خەڵک: زانیاری نوێ لەبارەی چارەنووسی خوێندن لە وەرزی دووەم بڵاودەکاتەوە



بایکۆتی مامۆستایانی میلاک و وانەبێژان بەردەوامی هەیە و  جەختدەکەنەوە، تا حکومەت هەنگاویک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان نەگرێتەبەر مامۆستایان بایکۆت ناشکێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە، زیاتر لە ٩٥ ڕۆژە مامۆستایانی ناڕازی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، تا ئێستا حکومەت وەڵامی هیچ کام لە داواکاری مامۆستایانی نەداوەتەوە.

لە ١٣ ئەیلوول بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانی میلاک و وانەبێژان ڕاگەیەندرا، زیاتر لە ٥٠ هەزار مامۆستا بایکۆتی کردووە و ٧٠٠ هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەشن.

وەرزی یەکەمی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بە بایکۆت کۆتای هات، چارەنووسی وەرزی دووەمی خوێندنیش یەکلای نەکراوەتەوە.

هاوکات دوێنێ مامۆستایان مووچەی مانگی ئەیلوول-یان وەرگرت، تا ئێستاش چارەنووسی مووچەی مانگەکانی ( تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم) بە نادیاری ماوەتەوە.

دوینێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی بە نووسراوێکی فەڕمی داوای کرد لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەت کە سێ مووچەی کۆتایی ساڵ لەسەر حسابێکی تایبەتی ژمێریاریی بە ناوی “مووچەی شایستەی خەرجنەکراو” هەژماربکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەربارەی بایکۆتکردنی دەوام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و دەوروبەری  ڕایگەیاند، “ئومێدەوارین مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دەستبکەنەوە بە خوێندن، چونکە کاتێکی زۆر ڕۆیشتووە، بەڵام خوێندن دواناخرێت”.

 

هەڵوێستی مامۆستایان لە وەرزی دووەمی خوێندن چی دەبێت؟

محەمەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ” لە پێش سەری ساڵ لەگەڵ مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ کۆدەبینەوە، لەگەڵ نوێنەرەکان ڕاوێژ دەکەین بۆ گۆڕینی پلانەکانمان لە وەرزی نوێی خوێندن، تا ئەو کاتەش ئێمە لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوام دەبین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ” تا ئێستا وتەکانی وەزیری پەروەردە خزمەتی مامۆستایانی نەکردووە، بەڵام ئێمەش بە بێ دەستکەوت ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن، فەوتانی خوێندنی ئەمساڵیش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت”.

بەرهەم مستەفا، ئەندامی لقی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ” داواکارییەکانی مامۆستایان نەگۆڕن، تا ئێستا بڕیارمان نەداوە کە بۆ وەرزی نوێی خوێندن هەڵوێستمان چی دەبێت، بەڵام ئەگەر حکومەت بە بێدەنگی بمێنێتەوە، ئەوا بەردەوامدەبین لە بایکۆت”.

سەبارەت بە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ وتی، ” چارەنووسی خوێندن لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەدایە، ئەگەر بیەوێت لە فەوتان ڕزگاری بکات ئەوا دەبێت لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی دانیشتن ئەنجامبدات و هەنگاوی ئومێدبەخش بۆ مامۆستایان بگرێتەبەر، ئەو کات ئێمەش دەگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن”.

باسی لەوەکرد، “ژمارەیەکی کەمی ڕۆژەکانی خوێندن لە وەرزی دووەم ماوە، ئەگەر چەند هەفتەیەک لە وەرزی دووەمی خوێندن تێبپەڕێت، ئەو کاتە ئەگەری کردنەوەی دەرگاکانی قوتابخانە قورس دەبێت”.

سەبارەت بە گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن ئاماژەی بەوەکرد، “پێویستە حکومەتی هەرێم بەشێک لە داواکاری مامۆستایان لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و پلەبەرزکردنەوە، لەگەڵ دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا جێبەجێبکات بۆئەوەی مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن”.

بەرهەم مستەفا ئەوەشی خستەڕوو، بەڵێنەکانی حکومەتی عێراقی بۆ مامۆستایانی هەرێمی کوردستان تەنها لە چوارچێوەی قسەدایە و تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەگیراوەتەبەر.

 

حەلبوسی: بە ئیرادەی دەنگدەران سەرکەوتن بەدەست دەهێنین
پێشت حەلبوسی: بە ئیرادەی دەنگدەران سەرکەوتن بەدەست دەهێنین
ڕێ بە وەزیری ناوخۆی عێراق نەدرا دەنگ بدات
دواتر ڕێ بە وەزیری ناوخۆی عێراق نەدرا دەنگ بدات
ەیوەندیدار