مامۆستایان دوابڕیار بۆ خۆپیشاندان و بایكۆت ڕادەگەیەنن



دوای نزیكەی مانگێك لە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لە سنووری (سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و كۆیە و گەرمیان) بەهۆی پێنەدانی مووچەوە، مامۆستایان جەخت لە بەردەوامی بایكۆت دەكەنەوە و ڕۆژانی یەك شەممە وەك ڕۆژی خۆپیشاندان دیاری دەكەن.

بەپێی بەیاننامەی مامۆستایانی ناڕازی، كە بەردەوام جەختی لێ‌ دەكەنەوە، مەرجی شكاندنی بایكۆت بریتییە لە: پێدانی دوو مووچە و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان.

كاروخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم ڕایگەیاندووە، یەک شەممە 12ی11 کاتژمێر10 خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستایانە بۆ بەردەوامیدانی بایکۆت.

دەشڵێت: “مەرجی کردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان دامەزراندنی وانەبێژان و پلەبەرزکردنەوەیە”.

لای خۆشیانەوە، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی یەك شەممە لە كاتژمێر 9:30 خوولەكی بەیانی لەبەردەم ئامادەیی قەڵادزێ كۆدەبینەوە بە ڕێورەسمێكی هێمنانە و مامۆستایەنە دێینە بەردەم پاركە تازەكەی ناوشار.

ڕاشیگەیاندووە، داواكارین هەموولایەك پشتیوانی داواكارییەكانی مۆستایان بن ئەگەر ناتانەوێ منداڵەكانتان نەخوێندەواربن و ناتانەوێ زوڵم و ستەمی ئەو دەسەڵاتە بەردەوابێت”.

جەختیشی كردۆتەوە، “با یەك شەممە 12ـــ11ـــ2023 هەموومان لەگەڵ خواستی مامۆستایان و فەرمانبەران بین لەسەر شەقام بەیەك دەنگ بڵێین نانا بۆ ئەو زوڵم و ستەمەی لە مووچەخۆر و فەرمانبەران دەكرێت و بایكــــــــــــۆت بەردەوامە تا بەدەستهێنانی ئامانجە بنەڕەتییەكانمان”.

هاوكات، مامۆستا عادل حەسەن، ئەندامی دەستەی مامۆستا و فەرمانبەران ناڕازی لە سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “هاوڵاتیان، دەسەڵاتدارانیان بۆ چارەسەری گرفتەکان دەوێ، جا ئەگەر بەڕێوەبردنی وڵات هیچ گرفتێکی تیا نەبێ بە منداڵێکیش دەکرێ . کاتێک دەڵێن خەتای بەغدادە بۆچی ڕێگری دەکەن لەوەی بەغداد ڕاستەوخۆ مووچەکانمان پێبدات و هەوڵەکانی مامۆستایان لە بەغداد بەخیانەت وێنا دەکەن؟”.

دەشڵێت: “ئێمە درێژه بەبایکۆت دەدەین بۆ ئەوەی جارێکی تر بایکۆت نەکەینەوە”.

بڕیارێكی عێراق دژ بە پیتە كوردییەكان هەڵوەشێنرایەوە
پێشت بڕیارێكی عێراق دژ بە پیتە كوردییەكان هەڵوەشێنرایەوە
ئەمریكا بۆردومانی هێزەكانی لە عێراق و هەرێم ئاشكرادەكات
دواتر ئەمریكا بۆردومانی هێزەكانی لە عێراق و هەرێم ئاشكرادەكات
ەیوەندیدار