شەش كەناڵ داخران



 

بەرپرسانی ماڵدۆڤیا دەڵێن بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی زانیاری نادروست و ڕووماڵكردنی جەنگەكەی ڕووسیا لە ئۆكراین بە شێوەیەكی ناڕاست و هەوڵدان بۆ ” یاریكردن بە ڕای گشتی “، مۆڵەتی كاركردنی شەش كەناڵی تەلەفیزیۆنی لە ماڵدۆڤیا هەڵوەشێندراونەتەوە.

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی كاركردنی كەناڵەكانی فێرست ئین ماڵدۆڤیا و ئاڕ تی ئاڕ و ئەكسێنت تی ڤی و ئێن تیڤ ماڵدۆڤیا و تی ڤی 6 و ئۆرهێی تی ڤی درەنگانێكی ڕۆژی هەینی لەلایەن كۆمسیۆنی باردودۆخە ناوازەكانی ماڵدۆڤیاوە دەركرا كە لە دوای داگیركارییەكەی ڕووسیا لە ئۆكراین دامەزرێندراوە.

كۆمسیۆنەكە، ڕاشیگەیاند، بڕیاری داخستنی كەناڵەكان دوای ئەوە بووە كە ئەنجومەنی بینراو و بیستراوی ماڵدۆڤیا پێداچوونەوەیەكی كردووە و بۆی دەركەوتووە، كە ” زانیاری نادروست لە ڕووماڵكردنی بۆنە نیشتیمانییەكان و جەنگەكەی ناو ئۆكراینیش بڵاوكراونەتەوە “.

دەشڵێت ئامانج لە داخستنی ئەو كەناڵانە ” ڕێگریكردنە لە مەترسی زانیاری هەڵە، یاخود مەترسی هەوڵەكان بۆ یاریكردن بە ڕای گشتی.”

چوار لە شەش كەناڵە داخراوەكە ‘ فێرست ئین ماڵدۆڤیا و ئاڕ تی ئاڕ و ئێن تی ڤی ماڵدۆڤیا و تی ڤی 6 ‘، بەردەوام ئەو بەرنامانە پەخش دەكەنەوە كە لە كەناڵە ڕووسییەكاندا پەخشكراون، ڕۆژی هەینیش وەكو بەشێك لە سزا نوێیەكانی دژ بە ڕووسیا لەلایەن ئەنجومەنی ئەوروپاوە قەدەغە كران.

ئەنجومەنی یەكێتی ئەوروپا دەڵێت “ئەو كەناڵانەی ڕووسیا كە قەدەغە كراون ” بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی سەركردایەتی فیدراسیۆنی ڕووسیادان و لەلایەن سەركردایەتی ڕووسیاوە بەكارهێندراون بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە و پڕوپاگەندەی جەنگەكە.”

تی ڤی 6 دەڵێت ” داخستنەكان بە تەواوەتی بێ بنەمان و هێرشێكی بێپێشینەن دژی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی نوسین و ئازادی ڕۆژنامەنووسان.”

هەندێك لەو كەناڵانەی كە داخراون موڵكی ئەو كەسانەن كە نزیكن لە ئیلهان شۆرەوە، كە دەسەڵاتدارێكی دەوڵەمەندی لە یاسا دەرچووی ماڵدۆڤیایە و ڕابەرایەتی حزبی شۆر دەكات كە دۆستی ڕووسیایە.

حزبەكە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا خۆپیشاندانی گەورەی لە چیسیناوی پایتەختی ماڵدۆڤیا ڕێكخست، دژی حكومەتی ماڵدۆڤیا كە پشتیوانی لە ڕۆژئاوا دەكات.

سەرۆكی ماڵدۆڤیا مایا ساندو ستایشی داخستنی ئەو كەناڵانەی كرد و بە ” هەنگاوێكی گرنگ بۆ ڕێگریكردن لە ناسەقامگیركردنی ” وڵاتەكە ناویبردن.

ساندو لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند ” ناتوانین لەم ئاستەنگییەی ئێستادا ئەوە قبووڵ بكەین، ئاسایشی وڵاتەكە و ژیانی هێمنی دانیشتوان لەلایەن لە یاسا دەرچووانەوە خراونەتە مەترسییەوە كە تەنها یەك شتییان دەوێت – هەڵاتن لە دادپەوری.”

شۆر تێوەگلاوە لە ساختەكارییەكی بانكدا كە بڕەكەی دەگاتە 1 ملیار دۆلار، هەروەها دەستی هەبووە لە پلانی نایاسایی دیكەشدا. هەفتەی ڕابردوو بەڕیتانیا شۆری خستە لیستی سزا نێودەوڵەتییەكانەوە. لەمدواییانەشدا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە بە تۆمەتی كاركردن بۆ بەرژەوەندییەكانی ڕووسیا خرایە لیستی سزاكانی وەزارەتەكەوە.

هۆشداری دەدرێتە بەنزینخانەكان
پێشت هۆشداری دەدرێتە بەنزینخانەكان
دۆخی كیێڤ خراپە
دواتر دۆخی كیێڤ خراپە
ەیوەندیدار