مەسرور بارزانی هەڵوێستی خۆی لەسەر بایکۆتی مامۆستایان ڕاگەیاند



مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرس نییە لە دواکەوتن و بڕینی مووچە و پاڵپشتی هەڵوێستی ئەو مامۆستایانەش دەکات کە داوای مافەکانیان دەکەن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەش کە مافی هیچ مامۆستایەك نافەوتێ، وتیشی: “داوا لە مامۆستا بەڕێزەکان دەکەم بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی قوتابخانەی ماجیدی لە هەولێر باسی لە کێشەی مووچە و گرفتی دەستپێنەکردنەوەی دەوامی کرد لە هەندێك ناوچەی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، پاڵپشتی ئەو مامۆستایانە دەکات کە داوای مافەکانیان دەکەن و “دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگیان، بەڵام دەبێت ڕووی ڕەخنەکانمان لەو لایە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچە و دواکەوتنی مووچەکانیان، حکومەتی هەرێم هۆکار نییە”.

وتیشی: “حکومەتی هەرێم زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات، بەردەوامیش دەبێت بۆ ئەوەی پێکەوە داوای ئەو مافەی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەین”.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، بەداخەوە لەوانەیە هەندێك لایەن سواری شەپۆلی ناڕەزاییەکە بووبن و یاری بە هەستی مامۆستایان بکەن و هانیان بدەن بۆ ئەوەی بایکۆت بکەن و بەوەش تۆڵەی ئەوانەی مووچەکانیان بڕیون لە قوتابییەکان بکەنەوە.

ڕوونیشیکردەوە، پێویستە خۆڕاگریی و کۆڵنەدان یەکەم وانە بێت قوتابی لە مامۆستاوە فێربێت.

داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد لەگەڵ حکومەت داوای مافی مامۆستایان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن لەو شوێنانەی مافەکانیان پێشێل کردووەن. وەك ئاماژەیەك بۆ بەغدا.

مەسرور بارزانی وتیشی: “دڵنیاتان دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادەین هیچ مافێکی هیچ ماۆستایەك بفەوتێ و هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە و هیوادارم مامۆستا بەڕێزەکان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان”.

هاوکات ستایشی وەزیری پەروەردەشی کرد و بە نمونەی وەزیری سەرکوتوو وەسفیکرد.

پێشت واشنتۆن وردەکاریی بە ئامانجگرتنی هێزەکانیی لە عێراق و سوریا ئاشکرا کرد
پنتاگۆن: لە حەوت ڕۆژدا ١٣ جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سوریا
دواتر پنتاگۆن: لە حەوت ڕۆژدا ١٣ جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سوریا
ەیوەندیدار