پشكی هەرێم و عێراق لە بودجەی ساڵی 2023 ی بەرگری ئەمریكا دیاریكرا



 

پشكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بودجەی ساڵی 2023ـی بەرگریی ئەمریكادا 322 ملیۆن دۆلارە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی بۆ ساڵی 2023 پەسند دەكات، كە 858 ملیار دۆلارە و پشكی هەرێمی كوردستان و عێراقیش كە 322 ملیۆن دۆلارە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە بڕی 23 ملیۆن دۆلار كەمیكردووە.

رۆژی پێنجشەممە 8ـی كانوونی یەكەمی 2022، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی بەرگریی ئەمریكا لەلایەن دیموكرات و كۆمارییەكانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پەسندكرا. پڕۆژەیاساكە 45 ملیار دۆلار دەخاتە سەر بودجەی بەرگریی ئەمریكا و 4.6٪ـی مووچەی سەربازان زیاددەكات. ئەوەش لەسەر داوای جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا زیادكراوە.

پڕۆژەیاساكە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە كۆی 435 ئەندامی كۆماری و دیموكراتەكان، دەنگی 350 ئەندامی بەدەستهێنا و پەسندكرا. بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و كاری پێبكرێت، دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانیشەوە دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر لەلایەن بایدنەوە واژۆی لەسەر بكرێت.

بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە، 487 هەزار دۆلار بۆ چالاكییەكانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تەرخانكراوە كە بڕی 322 ملیۆن و 204 هەزار دۆلار لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ ‌هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەخۆ دەگرێت. هاوكات، بڕی 165 ملیۆن و 309 هەزار دۆلاریش بۆ هێزەكانی هەسەدە و هاوبەشەكانی دیكەی ئەمریكا لە سووریا تەرخانكراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی سەربازیی ئەمریكا بۆ ساڵی 2022، 345 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق و 177 ملیۆن دۆلاریش بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات و هاوبەشەكانی دیكەی ئەمریكا لە سووریای تەرخان كراوە. لەنێویدا، بڕی 240 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی مووچەی پێشمەرگە تەرخانكراوە.

لە پڕۆژەیاساكەدا باس لە “هەڵسەنگاندنی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ئاسمانی و مووشەكی” كراوە.

بەگوێرەی بڕگەی 1237 لە پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی ئەمریكا، تاوەكو 1ـی نیسانی 2023 دەبێت وەزیری بەرگری راپۆرتێك دەربارەی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بۆ بەرپەچدانەوەی هەڕەشەی ئاسمانی و مووشەكی پێشكێشی لیژنەكانی بەرگری لە كۆنگرێس بكات.

پێكهاتەی پێشبینیكراوی بەڕازیل بۆ یاريیەكەی ئەمڕۆ
پێشت پێكهاتەی پێشبینیكراوی بەڕازیل بۆ یاريیەكەی ئەمڕۆ
چەند كەسایەتییەك وەك سیمبولی دژە گەندەڵی دەستنیشانكران
دواتر چەند كەسایەتییەك وەك سیمبولی دژە گەندەڵی دەستنیشانكران
ەیوەندیدار