ئەمریکا لە عێراق دەچێتە دەرەوە؟ 



عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیکدەبێتەوە، نێوماڵی شیعەکان یەکگرتوونین، هەندێکیان داوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا دەکەن، ئەمریکا نایەوێت شەڕ بکات بەڵام بارەگاکانی بەهێزتر کردووە و نایەوێت شەڕەکەی غەززە بۆ عێراق پەلبهاوێژێت.

کەمتر لە هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ماوە، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام بابەتی هەڵبژاردن پرسی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدای شاردووەتەوە، چاوەکان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانن.

عێراق لە ١٨ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدەدات، لایەنە شیعەکان لە هەندێک پارێزگادا هاوپەیمانن و لە هەندێک پارێزگای دیکەشدا ڕکاربەرن، بەڵام گروپە چەکدارەکان بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر بارەگای ئەمریکییەکان، بوونەتە هۆکاری زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان.

ئەمریکییەکان لەپێناو پەلنەکێشانی شەڕی غەززە بۆ عێراق، دانیان بەخۆیانداگرتووە، دەنگۆی ڕێککەوتنی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەمریکییەکان هەیە، بۆ بێدەنگی ئەمریکییەکان بەرامبەر هێرشی گروپە چەکدارەکان تا دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

یاسین تەها، شارەزای لە کاروباری سیاسی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لە تۆڕی میدیای خەڵك شیکردنەوە بۆ دۆخی سیاسی عێراق و ئەگەری چوونە دەرەوەی ئەمریکا دەکات.

 

دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق ئێستا چۆنە؟

یاسین تەها: بارودۆخی عێراق بەهۆی هەڵبژاردنی پارێزگاکانەوە بڕێک گرژبووە، ڕاستە شیعەکان لە هەندێک پارێزگا هاوپەیمانن و بە لیستێک دابەزیوون، بەڵام لە هەندێکیان ڕکاربەریدەکەن، بە تایبەت کە سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کردووە، ئەمە جۆرێک لە گرژی و پێکدادانی لە گوتارەکاندا دروستکردووە.

 

خەڵك:هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ ئەمریکا ئەگەری پێکدادان زیاد ناکات؟

یاسین تەها: ئێستا پێشهاتەکانی تر هاتووەتە کایەوە، کە لێکەوتەکانی جەنگی غەززەیە، بەشداریکردنی هەندێک لە گروپە چەکدارەکانە لە هاویشتنی موشەک بۆ ئەمریکییەکان، وەڵامدانەوەی ئەمریکییەکان و بەکارهێنانی دۆلارە وەکو چەکێکی سیاسی و گوشارێک، هەموو ئەمانە وایکردووە کە پێکدادان نزیکبێت، تا نزیکببینەوە لە هەڵبژاردن گرژییەکان زیاتر دەبن.

 

خەڵك: کورد لەم گرژیانەی عێراق زەرەرمەند دەبێت؟

یاسین تەها: هەندێک بەریەککەوتنی زبر لەنێوان لەلایەنگرانی سەدر و عەمار حەکیم، سەدر و بزووتنەوەی عەسایب، هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندی زۆر شت نییە، یەکێک لەوانە کێشەکانی هەرێم و بەغدا، جاران بابەتی ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم گرنگبوو، بەڵام ئێستا پێشهاتی تر جێگای دەگرێتەوە.

 

خەڵك: کێ دەیەوێت ئەمریکا لە عێراق بچێتە دەرەوە؟

یاسین مەحمود: چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا داواکارییەکی شیعەیە، هەموو شیعەکانیش نا، ئەو شیعانەی کە خۆیان بە میانڕەو دەزانن ترسیان هەیە لەوەی کە ناتوانن بە ئاشکرا بیڵێن با نەڕۆن، بۆ نمونە عەمار حەکیم و عەبادی، ترسیان هەیە ئەگەر ئەمریکا بچێتە دەرەوە شیعەکانی نزیک ئێران بە تەواوی کۆنتڕۆڵی عێراق دەکەن.

 

خەڵك: چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە عێراق لە بەرژەوەندی کورد و سونەکانە؟

یاسین تەها: بۆ سوونەکان چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە عێراق بژاردەیەکی خراپە، چونکە پێیان وایە هەژمووی شیعی لە عێراق زیاتر زەقدەبێتەوە، بۆ کورد بژاردەکەی خاپە، لەبەرئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا ئەو هەرێمەی هەیە، بنکەی ئەمریکی پاراستوویەتی، بنکەی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستانە، ڕووبەڕووبونەوەی داعش و کۆمەککردن و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە ئەمریکییەکانن.

 

خەڵك: ئەمریکا ئامادەیە لە عێراق بچێتە دەرەوە؟

یاسین تەها: تا پێش شەڕی غەززە، شیعەکان بە هەموو جۆرێک فشاریان کرد بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان بکەنە دەرەوە، کە ئەمە قورسە، بەڵام ئێستا دوای شەڕی غەززە دۆخەکە ئاڵۆزتر و قورستربووە، چونکە پێشتر ئەمریکا دەکشایەوە، ئێستا بە هێزێکی زیاترەوە گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە زەحمەتە بچێتە دەرەوە.

 

خەڵك: ئەمریکا ڕێگەدەدات پریشکی ئاگری شەڕی غەززە بگاتە عێراق؟

یاسین تەها: تا ئەم دەقەیە ئاماژەکان ئەوەن کە ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن سنووری شەڕەکە لە غەززە نەچێتە دەرەوە، دانیشتیان بە خۆیاندا گرتووە  وەڵامی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق نەدرێتەوە، لە هەموو هێرشەی چەکدارەکان تەنها دوو جار وەڵامیان داونەتەوە، ئیدارەی بایدن بە تایبەت کە لە دواساڵی حوکمڕانییەتی و دیموکراتەکان لایەنگری شەڕ نین، بۆیە بەهەموو جۆرێک هەوڵدەدەن شەڕەکە لە سنووری غەززە نەچێتە دەرەوە و پەلنەکێشێت بۆ عێراق، بەشێکی شیعەکان و حکومەتیش نایانەوێت شەڕەکە درێژەی هەبێت.

خەڵک زانیاری لەبارەی نێوەندگیری یۆنامی بۆ مووچەی هەرێم بڵاودەکاتەوە
پێشت خەڵک زانیاری لەبارەی نێوەندگیری یۆنامی بۆ مووچەی هەرێم بڵاودەکاتەوە
حکومەتی هەرێم ڕۆژێكی کرد بە پشوو
دواتر حکومەتی هەرێم ڕۆژێكی کرد بە پشوو
ەیوەندیدار