوڕ (Capricorn) ، دەکەوێتە سەر هێڵی پانیی ٢٣.٥ کە دەکەوێتە باشووری کەمەرەیی و ژمارەیەش گۆشەی لاری گۆی زەوییە لە خولگەی خۆی بەرامبەر خۆر.

لە ٢٠ بۆ ٢٢ مانگی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێک خۆر دەگاتە دوورترین خاڵ، بەو هۆیەشەوە نیوە گۆی باكووری زەوی درێژترین شەو و لە نیوەگۆی باشوور درێژترین ڕۆژی ساڵ تۆماردەكرێت، ١٤ کاتژمێر تاریکی دەبێت، خولەکێک لە شەوی پێشتر زیاترە.

ئێستا لە بەشێکی نەتەوەکاندا یادی ئەم شەوە دەکرێتەوە، لەوانە چین و نەتەوە ئارییەکانی وەک هیند، پاکستانی، فارس، ئەرمەنی، کورد و چەندین نەتەوەی دیکە.

 

شەوی یەڵدا لای کوردەکان

شەوی یەڵدا لەناو كولتوور و ئەدەبی‌ كوردیدا ڕەنگی داوەتەوە، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو شەوە لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و بە ڕازاندنەوەی سفرە و خوانیان ئەو شەوە بەڕێدەکەن، لە کۆندا بارینی بەفر لەو شەوەدا بە نیشانەی ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەت دانراوە.

خێزانەکان لە شەی یەڵدا پێکەوە تا بەرەبەیان کۆدەبنەوە، تا تاریکی ساردی و خەمەکانی نەبوونی خۆر ڕۆحیان لاواز نەکات، یەکێک لە نەریتە هەرە باو و بەناوبانگەکانی شەوی یەڵدا داگیرساندنی ئاگر، خوێندنەوەی شیعر و گێڕانەوەی چیرۆکە لەلایەن کەسە بەتەمەنەکانەوە، کە چیرۆکەکانیش ڕەنگدانەوەی کلتوور و نەریتی تایبەتە بە ناوچەکان.

 

مێزی شەوی یەڵدا

ڕازاندنەوەی مێزی شەوی یەڵدا بەشێکە لە نەریتە تایبەتەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تایبەتمەندی خۆی هەیە، میوەی سەرەکی شەوی یەڵدا هەنارە، چونکە لە ڕابردوودا بە هێمای بەرەکەت و بەپیتی دانراوە، ڕەنگە سوورەکەشی هێمای گەرمی خۆر و بەختەوەرییە.

شوتی، وەک هەنار یەکێکە لە میوەکانی شەوی یەڵدا، لەکاتێکدا شوتی میوەیەکی هاوینەیە، بەڵام دانانی بە مەبەستی ڕەنگەکەیەتی وەک یادەوەری گەرمی هاوین و نیشانەی خۆر، کە ڕەنگی سوور یەکێکە لە ڕەنگە گەرمەکان.

میوەی وەرزی: پرتەقاڵ، لیمۆ و سێو دەخرێنە سەر مێزی شەوی یەڵدا، لەگەڵ چەرەسات و میوەی وشککراوە دادەنرێت.

چەرەساتەکانی وەک سنجد، فستق، بادام، گوێز، بندق، تووی وشک، مێووژ و هەنجیر، هەروەها گەنم و تۆوی شوتی و نۆکی برژاو دادەنرێت، عەتر و بغورد لەسەر مێزەکە دادەنرێت، سێوی مێخەكڕێژ دروستدەکرێت، بۆن و بەرامەییەکی تایبەت ماڵەکان دەتەنێت.

زاراوەی چلەی زستان لەناو کورددا، بۆ چل ڕۆژی سەرەتا و ناوەڕاستی وەرزی زستان بەکاردەهێنرێت، چل ڕۆژی سەرەتایی وەرزی زستان چلەی بچووکە، چل ڕۆژی ناوەڕاستیش “چلەی گەورە”یە، هەر لەبەرئەوەشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجار شەوی یەڵدا بە شەوی “چلە” ناو دەبرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکەم ڕۆژی چلەی بچووک.

جیاوازی شەوی یەڵدا لە ئەدەبیاتی کوردیشدا ڕەنگی داوەتەوە، نالی شاعیر لە وەسف و درێژی شەوی یەڵدادا ئەم هۆنراوەیەی هۆنیوەتەوە.

شەوی یەڵدایە یا دەیجوورە ئەمشەو    کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو

دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قوربان   خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو

دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە بۆیە        لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو

ئەنجومەنی وەزیران دەربارەی بودجە و نەوت و گاز کۆدەبیتەوە
پێشت ئەنجومەنی وەزیران دەربارەی بودجە و نەوت و گاز کۆدەبیتەوە
دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ ئاگربەست لە غه‌ززه‌ دواخرایەوە
دواتر دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ ئاگربەست لە غه‌ززه‌ دواخرایەوە
ەیوەندیدار