بافڵ تاڵەبانی: قووتی خەڵك هێڵی سوورە بۆ ئێمە و هەرگیز دەستبەرداری نابین



كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسی حزبەكە كۆتایی هات و سەرۆكی یەكێتی دەڵێت: ” سەركردایەتیی نوێ و هەموو هەڤاڵانی یەكێتیی لەم ماوە نزیكەدا دوو تاقیكردنەوەی گرنگیان لە ئەستۆیە، كە ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە”.

بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی “جەختی لە دوو پرەنسیپی گرنگ لە سیاسەتی یەكێتی كردەوە، كە بریتین لە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەولەویەتی ئەو پرۆسەیە تایبەت بە مووچە، ژیان و گوزەرانیان، دوومیش پرەنسیپی ستراتیجی، كە بریتییە لە ماف و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستورییەكانی گەلەكەمان لە عیراق”.

پەیامی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی
لە رۆژانی ٨-٩ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ بەسەرپەرشتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەنجوومەنی نوێی سەركردایەتی كۆبوونەوەكانی خولی نوێی دوای كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی لە سلێمانی سازكرد.
‎كۆبوونەوەكان بە خوولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و بزوتنەوەی دیموكراتی لە عێراق دەستیپێكرد، بەتایبەت گیانی پاكی سەرۆك مام جەلال كە شەش ساڵ لەمەوبەر ماڵئاوایی یەكجارەكی كرد و كوردستان، عیراق و یەكێتیشی وەك ئەمانەت بە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی سپارد.

سەرۆكی یەكێتی لە كۆبوونەوەكان جەختی لە دوو پرەنسیپی گرنگ لە سیاسەتی یەكێتی كردەوە كە بریتین لە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەولەویەتی ئەو پرۆسەیە تایبەت بە موچە، ژیان و گوزەرانیان، دوومیش پرەنسیپی ستراتیجی كە بریتییە لە ماف و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستورییەكانی گەلەكەمان لە عیراق. وتیشی، هەردوو ئەم داخوازییە بەگرتنەبەری سیاسەتێكی كوردستانی و عیراقیانەی راست و دروست دەبێت كە لە كوردستان یەكڕیزیی راستەقینە، چاكسازیی جەوهەری و راستكردنەوەی رێرەوی حوكمڕانی پێویستە و لە بەغداش بەهاوپەیمانی، هاوبەشی، هاوسەنگی و كردنی پایتەخت بە چەقی سترایجیی خەباتی سیاسی و دیموكراتی و دەستووریمان دێتەدی. بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەی سەركردایەتی تەئكیدی لەسەر پتەوكردنی پەیوەندی كوردستانی و عیراقی لەگەڵ هێز و لایەنەكان بۆ راییكردنی ئەركە نیشتمانییە هاوبەشەكان كردەوە.
‎سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش كرد، سەركردایەتیی نوێ و هەموو هەڤاڵانی یەكێتیی لەم ماوە نزیكەدا دوو تاقیكردنەوەی گرنگیان لە ئەستۆیە كە ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لە سایەی ئالیەتێكی گونجاو و لەباری دیموكراتیدا. وتیشی، ناشبێت هەردوو ئەركەكە ئەوەشمان لەبیر بباتەوە كە هەمیشە داكۆكی لە شایستەداراییەكانی خەڵكی خۆشەویستی خۆمان بكەین كە پێویستە تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكرێن، چ لە نێوان هەرێم و بەغدا و چ لە ناوخۆی كوردستاندا چونكە قووتی خەڵك هێڵی سوورە بۆ ئێمە و هەرگیز دەستبەرداری نابین.
‎كۆبوونەوەكانی دوو رۆژی سەركردایەتی بە چڕوپڕی گفتوگۆی لەسەر پەیكەربەندیی نوێی كارە رێكخراوەییەكانی یەكێتیی كرد و لەمبارەیەوە مەكتەبی سیاسیی نوێی هەڵبژارد، ئەركی مەكتەب و ئۆرگانەكانیشی بە گوێرەی پەیڕەوی نوێ دیاریكرد.
‎لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا بەڵگەكانی پەسەندكراوی كۆنگرە لە پەیڕەوی ناوخۆ، پرۆگرام و راپۆرتی سیاسیی چاپ و بڵاوبكرێنەوە و بخرێنە بەردەم ئۆرگانەكان و رای گشتی.
‎كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە گیانی پتەوی هەڤاڵان و ویستی ئاشتكردنەوەی سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتی لە ئاستە جیاجیاكانی خەباتدا كۆتاییپێهات و سەرۆك بافڵ رووی لە هەموو تێكۆشەرانی یەكێتی كرد، بە جۆش و خرۆشی یەكێتییانەوە وەك هەمیشە شان بدەنەبەر راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانی و حزبییە تازەكانی خەبات لەخزمەت خەڵكی كوردستان كە سەرچاوەی هێز و وزەی یەكێتین.

لە سلێمانی 25 كەس لەسەر بەزاندنی سنوور دەستگیركران
پێشت لە سلێمانی 25 كەس لەسەر بەزاندنی سنوور دەستگیركران
دابەشكردنی نەوت لەناو سلێمانی دەستپێدەكات
دواتر دابەشكردنی نەوت لەناو سلێمانی دەستپێدەكات
ەیوەندیدار