بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی بڕیار و ڕێنماییەكانی حكومەتی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە



دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە بڕیارێكی نوێیدا سەرجەم بڕیار و ڕێنماییەكانی حكومەتی عێراقی “لەماوەی كاربەڕێكەریدا بە نایاسایی” دادەنێت و ڕاوێژكارێكی یاسایی دەڵێت: “حكومەتی هەرێم بووە بە كاربەڕێكەر و هەر پەیڕەو و ڕێنماییەك دەربكات دروست نییە”.

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێنماییەكی ساڵی 2022ی حكومەتی عێراق، كە لەلایەن مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەو كاتەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە.

بەپێی بڕگەی یەكەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە ژمارە (235/اتحادیە/2023 لە 19/11/2023) كە تیایدا بڕیاری داوە بە نادروستی رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2022 دەرچوو لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، كە لەرۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوكراوەتەوە، ئەمەش بەو هۆكارەی ڕێنماییەكە لە حكومەتی كاربەرێكەرەوە دەرچووە.

عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژكاری یاسایی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند، لەسەر ئەم بنەمایە حكومەتی كاربەرێكەر دەسەڵاتی نییە ڕێنمایی و پێرەو دەربكات، لەبەرئەوەی ئەمانە سیفەتی یاسای لاوەكی (تشریع فرعی)یان هەیە.

ڕاشیگەیاند، “بۆیە بەبڕوای ئێمە لەپاش كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمانی كوردستان لە 6/11/2022 هەر پێڕەو و ڕێنماییەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووبێت یان دەربچێت دروست نییە، لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم حكومەتی كاربەرێكەرە”.

لەمساڵدا دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە بڕیارێك ئەو بڕیارەی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، كە تیایدا تەمەنی خۆی درێژكردبووەوە، بەو هۆیەشەوە لە 6-11-2022ەوە پەرلەمان ماوەكەی بە كۆتایی هاتوو هەژمار كرا و بەو پێیەش لەدوای ئەو بەروارەوە حكومەتی هەرێمیش بە “حكومەتی كاربەڕێكەر” دادەنرێت.

حاكم ئەحمەد: گه‌نده‌ڵی ئابووری وڵات به‌ره‌و داڕمان ده‌بات
پێشت حاكم ئەحمەد: گه‌نده‌ڵی ئابووری وڵات به‌ره‌و داڕمان ده‌بات
دابەشكردنی دەرماڵەی دوو مانگی خوێندكاران دەستپێدەكات
دواتر دابەشكردنی دەرماڵەی دوو مانگی خوێندكاران دەستپێدەكات
ەیوەندیدار