حكومەتی عێراق ڕێكاری ناردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەستپێدەكات



لە سبەینێوە وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە پارەداركردن “تمویل”ی وەزارەتەكان دەكات بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 و هاوكات دەست بە ڕێكارەكانی ناردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی عێراق، سبەینێ‌ یەك شەممە 15ی تشرینی یەكەمی 2023، دەست بە پارەداركردنی وەزارەت و دەستە و دامەزراوەكان دەكرێت بە مەبەستی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق.

بەپێی زانیارییەكان، هەر سبەینێ‌ وەزارەتی دارایی عێراق دەست دەكات بە ڕێكارەكانی ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كە دووەمین گوژمەی ئەو پارەیەیە، كە مانگی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێ‌ دابوو.

سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەو 700 ملیار دینارەی عێراق دەینێرێت لەسەر پشكی بودجەی مانگی 10یە، بەڵام هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی 8ی پێ‌ دابەش دەكات.

وتیشی، “بەدواداچوونیان بەردەوامە بۆ پرسی ناردنی ڕاستەوخۆی مووچە لە بەغداوە و پڕۆژەیەكیان بە واژۆی بەشێك لە پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان پێشكەش كردووە و چاوەڕێن بخرێتە بەرنامەی كار و حكومەتی عێراقیش بۆچوونی خۆی لەسەر دەرببڕێت”.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.

بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پشكی بودجەی مانگەكانی (9 و 10 و 11) بڕی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت، كە بۆ هەر مانگێكیان 700 ملیار دینارە و مانگی پێشوو لەگەڵ هاتنی مووچەی مانگی 7ی پێ‌ دابەش كرا و بۆ ئەم مانگەش مووچەی مانگی 8ی پێ‌ دابەش دەكرێت و مانگی داهاتووش دەدرێت بە مووچەی مانگی 9، بەڵام هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 نادیارە.

تەندروستی فەلەستین داوای بەهاناوەچوون لە جیهان دەكات
پێشت تەندروستی فەلەستین داوای بەهاناوەچوون لە جیهان دەكات
كوژرانی 16 هاووڵاتی ڕوسی لە شەڕی فەلەستین و ئیسڕائیل ڕاگەیەنرا
دواتر كوژرانی 16 هاووڵاتی ڕوسی لە شەڕی فەلەستین و ئیسڕائیل ڕاگەیەنرا
ەیوەندیدار