نوێترین لێدوانی ئێران دەربارەی پارتەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان



ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئەو وادەیەی بۆ چەکداماڵینی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانراوە، درێژ ناکرێتەوە و ئاماژەش دەدات بەوەی سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ تاران پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی پرسی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم ڕایگەیاند، بە پێی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ عێراق، ڕۆژی 19ی ئەم مانگە دوایین وادەی چەکداماڵینی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە هەرێمی کوردستان و “وادەکە درێژ ناکرێتەوە”.

ڕوونیشیکردەوە کە ئەو بابەتەیان بە ڕوونی بە بەرپرسانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

کەنعانی وتیشی: “بە خۆشحاڵییەوە، حکومەتی عێراق ڕێکاری نوێی گرتووەتەبەر و جەختیشی لەسەر پابەندبوون بە بەڵێنەکانی کردووەتەوە، بەمدواییەش (محەمەد شیاع سودانی) سەرۆك وەزیران لێدوانی باشی دا”.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەك ئاماژەیەك بۆ سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ تاران ڕایگەیاند، “سەردانی یەکێك لە بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان (بۆ تاران) لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەرێنی لەگەڵ هەرێمدا دێت و پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە”.

لێدوانەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە دوو ڕۆژە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تارانە و دوێنی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران و ئەمڕۆش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ محەمەد قادر قالیباف سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێراندا “پەرەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێم و بەتایبەت یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لێکرایەوە و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی ئاسایش و هەماهەنگیی کەلتووری گفتوگۆی لەبارەوەکرا”.

ئەوەشی خستەڕوو کە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکاندا بەردەوامە، هیوادارم هەموومان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاوبنێین و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کاری لەپێشینەمان بێت.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و پەیوەندییەکانی حزبەکە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ سەرۆک یەکێتی وتی، یەکێتی بە ئیرادەیەکی بەهێز و سەربەخۆوە درێژە بە هەمان سیاسەتی هاوسەنگ و حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات و دەمانەوێت خزمەتی گەلی خۆمان بکەین. بڕواشمان وایە دەتوانین لەگەڵ دۆستەکانمان هەماهەنگیی تەواومان هەبێت و پێکەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاوبنێین، پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ شیعە و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

شاندێکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا
پێشت شاندێکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا
کرێکارێک لە حەوزێکی ماسیدا خنکا
دواتر کرێکارێک لە حەوزێکی ماسیدا خنکا
ەیوەندیدار