ئەمجارەش دابەشكردنی مووچە دوادەكەوێت



تا ئێستا پارەكەی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە نەكراوە و حكومەتی هەرێمیش سەرەڕای بوونی داهاتی ناوخۆی چەند مانگێك، خۆی لە پێدانی مووچە بێبەری دەكات و دەیخاتە ئەستۆی بەغدا، بەو هۆیەشەوە جارێكی تریش دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوادەكەوێت.

ئەمڕۆ 25ی 10 ماوەی مانگێك بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی 7 تێپەڕ دەبێت، كە مانگی ڕابردوو لە 25ی مانگدا دابەشكرا و هاوكات هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی (8 و 9 و 10) دیار نییە و ساڵیش تەنها دوو مانگی ماوە، لەكاتێكدا بەپێی وتەی ڕێباز حەملان، یاردەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم “دەبوو دوێنێ‌ و ئەمڕۆ پارەكەی بەغدا بگات” بەڵام هەر نەگەیشت.

لای خۆشیەوە، کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە عێراق ڕایگەیاندووە، “عێراق گرفتی سویلەی هەیە بۆیە ناردنی 700 ملیارەکە دوادەکەوێت و هەروەها تائێستا دیارنیە دوای ناردنی سێ 700 ملیارەکە بەغدا پارەی تر دەنێرێت یاخود نا”.

سەبارەت بە ناردنی ڕاستەوخۆی مووچە لە بەغداوە وتی، “عێراق نایەوێت لە ڕێگەی بانکە ئەهلییەکانەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبکرێت و هەمواری یاسای بودجە کاتی زۆری دەوێت”.

بەهۆی نەهاتنی پارەكەی بەغدا و دیسان دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە، جارێكی دیكە توڕەیی و ناڕەزایی لەناو فەرمانبەران و مامۆستایان دروست بۆتەوە و هۆشداری سەرهەڵدانەوەی بایكۆت لە فەرمانگەكان دەدرێت لەپاڵ بایكۆتی مامۆستایان، بەڵام مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ لە وتاری كردنەوەی خوێندنگەیەكی ئەهلی لە هەولێر وتی، “مووچەی مامۆستایان نافەوتێت و قەرەبوو دەكرێتەوە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا خۆی لە بەرپرسیارێتی دابەشكردنی مووچە لاداوە و دەڵێت: “ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لە دوای وردبینی پشتڕاستکراونەتەوە و ئیتر ئەرکی حكومەتی فیدراڵە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت، کە شایستەی قانونیی مووچەخۆرانە”.

 

چوار کەس بەڕووداوی هاتووچۆ بریندار دەبن
پێشت چوار کەس بەڕووداوی هاتووچۆ بریندار دەبن
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هیچ بڕیارێکی بۆ دابەشکردنی مووچە نەدا
دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هیچ بڕیارێکی بۆ دابەشکردنی مووچە نەدا
ەیوەندیدار