نرخی نان و سەموون دادەبەزێت



ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی دابینکردنی ئارد بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆی، نرخی نان و سەموون بۆ هاووڵاتیان دادەبەزێت.

سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند: “کۆمپانیایەکی ناوخۆی دابەشکردنی ئاردی بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان دەستپێکردووە، کە فەردەیەک ئاردیان بە ٢٨ هەزار دینار پێدەدات.”

سۆران عەبدولغەفوور ئاماژەی بەوەشکرد، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەگشتی و سلێمانی بەتایبەت، ئاردی هاوردەکراوی تورکیا، رووسیا،  ئێران و ئاردی بەشەخۆراکی مانگانە هەیە، گرانترینیان ئاردی تورکییە و فەردەی بە ٣٦ هەزار دینارە، هاوکات پاش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەهۆی هاوردەکردنی ئاردەوە نرخی نان و سەموون زیادیکرد، ئێستا لە ڕێگەی دابەشکردنی ئارد لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە هەوڵ بۆ دابەزاندنی نرخی نان و سەموون دەدرێت.

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی باسی لەوەکرد، ” ئەو ئاردە لە ناوخۆ بەرهەمدەهێندرێت و کۆمپانیاکە لە ڕێگەی دابەشکارەکانییەوە دەیداتە نانەواخانە و سەمونخانەکان، گەنمەکەی لە دەرەوەی وڵات دەکڕدرێت و لە سایلۆکانی ناوخۆدا ئاردی لێ بەرهەمدەهێندرێت کواڵێتییەکەی لە تورکییەکە باشترە و فەردەیەکی بە هەشت هەزار دینار کەمترە”.

سۆران عەبدولغەفوور بۆ (خەڵک) جەختی لەوەکردەوە، دەست بە دابەشکردنی ئاردەکە کراوە بەسەر تەواوی نانەواخانە و سەمونخانەکاندا و لە ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەدا چاودێریی بازاڕ دەکرێت بۆ دابەزینی نرخی نان و سەموون.

ئاری تورکی فەردەی بە ٣٦ هەزار دینارە، هەروەها ئاردی رووسی فەردەی بە ٣٢ هەزار و ئاردی بەشەخۆراکی مانگانەش فەردەی بە ١٨ هەزار دینارە.

ئێستا لە نانەواخانەکاندا نرخی ٦ نان بە هەزار دینارە بە گونکی ١٣٠ بۆ ١٣٥ گرامی، هەروەها نرخی ٨ نان بە گونگی ٩٠ بۆ ١٠٠ گرامی بە هەزار دینارە، دوای دابەشکردنی ئارد لەلایەن ئەو کۆمپانیا ناوخۆییەوە نرخی نان لەوەی ئێستای زیاتر دادەبەزێت.

پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
پێشت پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
سودانی “کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرکران”
دواتر سودانی “کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرکران”
ەیوەندیدار