وەزیری كارەبا: هەرێم كارەبای نیشتمانی بە عێراق نافرۆشێت



وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە، كە كارەبای بەرهەمهاتووی نیشتمانی بە ناوچەكانی عێراق بفرۆشرێت و دەشڵێت: “ڕۆژانە 8 بۆ 10 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت”.

کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و گرفتی کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبای هەرێم کە ڕۆژی 11/30 ڕوویدا و هەوڵ و پرۆژەکانی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئاسایی پێدانی کارەبا و بابەتی پرۆژەی پریپەید و نرخەکەی خستەڕوو.

وەزیری کارەبا ئاماژەی به‌وەدا، کە ئێستا 3473 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و ڕەوشی کارەبای نیشتیمانی دوای کوژانەوەی گشتی ئاسایی بووەتەوە و یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و كاتژمێرەکانی هەبوونی کارەبای نیشتیمانی لە نێوان 8 بۆ 10 كاتژمێرە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی حكومەتی هەرێم، وەزیری کارەبا هەروەها باسی لە هەوڵ و پڕۆژە بەردەوامەکانی وەزارەت کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە یەکەکانی کۆمباین سایکڵی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوژانەوەی گشتی، کە بابەتەکە تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی بووە و ئەم جۆرە کێشە تەکنیکییانە لە زۆر شوێنی دونیا ڕوو دەدەن.

كەمال محەمەد، ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست دانا، کە هەرێمی کوردستان لە وزەی کارەبای بەرهەمهاتووی نیشتیمانی خۆی بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشێتەوە و ڕوونیکردەوە، “بەرهەمی کارەبای هەرێم، دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ساڵی ڕابردوو حكومەتی هەرێم سیستمی پریپەیدی كارەبای ڕاگەیاند و جەختی كردەوە، بەهۆی پێوەری زیرەك و سیستمی پریپەیدەوە، هاووڵاتیان كارەبای 24 كاتمێرییان بۆ دابین دەكرێت.

پێشتریش، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری پێشووی حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، هەرێمی كوردستان توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكات و بەشێكیشی بە ناوچەكانی دیكەی عێراق بفرۆشێت.

پرسی فرۆشتنی كارەبای هەرێم بە عێراق چەند ساڵێكە مشتومڕی لەسەرە لەكاتێكدا هاووڵاتیانی هەرێم كارەبایان نییە و پێشتریش لە مانگی 12ی ساڵی 2021دا عادل كەریم، وەزیری پێشووی كارەبای عێراق لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ كەمال موحەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو، كە حكومەتی هەرێم كارەبا دەداتە حكومەتی فیدڕاڵی.

دوابەدوای ئەو لێدوانە، وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕوونكردنەوەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندبوو، “هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی كارەبای هەرێم دەكەن، بێ بنەما و دوورن لە راستییەوە، ئەو بڕە كارەبایە لە رێگەی وەبەرهێنەرەكانەوە بەهاونیشتمانیانمان لە كەركوك، دەشتی نەینەوا و دیالە دەدرێت و بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەم وێستگانەی بەرهەمهێنانی كارەباوە نییە، كە حكومەتی هەرێم بۆ پێدانی كارەبا بە هاونیشتمانیان بەگەڕی خستوون”.

 

پێشەوا هەورامانی: حکومەتى هەرێم تواناى بەرگەگرتنى ئەو فشارەی نەماوە کە لە بەغداوە دەکرێت
پێشت پێشەوا هەورامانی: حکومەتى هەرێم تواناى بەرگەگرتنى ئەو فشارەی نەماوە کە لە بەغداوە دەکرێت
بۆ شۆفێران… ئەمشەو بە وریاییەوە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن
دواتر بۆ شۆفێران… ئەمشەو بە وریاییەوە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن
ەیوەندیدار